فێستیڤاڵی ڤۆچێ ئارکایکا بۆ یادی ناگیهان ئاکارسەل لە ڕۆما بەڕێوەدەچێت

سێیەمین فێستیڤاڵی چاندو هونەری ڤۆچێ ئارکایکا بۆ یادکردنەوەی ناگیهان ئاکارسەل لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت، دوای ئەو چالاکییانەی لە شارە جیاوازەکاندا بەڕێوەچوون، فێستیڤاڵەکە لە ٧ی تشرینی دووەمدا دەستپێدەکات، تێیدا شانۆ، مۆسیقا، دەس و وۆرکشۆپ بەڕێوە دەچن.

ناوەندی هەواڵ

 

فێستیڤاڵی چاند و هونەری ڤۆچێ ئارکایکا "دەنگی کۆن" کە هەموو ساڵێک لە ئیتاڵیا بە پێشەنگایەتیی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بەڕێوە دەچێت، بۆ یادکردنەوەی ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، نووسەر و ڕۆژنامەوان ناگیهان ئاکارسەل کە لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە سلێمانی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداریدا شەهید کرابوو، بەڕێوە دەچێت. فێستیڤاڵەکە لە ٧ی تشرینی دووەمدا لە هۆڵی شانۆی بیبڵیۆتێکا کوارتیکچیۆلۆ لە ڕۆما بەڕێوە دەچێت.

 

لەو نووسینەی کە لەلایەن ئەکادیمیای ژنۆلۆژییەوە بڵاو کرایەوە، دیاری کرا کە فێستیڤاڵەکە بە ئامانجی بەردەوامکردنی کارەکانی ناگیهان ئاکارسەل کە مۆری خۆی لە سەر لێکۆڵینەوە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە ژنۆلۆژی، ڕۆژنامەگەریی ژنان و ژنان داوە و زیندوهێشتنەوەی بیرۆکەکانی بەڕێوە دەچێت. لە نووسینەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە هونەر تەنها شێوازێکی دەربڕین نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا ڕێگەی گواستنەوەی یادەوەری، بەرخۆدان و ئەزموونی تێکۆشانی ژنانە.

 

چوار وێستگەی فێستیڤاڵەکە

لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا کە ئەمساڵ بۆ جاری سێیەم بەڕێوە دەچێت، لە شارەکانی ڕۆما، رێجیۆ کالابریا، تورینۆ و بۆلۆنیا لە ئیتاڵیا و لە هالن لە هۆڵەندا چالاکییەکان بەڕێوە چوون. کتێبی ڤۆچێ ئارکایکا (دەنگی کۆن) کە لە ١٦ وتاری ناگیهان ئاکارسەل پێکهاتووە، ناسێندرا.

 

ئەو ژنانەی کە بە شایی، خوێندنەوە و چالاکیی هونەری لە شارە جیاوازەکاندا کۆبوونەوە، بیرۆکەکانی ناگیهان ئاکارسەل و ژنۆلۆژییان تاوتوێ کرد. کاری نەخشی هاوبەشیش لە سەرانسەری وێستگەکانی فێستیڤاڵەکەدا بە بەشداریی ژنانی جیاواز بەردەوام بوو. لەم دیدارەدا بیرۆکە، هەست، خەون و یادەوەرییەکان هاوبەش کران. پێشبینی دەکرێت کە پۆرترێتی ناگیهان ئاکارسەل لە ٧ی تشرینی دووەمدا لە ڕۆما نیشان بدرێت.

 

شانۆ، مۆسیقا و سەما

بەرنامەی 7ی تشرینی دووەم لە نێوان کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١٣:٠٠دا بە وۆرکشۆپێک کە لە گەڕەکی کوارتیکچیۆلۆ بەڕێوە دەچێت، دەست پێ دەکات. لەو وۆرکشۆپەی کە لەلایەن باربارا کریسیمانۆ لە پالێرمۆ و کۆمەڵەی ترپزی ری دونا بەڕێوە دەچێت، پراکتیکەکانی کۆرۆ، سەما و ڕیتمی باشووری ئیتاڵیا دەخرێنە بەر باس. بەشداریی وۆرکشۆپەکە بۆ ژنان و ناسنامە جیاوازەکان دەبێت.

 

بەرنامەی ئێوارەی فێستیڤاڵەکەش کاتژمێر ٢٠:٣٠ لە سەر سەکۆی هۆڵی بیبڵیۆتێکا کوارتیکچیۆلۆ دەست پێ دەکات. لە بەرنامەکەدا ڕاچێل ئەندریۆلی و کۆرۆ ئە کۆرۆ، دەنیز دەمان، کۆرۆی ژنۆلۆژیی ئەورووپا و کۆنتڕۆچیاڤێ تیاتڕۆ دێنە سەر سەکۆ. لەو ئاهەنگەی کە تێیدا شانۆ، مۆسیقا و سەما پێشکەش دەکرێن، چیرۆکەکانی تێکۆشان و بەرخۆدانی ژنان لە ڕێگەی هونەرەوە دەگێڕدرێنەوە.

 

فێستیڤاڵەکە بێجگە لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، بە هاوکاریی ڕێکخراوەکانی ژنان و تۆڕەکانی هاوکاریی بەڕێوە دەچێت. ئاهەنگەکە لە چوارچێوەی ئەو کارانەدا بەڕێوە دەچن کە ئامانج دەکەن ژنان پێش ٢٥ی تشرینی دووەم ڕۆژی جیهانیی تێکۆشان دژی توندوتیژی لە سەر ژنان لە ڕێگەی چاند و هونەرەوە کۆببنەوە.