زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی خوێ کێشەی تەندروستی زیاد دەکات

بەپێی ماڵپەڕی"thehealthsite"، زیادەڕۆیکردن لە بەکارهێنانی خوێدا کاریگەری لاوەکی زۆری لەسەر جەستە دەبێت و چەندین کێشەی تەندروستی لێدەکەوێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

بەشێوەیەکی گشتی جەستە ڕۆژانە پێویستی بە خواردن و هەموو ماددەکان هەیە، بە مەرجێک بەڕێژەی گونجاو بێت و زیادەڕەوی تێدانەکرێت، زیادەڕۆیکردن لە بەکارهێنان و خواردنی خوێدا کاریگەری لاوەکی زۆری لەسەر لاشە هەیە و نەخۆشی بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

 

یەکەم کێشەی تەندروستی کە بەهۆی زیادەڕۆیکردن لە بەکارهێنانی خوێدا ڕوودەدات کۆبوونەوەی ئاوە لەجەستەدا، هەروەها خوێی زۆر زیانی تەندروستی بۆ گەدە و کرداری هەرس دەبێت و هۆکارێکە بۆ ئاوسانی سک.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، زیادەڕۆیکردن لە بەکارهێنانی خوێدا هۆکارێکی سەرەکیە بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان، لەوانەیە ببێتە هۆی وشکبوونەوەی جەستە و هەستکردن بە تینویەتی زۆر.

 

هەروەها مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی گورچیلە و بەردی گورچیلە زیاد دەکات، هەربۆیە ئەو کەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە، پزیشکان ڕێنماییان دەکەن لە خواردن خوێ دوور بکەونەوە.