فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سەرکردەکانی تاڵیبان ئایا هیوایەکی نوێیە یان دووبارەکردنەوەی یارییەکی سیاسی کۆن؟

دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەیبەتوڵا ئاخوندزادە، سەرکردەی تاڵیبان و عەبدولحەکیم حەقانی سەرکردەی دادوەری تاڵیبان لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانەوە، جارێکی دیکە شەپۆلێکی هیوا و گومان لەنێو هاوڵاتیانی ئەفغانستان بەتایبەتی ژنانی لێکەوتەوە.

بەهاران لەهیب

 

ئەفغانستان-ڕاگەیاندنی فەرمانی دەستگیرکردنی هەیبەتوڵا و عەبدولحەکیم حەقانی لەلایەن دادگای تاوانەکانی نێودەوڵەتییەوە، کۆمەڵگەی ئەفغانی گەڕاندەوە بۆ زیاتر لە سێ دەیە شەڕ و تاوان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و ژنان، هێرشەکەی ئەمریکا لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١، پەنجەرەیەکی هیوای بۆ ئەو خێزانانە پێشکەش کرد کە ئازیزانیان لەدەستدابوو و قسەکردن لەسەر دادپەروەری دەستیپێکرد.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣ دوای کۆنگرەی بۆن لە ئەڵمانیا، کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە داواکارییەکانی بنەماڵەی قوربانیانی شەڕ پێدرا، کۆمیسیۆنەکە ڕاپرسییەکی لەسەر ئەفغانییەکانی ناوخۆی وڵات و پەنابەرانی پاکستان و ئێران ئەنجامدا و ٨٠%یان داوای دادپەروەرییان کرد، ئەمەش بووە هۆی گفتوگۆکردن لەسەر دادپەروەری گوازراوە، کە لەلایەن چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیەوە هاندرابوو، تا ساڵی ٢٠١٤ بەردەوام بوو، کە ئەو داواکارییە هەروا باو بوو.

 

بەداخەوە زۆربەی ئەوانەی تێوەگلاون لە مافی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ماوەی سێ دەیەی (١٩٧٨-٢٠٠٠) لە پۆستی دەسەڵاتدا بوون و پاڵپشتی دارایی و سەربازییان لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە وەرگرت، ئەمەش دەسەڵات و تاوانەکانیان زیاتر کرد، هەروەها کاریان کرد بۆ ڕێگریکردن لە جێبەجێکردنی دادپەروەری گوازراوە لەو وڵاتەدا، لە هەمان کاتدا ئەفغانستان بوو بە گۆڕەپانی ململانێی نێوان زلهێزە ئیمپریالیستەکان، ئەمەش بەشداری کرد لە سەرهەڵدانی تاڵیبان لە زۆر بواردا، لە کاتێکدا گەندەڵی حکومەتی ناوەندی زیاتر بوو، بەشێک لە چالاکوانی مەدەنی و وڵاتانی بەشداربوو بە ئەنقەست ڕێگرییان لە پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە کرد.

 

سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان تاوانە بەرفراوانەکانیان بەڵگە کردووە کە لەلایەن کەسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی کرزای و غانییەوە ئەنجامدراون، بەڵام ڕێگەیان پێنەدرا پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵکو هەموو سەرنجەکان ئاراستەی دانوستانەکانی ئاشتی بوو، کە وەک فۆرمێکی نوێی ڕێکەوتنی سیاسی پێناسە کرا، ئەم دانوستانانە بە خۆ بەدەستەوەبوونی بێ پلانی حکومەتی ئەفغانستان لەلایەن ئەمریکاوە بە تاڵیبان کۆتایی هات، بووە هۆی داڕمانی ئەو دۆخەی کە لە ئێستا ناسک بووە.

 

جێگای سەرنجە کە حەمید کرزای، پێشەنگی پێشووی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠٣دا واژۆی یاسای ICCی کردووە، کە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی دوای ئەو بەروارە پابەند دەکات، لە ساڵی ٢٠١٥دا ڕێگە بە بنەماڵەی قوربانییەکان درا کە بە شێوەی دیجیتاڵی سکاڵا تۆمار بکەن، لە ئەنجامدا بڕێکی زۆر بەڵگەی ئەو تاوانانە کۆکرایەوە کە لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان، ڕژێمی قاعیدە، تاڵیبان و تەنانەت هێزەکانی حکومەتەوە ئەنجامدراون. بەڵام لە کۆتاییدا ئەمریکا ڕێگری لە چالاککردنی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان کرد.

 

بەداخەوە ناتوانرێت نکۆڵی ئەوە بکرێت کە نەتەوە یەکگرتووەکان (یوناما) هەمیشە ڕۆڵێکی نەرێنی لە ئەفغانستاندا هەبووە، لەگەڵ ئەمریکا، پێکەوە هەوڵیان دا دەستوەردان لە پڕۆسەی دادگاکە بکەن و ڕێگریان لە کارەکانی دروست کرد، جگە لەوەش، ئەو کۆمیسیۆنە حکومییەی کە دەوڵەتی ئەفغانستان پێکیهێنابوو، بە تەواوی لە کەسانی بەشداربوو لە خوێنڕشتنی ملیۆنان ئەفغانی پێکهاتبوو.

 

گورزێکی دیکە لە پرۆسەی دادپەروەری گوازراوە لە دەستێوەردانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا هات، گوڵبەدین حیکمەتیار کە بە تێوەگلانی لە تاوانە قورسەکانی دژی هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنان ناسراوە و نازناوی "راکتیار" و "قەسابی تیزاب"ی پێدراوە، لە ساڵی ٢٠١٦دا لە لیستی ڕەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دوورخرایەوە، دواتر لەگەڵ دەیان چەکداردا هاتە ناو کابول و بە ئاسوودەیی و ئارامییەوە لەوێ نیشتەجێ بوو، هەروەها بە "قەسابی کابول" ناسرابوو.

 

 دوای ئەوەی ڕوسیا بە فەرمی دانی بە حکومەتی تاڵیباندا نا، هەروەها چینیش پێشوازی لەم دانپێدانانە کرد، دوای ئەوەی مۆسکۆ ساڵی پێشوو باڵیۆزخانەی ئەفغانستانی ڕادەستی تاڵیبان کرد، ئەمریکا ئەم بڕیارەی دەرکرد بۆ ئەوەی نیشانی گەلەکەی خۆی و جیهان بدات کە پشتیوانی تاڵیبان ناکات.

 

بەڵام لەنێو کێبڕکێی نێوان زلهێزەکان بۆ دابەشکردنی جیهان، دەبینین قوربانییەکان لەنێوان فەڵەستین و لوبنان و ناوچە کوردنشینەکانی سووریا و هەندێکجاریش ئێران و ئەفغانستان دەجوڵێن، کە ڕژێمەکان ڕادەستی ئەو هێزانە دەکرێن کە لە تاڵیبان کەمتر ستەمکار نین.

 

لەناو ئەو ململانێیەدا بەداخەوە ژن و منداڵ قوربانیی سەرەتایین و گەلان جگە لە ماڵوێرانی و ئاوارەیی هیچی تر ناچنن، مێژووی دەستێوەردانەکان ئەوە دەردەخات کە دەوڵەتە ستەمکارەکان جگە لە ئاژاوە هیچی تریان لە دوای خۆیان بەجێ نەهێشتووە و هەرگیز ئاشتی و سەقامگیرییان بەدەست نەهێناوە، هاوڵاتیانی ئەفغانستان بە تایبەت ژنان بە خوێن و جەستەی خۆیان ئەم ڕاستیانە ژیاون.

 

لە کاتێکدا هەندێک پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگاکە کردووە، بەڵام گەلی ئەفغانستان بە تایبەتی ژنان وەک هەنگاوێکی ڕاستەقینە بۆ پێشەوە نایبینن تا بە کردەوە جێبەجێ نەکرێت، نوێنەرانی تاڵیبان گەشتکردنیان قەدەغەکراوە و ڕێوشوێنی کردەیی دەگیرێتەبەر بۆ نیشاندانی پشتیوانیی جیهان، نەک تەنها هێما.

 

لە کاتێکدا کە بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەکان ڕەنگە وەک هەنگاوێک بەرەو دادپەروەری دەرکەوێت، بەڵام ئەوەی بەڕاستی گرنگە جێبەجێکردنە نەک گفتوگۆ کردن، لەوانە قەدەغەکردنی گەشتکردن بۆ تاوانبارانی جەنگ، ڕەتکردنەوەی دانپێدانانی تاڵیبان و هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ گەیشتن بە دادپەروەری ڕاستەقینە، ئەگینا ئەم سزایە لە خۆڵ زیاتر نابێت لە چاوی میللەتێک کە بە ئازار و خیانەت ماندوو بووە.