تاڵیبان خوێندنی ژنانی لە بواری مامانی و پەرستاریی قەدەغە کرد و کاردانەوەی بەدوادا هات
بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان خوێندنی ژنان لە پەیمانگای بواری مامانی و پەرستاری قەدەغە کراو ئەمەش لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە کاردانەوەی لێکەوتەوە و باڵیۆزخانەی بەریتانیا ئەمە بە پێشێلکارییەکی دیکە بۆ مافەکانی ژنانی ئەفغانستان پێناسە دەكات.
ناوەندی هەواڵ
ڕادیۆی ئازادی ئەفغانستان لە ئەوروپا لەسەر زاری بەرپرسانی ناوەندەکانی پەروەردەی پەرستاری و مامانی لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی تاڵیبان خوێندنی ژنان لە پەیمانگای بواری مامانی و پەرستاری و زانستی قەدەغە کران و لە ڕۆژی ٣ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵەوە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە لایەن وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستانەوە پەیمانگاکان ئاگادار کراوەنەتەوە کە وانە وتنەوە لەو بوارانەدا قەدەغە کراوە، هەروەها ئەگەر قەدەغەکردنەکە لە ناوەندە پەروەردەییەکاندا جێبەجێ بکرێت ئەوا لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕێژەی گیانلەدەستدانی دایکان و منداڵان زیاد دەکات.
هاوكات، بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان، ٣٣ هەزار و ٥٠٠ خوێندکاری کچ لە ناوەندەکانی مامانی و پەرستاری لە ئەفغانستان دەخوێنن.
ئەم بڕیارەی تاڵیبان کاردانەوەی لێکەوتەوەو ڕۆبێرت دیکسۆن، کارگێڕی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس سەبارەت بە دەرکردنی ئەو بڕیارە وتی: نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین سەبارەت بە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان و ژنان لە دامەزراوە تەندرووستییەکان و ئەمەش بە پێشێلکارییەکی دیکە بۆ مافەکانی ژنانی ئەفغانستان پێناسە دەكەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەدەغەکردنی خوێندنی ژنان لە دامەزراوە تەندرووستییەکان دەستگەیشتنی ژنان و منداڵان لە چاودێری تەندرووستیی سنووردارتر دەکات.