خولێکی ڕاهێنان لە بواری پیشەسازی بەڕێوەچوو

خولەکە ژمارەیەک پیشەگەر تیایدا بەشداریان کرد، زۆربەیان ژنانی شاری سنەن لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەشێکیان ساڵانێکە کار دەکەن و بەشێکیشیان بەم دواییانە دەستیان کردووە بە کارکردن.

سنە

ڕۆژی شەممە ١٥ی حوزەیران، لە کتێبخانەی ناوەندی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خولێک بە ناونیشانی "ڕاهێنان لەسەر چۆنیەتی بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە پیشەسازییەکان" بەڕێوەچوو کە ماوەی یەک ڕۆژی خایاند، بەشی زۆری بەشداربووان ژن بوون و هەندێکیان ساڵانێکە لە بازاڕی کاردا کار دەکەن.

 

سوران ئەحمەد زادە، یەکێک لە پرۆفیسۆرەکانی مارکێتینگ و گەشتوگوزار لە شاری سنە، دەڵێت: کارکردن بە شێوە گروپ بەسوودن بۆ دروستبوونی شارەزایی زیاتر لە بواری کارکردندا، پێویستە پیشەسازییەکان هاوکاری یەکتر بکەن، ڕاهێنان بکەن و بەردەوام نوێکاری بکەن، هەروەها جیابکرێنەوە و ئەمەش بە سەرکەوتوو دادەنرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە خاڵە بنەڕەتییەکانی بواری کاری دەستی بریتییە لە مارکێتینگی مۆدێرن، کە پێویستە گرنگی پێبدرێت چونکە کڕیارانی ئەمڕۆ زیرەکن و شێوازی فرۆشتنی لە ڕابردوودا نەیدەتوانی ویستی ئەوان پڕکاتەوە، لە مارکێتینگی کۆمەڵایەتیدا دەبێت پیشەگەرەکە بەرهەمەکەی و کۆمەڵگە دەبێت دامەزراوەکانی وەک کۆمەڵگە خێرخوازییەکان دابین بکات و بەشداری تێدا بکات لە هەر شوێنێک بتوانرێت ئەقڵیەتێک دروست بکات بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگە.

 

شاری سنه زۆرترین ژماره ی پیشەوەران له ئێران و ڕۆژهه ڵاتی کوردستان له لە خۆدەگرێت، بەڵام دیار نییە تا چ ڕادەیەک بەرگەی ئاستەنگە ئابووریەکان دەگرێت، ئەم خولە بەهۆی پێویستی هاوڵاتیان بۆ بواری پیشەسازی دامەزراوە، بەتایبەت ژنان کە لەکاتی کارکردندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، ئەم ڕاهێنانە هاوکاریان دەکات لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگیانەدا.

 

هەرچەندە لە خولەکەدا بەرهەمە جیاوازەکان ئاماژەیان پێکراو ناسێندران، بەڵام بە وتەی یەکێک لە ئامادەبووان، ئەم خولە بە تەنها بەس نییە چونکە شارێکی وەک سنە، بەهۆی لاوازی ئابوورییەوە، پێویستی بە دابینکردنی خولی زیاتر هەیە، بەو پێیەی بەرهەمی دەستی ناتوانن لە پێشانگاکاندا زۆر سەرکەوتوو بن، و زۆربەی ئەو ژنانەی لە شاری سنە کار دەکەن زیاتر ئیشی دەستی دەکەن بۆیە پێویستیان بە خول و ڕاهێنانی زیاتر هەیە بۆ باشترکردنی پڕۆژەکانیان و گەورەکردنیان.

 

ئەسعەد سەعیدپانا، جێگری سەرۆکی زانکۆ بۆ پیشەسازییەکان، پشتڕاستی دەکاتەوە، یارمەتیدانی پیشەسازییەک کە داهاتێکی درێژخایەن بەدەستبهێنێت دەبێتە یارمەتیدەری خاوەنەکەی، باس لەوە دەکات خودی تاک خۆی دەتوانێن گەشە بە پیشەسازی خۆیان بهێنن.

 

 

ئەرزو مورادی، یەکێکە لەو ژنە دەستڕەنگینانەی کە ماوەی ٣٦ ساڵە فەرش دروست دەکات، وتی: ئەمە یەکەمجارە بەشداری ئەو خولانە بکەم و لێیان ڕازی بووم، ڕێنماییەکان گرنگ بوون و هەوڵ دەدەم لەسەر ڕێنماییەکان کار بکەم، ئاماژەی بەوەشکرد کە خولەکە باسی فرۆشتن، بازاڕکردن دەکرد، لە داهاتوودا پلانم هەیە وۆرک شۆپێکی فەرش چنین لە شاری سنە بکەمەوە بۆ ئەوەی ژنانی دیکە ئاشنای کارەکە بن.