ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی: داوای لێپرسینەوە لە بەرامبەر ئەو کەسانە دەکات کە بەشدارن لە کۆمەڵکوژییەکانی کەناراوەکانی سووریا
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لە پێشەنگی حکومەتی کاتی سووریا کرد ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕابگەیەنێت، کە لەلایەن لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانەوە ئەنجامدراوە سەبارەت بەو کۆمەڵکوژیانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنییان کردۆتە ئامانج لە کەناراوەکانی سووریا.

ناوەندی هەواڵ– شارەکانی لازقیە و تارتووس و چەند ناوچەیەکی کەنار دەریا لە سووریا لەنێوان ٧ بۆ ٩ی تەمموز دا زنجیرەیەک هێرشی خوێناوییان بەخۆوە بینی، لە ئەنجامدا نزیکەی هەزار و ٥٠٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران کە زۆرینەیان عەلەوی بوون.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ڕۆژی ٩ی تەمموز داوای لە پێشەنگی حکومەتی کاتیی سووریا، ئەحمەد شەرع "جولانی" کرد، ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تۆکمە ئاشکرا بکات کە لەلایەن لیژنەی دۆزینەوەی ڕاستیەکانەوە سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەکان کە لە مانگی ئاداری ڕابردوودا هاوڵاتیانی مەدەنی عەلەوییان کردە ئامانج لە ناوچە کەناراوەکانی سووریا. ڕێکخراوەکە جەختی لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەو کەسانە کردەوە کە بەرپرسیارن لەم پێشێلکاریانە بەبێ هیچ نەرمییەک.
کریستین بێکەرل، بەڕێوەبەری ناوچەیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ڕایگەیاند، کە ئاشکراکردنی ئەو میتۆدۆلۆژیایەی کە لیژنەکە بەکاری دەهێنێت و ئەنجامە کۆتاییەکانی مافێکی ڕەوای قوربانییەکان و خێزانەکانیان و هاوڵاتیانە، ڕوونی و لێپرسینەوە لە تاوانباران توخمێکی سەرەکین بۆ گەیشتن بە دادپەروەری.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لێکۆڵینەوە سەربەخۆ و بێلایەنەکان تاکە ڕێگایە بۆ دڵنیابوون لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەسەر بنەما یاساییە پتەوەکان، جەختی لەسەر پێویستی دابینکردنی قەرەبووکردنەوەی کاریگەر بۆ ڕزگاربووان و خێزانی قوربانییەکان کردەوە، چونکە ئەمە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بەدەستهێنانی دادپەروەری و چاکسازی بۆ ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە، ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە لە داهاتوودا.