ڕێپێوانی "ڕێزگرتن لە ئیرادە" بە بەردەوامی گەشە دەکات

دەم پارتی کە لە زۆرێک لە شارەکانەوە ڕێپێوانی "ڕێزگرتن لە ئیرادە"یان دەستپێکردووە، ئەمڕۆ لە شاری وان کۆدەبنەوە، هاوسەرۆکانی شارەوانی کە بەشداری ڕێپێوانەکەیان کرد، ڕایانگەیاند دوورخستنەوەی هاوسەرۆکی شارەوانی بێبایەخکردنی ئیرادەی خەڵکە و ئێمە بەردەوام دەبین

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئیلح- دوای ئەوەی لە ٣ی حوزەیران لەلایەن قەیومەوە دەست بەسەر شارەوانی جولەمێرگدا گیرا، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەل-دەم پارتی، لە ٣٠ی حوزەیراندا لە ئیستەنبوڵەوە دەستی بە ڕێپێوانی "ڕێزگرتن لە ئیرادە" کرد و بڕیارە ڕێپێوانەکە ئەمڕۆ بگاتە شاری وان.

 

دوای کۆبوونەوەی بەشداربووان لە وان، ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە و بۆ ٦ ڕۆژی داهاتوو ڕێپێوانەکە بەرەو جولەمێرگ بەردەوام بێت.

 

ئەو چالاکوانانەی کە لە ٢ی تەموز لە ئیلح کۆبوونەتەوە و بەرەو وان بەڕێکەوتن، پەیامی "لە بەرامبەر دەستدرێژی بێدەنگ نابین"یان دا.

 

"بەم سیاسەتانە بە ئامانجەکانیان ناگەن"

بیرسەن ئۆرهان، هاوسەرۆکی شارەوانی دەرسیم، ئاماژەی بە سەرکەوتنی گەل لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئادار کرد، کە ئاکەپە لە بەرامبەر گەل شکستی هێنا و وتی: ئاکەپە دەستی کرد بە دانانی قەیوم چونکە شکستی هێنا، بە خراپ بەکارهێنانی ئیرادەی خەڵک، قەیومە ستەمکارەکەیان بۆ شارەوانی جولەمێرگ دانا، ئێمە لە دەرسیمەوە بەشداری ڕێپێوانەکەمان کرد، دواتر لەگەڵ هەزاران کەسدا دەچینە جولەمێرگ، ئامانجمان لەم ڕێپێوانە وەڵامدانەوەی حکومەتی ئاکەپە-مەهەپەیە کە هەمیشە دژی ئیرادەی گەلی کورد بوون، ئێمە ڕایدەگەیەنین کە ئەوان بە سیاسەتی دوژمنایەتی بەرامبەر کورد ناتوانن بگەنە لوتکە و ئێمە ئیرادەی خۆمان ناشکێنین بۆیان، ڕێگە بەم کارە نادەین و ئێمە هەمیشە لێرەین و ئیرادەمان هەیە.

 

"بە دروشمی تێکۆشان ڕێپێوان دەکەین"

بیرسەن ئۆرهان، لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان هەرگیز دەستبەرداری ئیرادە و تێکۆشانی خۆیان نابن، لە بەرامبەر کارەکانی قەیومەکان بێدەنگ نابن، وتیشی: ئاکەپە لە بەرخۆدانی واندا شکستی هێنا، بە دانانی قەیوم دەیەوێت گەل بترسێنێت، هەوڵ دەدات بە وێرانکردن و پشتگوێخستنی گەلی کورد درێژە بە بوونی خۆی بدات، ئێمە دژی ئەم سیاسەتانە دەوەستینەوە، شارەوانیەکان هی گەلن، ئێمە ڕێگە بە زەوتکردن نادەین و بەم دروشمە بەرەو جولەمێرگ ڕێپێوان دەکەین، دوای ساڵانی ٢٠١٦ و پاشان ٢٠١٩ حکومەت کە دووجار ئیرادەی گەلی لەناوبرد، بینی گەلی کورد دەستبەرداری ئیرادەی خۆی نەبووە، ئەم ڕێپێوانەش نیشانەی ئەم ئیرادەیەیە، ئێمە ئیرادەی گەلین و هەموو شتێک دەکەین بۆ پاراستنی ئەم ئیرادەیە.

 

"ئێمە بۆ ویستی خۆمان ڕێپێوان دەکەین"

سونگول دوزگون، هاوسەرۆکی شارەوانی دەپ، ڕایگەیاند کە ئیرادەی گەل لەگەڵ سیاسەتەکانی دەسەڵاتدا نایەتەوە و وتی: ئێمە وەک هاوسەرۆکانی شارەوانی ئیرادەی ئەم گەلەین، ئێمە بە ئیرادەی ئەم گەلە هاتووین بۆ ئێرە، لە ناوەڕاستی چالاکییەکان داین دژی ئەو عەقڵیەتەی کە وا دەزانێت ئیرادەی گەل بوونی نییە، تا شارەوانی جولەمێرگ وەرنەگرینەوە چالاکییەکانمان ڕاناگرین، گۆشەگیرییەکی بەرفراوان لەسەر گەلی کورد هەیە، دانانی قەیوم تەنها پەیوەندی بە شارەوانییەکەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە ئیرادەیەکەوە هەیە، هەر بۆیە بەردەوام دەبین لە تێکۆشان و لە گۆڕەپانەکەدا دەبین.