لە دادگای سلێمانی ژنێک خۆی هەڵدایە خوارەوە و بریندار بوو
لە درێژەی توندوتیژییەکان و هاندانی ژنان بۆ خۆکوشتن، ژنێک لە دادگای سلێمانی لە نهۆمی یەکەمەوە خۆی هەڵدایە خوارەوە و بریندار بوو.
ناوەندی هەواڵ
توندوتیژی بەرامبەر ژنان کە هەرخۆی لە لێدان و ئەشکەنجە نابینیتەوە و چەندین جۆری هەیە، بۆ نموونە توندوتیژی دەروونی و زارەکی، کە هانی ژنان دەدات پەنا بۆ خۆبریندارکردن و خۆکوشتن ببەن.
لەکاتێکدا لەناو هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانداین و لەهەموو جیهان و کوردستانیش چالاکی جۆراجۆر بۆ هۆشیارکردنەوە و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی ئەنجام دەدرێت، هێشتا ڕۆژانە گوێبیستی کوشتنی ژنان و توندوتیژی بەرامبەریان دەبین، لە نوێنترین ڕووداودا، ئەمڕۆ ژنێک لە سلێمانی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
دەربارەی ئەو ڕووداوە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوە کرد، کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ، ژنێك لە نهۆمی یەكەمی بینای دادگای سلێمانی خۆی هەڵداوەتە خوارەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ژنەكە لەگەڵ هاوژینەکەی كێشەی هەبووە و هۆكاری خۆهەڵدانەكەشی هەر پەیوەندی بەو كێشەیەوە هەبووە.
وتەبێژەكەی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، ژنەكە بەهۆی ئەو ڕووداوەوە بریندار بووە، بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن براوەتە نەخۆشخانە بۆ چارەسەركردن و پۆلیس دەستی بە لێكۆڵینەوە كردووە.