ڕۆژانە ژمارەی گیان لەدەستدان لە غەززە لە بەرزبوونەوەدایە

ژمارەی زیانلێکەوتووان لە شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەززە بۆ ٣٤ هەزار و ٦٨٣ کەس بەرزبووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دانوستانەکان بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە دوێنێ لە قاهیرە دەستیپێکردەوە، بەرپرسێکی ئیسرائیلی پێیوابوو کە حەماس بە پێداگری لەسەر داواکاری وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست بەدەست دەهێنێ.

 

ماوەی چەند مانگێکە هەوڵەکانی نێوەندگیری بە سەرۆکایەتی میسر، قەتەر و ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵێک بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی زیندانیانی ئیسرائیل لە بەرامبەر ئازادکردنی زیندانیانی فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل.

 

نزیکەی ١٢٩ زیندانی ئیسرائیلی هێشتا لە غەززەدان، لە کۆی نزیکەی ٢٥٠ زیندانی کە لە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرکرابوون، لە کاتێکدا ٣٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

لە زنجیرەیەک هەڵمەتی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، سێ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا، هەروەها لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا چوار فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

 

لە شاری غەززە، تیمەکانی بەرگری شارستانی تەرمی پێنج کەسی دیکەیان دۆزییەوە، کە دوو ژن و سێ منداڵ بوون هەروەها ژمارەیەک برینداریشیان دۆزییەوە.

 

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، لە ٧ی تشرینی یەکەم ژمارەی زیان لێکەوتووانەکان بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ ٣٤ هەزار و ٦٨٣ کوژراو و ٧٨ هەزار و ٠١٨ بریندار بەرزبووەتەوە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٣ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان لە غەززە ئەنجامداوە، کە ٢٩ کە گیانیان لەدەستداوە و ١١٠ بریندار لە نەخۆشخانەکاندا بوون، لەکاتێکدا ژمارەیەک قوربانی هێشتا لە ژێر داروپەردوو و لەسەر ڕێگاکانن.