ماراسۆنێک بە بەشداری ٨٠ کەس لە کۆیە ئەنجامدرا

بە بەشداری ٨٠ کەس، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە لە شاری کۆیە ماراسۆنێک بەڕێوەچوو و سێ کچ و سێ کوڕ بوونە براوەی ماراسۆنەکە.

کۆیە

 

ئەمڕۆ ڕێكخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان-WRO  بۆ بەردەوامیدان بە چالاکییەکانی لە بواری پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەرانەوە، ماراسۆنێکیان لە شاری کۆیە ڕێکخست.

 

ماراسۆنەکە لە جووت سایدی هەیبەت سوڵتان لە دەرگای سەرەکی زانکۆی کۆیە دەستپێکرد، لە فولکەی دادگای کۆیە کۆتایی هات، بەیار جەواد، لە ڕێکخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان بۆ نوژنها وتی: ئێمە وەک ڕێکخراوی پێگەیاندنی ئافرەتان لە درێژەی کار و  چالاکییەکانمان لە بواری پێکەوە ژیانی کۆمەڵایەتی، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی پەنابەران، هەستاین بە سازکردنی ماراسۆنێک بۆ هەر دوو ڕەگەزی نێر و مێ، کە ژمارەیان ٨٠ کەس بوو، لە کۆتاییدا سێ كچ و سێ كوڕ براوەی ماراسۆنەكە بوون، پیرۆزباییان لێ دەکەین و خەڵاتی بردنەوەمان پێشکەشکردن.

 

کۆژوان ئەکرەم، بەشداربوویەكی ماراسۆنەکەیە و وتی: من وەک قوتابییەکی زانکۆ بەشداریم کردووە، ئەزموونێکی خۆشبوو بۆ من، هەرچەندە لە یەکەمەکان نەبووم، بەڵام هەستێکی خۆشم هەیە کە بەشداربووم.

 

جێی ئاماژەیە بە درێژایی ماراسۆنەکە هەریەک لە تەندروستی کۆیە و بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆی کۆیە هاوکار بوون.