فێستیڤاڵی غەززە بۆ سینەمای ژنان ئەکادیمیایەکی سینەمایی بۆ بەڵگەدارکردنی چیڕۆکی ژنان ڕادەگەیەنێت
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی غەززە بۆ سینەمای ژنان، هاوکات لەگەڵ کۆتاییهاتنی دووەمین خولیی، ئەکادیمیای غەززەی بۆ سینەما ڕاگەیاند، بە مەبەستی ڕاهێنانی بەهرەمەندانی فەڵەستینی و پشتیوانیکردنی بەرهەمهێنانی ئەو فیلمەنەی دەرفەت بە ژنان دەدەن چیڕۆکەکانیان بگێڕنەوە.
نەغەم کەراجە
فەڵەستین ـ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی غەززە بۆ سینەمای ژنان، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦، کۆتایی بە چالاکییەکانی دووەمین خولیی هێنا کە بە دروشمی "ژنان لە مردنەوە ژیان دروستدەکەن" بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵەکە فیلمە براوەکانی لە کێبڕکێ نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان و خەڵاتە تایبەتەکانی سناریۆ ڕاگەیاند، لە خولێکدا کە هەوڵیدا ئەزموونی ژنانی فەڵەستین لە کاتی جەنگدا دەربخات و چیڕۆکەکانیان بگوێزێتەوە بۆ کارگەلی سینەمایی کە یادەکە دەپارێزن و مەودایەکیان پێدەبەخشن بۆ ئەوەی خۆیان ئەزموونەکانیان بگێڕنەوە، لەگەڵ پشتیوانیکردنی بەهرەکانی ژنان و گەشەپێدانی بەرهەمهێنانی سینەمایی لەناو کەرتی غەززەدا.
ئەم خولە بەشداریی زیاتر لە ٧٣ فیلمی لە ٢٤ وڵاتەوە بەخۆیەوە بینی، لەکاتێکدا ئەو بەرهەمانەی لەلایەن ژنانی دەرهێنەری غەززەوە ئامادەکرابوون بەرچاو بوون، کە بابەتەکانی ئاوارەیی، برسییەتی، لەدەستدان و کەمئەندامی، ئەوەی ژنان و خێزانە فەڵەستینییەکان لە ساڵانی جەنگدا چەشتوویانە خستبووە ڕوو، هەروەها چالاکییەکان هاوکات بوون لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستپێکردنی ئەکادیمیای غەززە بۆ سینەما، کە ئامانجی ڕاهێنانی بەهرە گەنجەکان و هاوکاریکردنیانە بۆ گەشەپێدانی پڕۆژەکانیان و بەرهەمهێنانی فیلمی نوێ، بە جۆرێک کە لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵ تێپەڕێت بۆ دروستکردنی ئەزموونێکی سینەمایی بەردەوام لە کەرتەکەدا.
ژنان چیڕۆکەکانی جەنگ دەگێڕنەوە

ئیسرا ئەبو جەباب، ڕێکخەری مەیدانیی فێستیڤاڵەکە ڕوونیکردەوە، کە خولەکە بەشدارییەکی بەرفراوانی فیلمەکانی وڵاتانی جیاوازی بەخۆیەوە بینیوە، وتی: ئەو بەرهەمانەی لەلایەن ژنانی غەززەوە دروستکراون گرنگییەکی تایبەتیان وەرگرتووە، چونکە ئەو ئەزموونانەیان گواستووەتەوە کە لە ساڵانی جەنگ و ئاوارەیی و برسییەتیدا ژیاون.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ژنی فەڵەستینی ئیتر تەنها بابەتێک نییە کە کارە سینەماییەکان باس لەوان بکەن، بەڵکو بووەتە خاوەن و دروستکەری چیڕۆکەکە، وتی: ژنی فەڵەستینی ئەوەیە کە خۆی چیڕۆکەکەی دروستدەکات و بە زمانێکی سینەمایی پێشکەشی جیهانی دەکات، دەمانەوێت پشانی بدەین کە ژنان بوونەتە بەشێکی سەرەکی لە تێكۆشانی سینەماییدا، نەک تەنها کەسایەتییەک بن کە لەسەر شاشە دەربکەون.
ئاماژەی بە هەمەرەنگیی ئەو بابەتانەش کرد، کە فیلمەکان باسیان لێوە کردبوو، لەوانە فیلمی "فەردە ئاردەکە"، چیڕۆکی کوڕێک دەگێڕێتەوە کە چووەتە دەرەوە بۆ هێنانی خواردن بۆ خێزانەکەی، بەڵام لە کاتی ئامادەبوونی لە وێستگەیەکی هاوکارییەکاندا کراوەتە ئامانج، لەگەڵ کۆمەڵێک کە دیمەنەکانی ئاوارەیی و برسییەتییان بەڵگەدار کردووە، کۆمەڵێکی تر کە باسیان لە ئەزموونی لەدەستدان و هەوڵەکانی دەستگرتن بە ژیانەوە کردووە.
لە نێوان ئەم بەرهەمانەدا، فیلمی "دندنە"، باسی چیڕۆکی ژنێک دەکات کە هەشت لە منداڵەکانی لەدەستداوە و پێش جەنگ خەریکی گۆرانیوتن بووە، بۆیە بڕیار دەدات بە بەشداریی منداڵەکانی گروپێکی هونەریی گەڕۆک پێکبهێنێت بۆ پێشکەشکردنی نمایش لە کامپەکانی ئاوارەکاندا، کەمکردنەوەی هەستی ترس و دڵەڕاوکێ لە لای منداڵان و خێزانەکان.
لە ڕاهێنانەوە بۆ تێکۆشانی سینەمایی
ئەزموونی ڕاهێنان کە هەشت مانگی خایاند یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەم خولە بوو، بە جۆرێک ٢٥ ڕاهێنراو بەشدارییان لە وۆرکشۆپی پسپۆڕیدا کرد کە باسی لە وێنەگرتن، بەرهەمهێنان، مۆنتاژ، دەرهێنان و سناریۆنووسین دەکرد، تا گەیشتنە ئەنجامدانی فیلمەکانیان و نمایشکردنیان لەبەردم گەلدا.

مەلاک ئەبو عەودە، دەرهێنەر لە کاتی وتارەکەیدا لە فێستیڤاڵەکەدا ڕوونیکردەوە، کە بەشداریکردنی لەم ئەزموونەدا یەکەم هەنگاوی بووە لە بواری سینەمادا، وتی: بڕیاریداوە پرسی کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە ڕێگەی چیڕۆکی ڕۆژنامەنووسێک و خوشکە کەمئەندامەکەیەوە بخاتە ڕوو.
جەختی لەوە کردەوە، کە گواستنەوەی لە کاری ڕۆژنامەنووسییەوە بۆ سینەمایی دەرفەتی پێداوە گوزارشت لە لایەنانێک بکات کە هەواڵی ڕۆژنامەنووسی بوارەکەی تێدا تەنگ دەبێتەوە، وتی: ڕۆژنامەنووسی هەواڵ پێشکەش دەکات بەڵام سینەما کەشێکی بەرفراوانترمان پێدەبەخشێت بۆ قووڵبوونەوە لە وردەکارییە مرۆییەکان، و خستنەڕووی پرسێک کە ناتوانین بە هەمان ئەندازە لە ڕاپۆرتە هەواڵییەکاندا باسیان لێوە بکەین، بۆ من سینەما درێژکراوەی کاری ڕۆژنامەنووسییە، بەڵام ئاسۆی جیاواز بۆ گێڕانەوەی چیڕۆکەکە دەکاتەوە.

لە ئەزموونێکی تردا، هیبە ئەعوری، دەرهێنەر فیلمە بەڵگەنامەیییەکەی بە ناوی "دەنگدانەوە" پێشکەش کرد، باسی چیڕۆکی دایکێکی تووشبوو بە شێرپەنجە دەکات کە تاقە کوڕەکەی لەدەستداوە، بەرپرس بووە لە بژێوی و بەڕێوەبردنی کاروباری ژیانی.
ڕوونیکردەوە، کە بەشداریکردنی لە ئەکادیمیای غەززە بۆ سینەما دەرفەتی پێداوە چیڕۆکێکی مرۆیی پێشکەش بکات کە هیوادارە بگاتە گەلانی جیهان، وتی: پاڵەوانی فیلمەکە، سەرەڕای نەخۆشی و لەدەستدان، دەست بە ژیانەوە دەگرێت و بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕۆژانەی، هەروەها ویستم چیڕۆکی ئەم دایکە پێشکەشی جیهان بکەم، ئەو ژنێکە ڕووبەڕووی نەخۆشی بووەوە و پاشان کوڕەکەی لەدەستدا کە پشتیوانی لە ژیاندا بوو، سەرەڕای هەموو ئەوانەی بەسەریدا هات، هێشتا دەست بە ژیانەوە دەگرێت، ئەوەش ئەوەیە کە ویستم گەلان لە ڕێگەی فیلمەکەوە بیبینێت.

مونا ئەبو قەس، دەرهێنەر باسی لە بەشداریکردنی کرد بە فیلمی "فەردە ئاردەکە"، باسی برسییەتی و ئەو شوێنەوارانە دەکات کە لەسەر ژنان و خێزانە فەڵەستینییەکان جێیهێشتووە، لە ڕێگەی چیڕۆکی دایکێکەوە کە دوو کوڕی لە کاتی جەنگدا لەدەستداوە، لەکاتێکدا چاوەڕێی گەڕانەوەی ئەوە دەکات کە چووەتە دەرەوە بۆ هێنانی ئارد.
ئاماژەی بەوەدا، کە ئەزموونی ڕاهێنانەکە هاوکاری کردووە بۆ دۆزینەوەی تواناکانی لە سناریۆنووسین و بەرهەمهێنانی فیلمدا، وتی: کاتێک دەستم کرد بە سناریۆنووسین، دۆزیمەوە کە توانام هەیە کۆمەڵە چێرۆکێک پێشکەش بکەم کە هێزی ژنانی فەڵەستین بۆ جیهان دەربخات، هەروەها چۆن ڕووبەڕووی بارودۆخە سەختەکان دەبنەوە و دەست بە ژیانەوە دەگرن.
جەختی لەوە کردەوە، کە وۆرکشۆپە ڕاهێنانکارییەکان ئەزموونێکی کردارییان لە قۆناغە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی سینەماییدا بە بەشداربووان بەخشیوە، لە وێنەگرتن و مۆنتاژەوە تا دەرهێنان و بەرهەمهێنان، هەروەها بوونی کادیرێکی ژنانە لە ڕێکخستنی فێستیڤاڵ و دروستکردنی فیلمەکاندا ئەزموونێکی گرنگ بوو، سەرەڕای ئەو بارودۆخە سەختەی ژنان لە غەززە تێیدا ژیاون.
لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، بڕوانامەی بەشداری بەخشرا بە سازێنەرانی فیلم لە کێبڕکێ نیشتمانییەکەدا، چوار بەرهەمی دەرهێنەرانی غەززە نمایشکران، کە بریتی بوون لە "ژووری هەواڵەکان" لە دەرهێنانی مەلاک ئەبو عرودە، "پەنجەرە" لە دەرهێنانی ئیلهام ئەبو قەس، "ئەوەی لە ڕەنگ ماوەتەوە" لە دەرهێنانی ئیمان جەعبەری، "چوومە دەرەوە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە" لە دەرهێنانی عەبیر غەسین، پێش ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان و دابەشکردنی خەڵاتەکان.