ئیمارات یاسای لەباربردنی منداڵ لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسیدا پەسەند دەکات

پەرلەمانی ئیمارات یاسایەکی دەرکرد کە ڕێگە بە لەباربردنی منداڵ دەدات لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و پەیوەندی خزمایەتیدا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئیمارات لەباربردنی منداڵ ڕێگەپێدراو بوو، ئەگەر دووگیانییەکە ژیانی ژنەکە بخاتە مەترسییەوە، یان ئەگەر سەلمێندرا کە کۆرپەلە شێواوییەکی هەیە، لە نوێترین بڕیاریشدا، بەپێی بڕیارنامەی ژمارە ٤٤ی ساڵی ٢٠٢٤ی ئیمارات سەبارەت بە یاسای بەرپرسیارێتی پزیشکی، لەباربردنی منداڵ لەو حاڵەتانەدا ڕێگەپێدراوە کە "جووتبوون بەبێ ڕەزامەندی بووە و ئەو کەسەی هۆکاری دووگیانییەکە بووە یەکێک بووە لە نەوە یان کەسوکاری ژنەکە".

 

ئەو یاسایەی پەرلەمان پەسەندی کردووە، ئەو ژنانە دەگرێتەوە کە لانیکەم ساڵێک لە ئیمارات بوون، یاساکەش دوای بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

 

لە هەواڵێکدا کە لە ماڵپەڕی هەواڵی ناوخۆیی خلیج تایمز بڵاوکراوەتەوە، باس لەوەشکراوە کە لەباربردنی منداڵ کە لە حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی و خزمایەتیدا و لەو حاڵەتانەیش کە پێویستیان بە دەستێوەردانی بەپەلەی پزیشکی هەیە، ڕێگەپێدراو دەبێت.

 

لەناو سیستەمی "سەرپەرشتیاری"دا، ژنان ملکەچی مۆڵەتی "سەرپەرشتیاری" خۆیانن، بەتایبەتی لەکاتی هاوسەرگیریدا، بەگوێرەی ماڵپەڕی فەرمی میرنشینەکە، ژنێکی ئیماراتی دەبێت مۆڵەتی هاوسەرگیری لە باوکی وەربگرێت، هەروەها ئەو ماڵپەڕە مەرجی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئەگەری مردنی باوکەکەدا دەبێت مۆڵەت لە "نزیکترین سەرپەرشتیاری پیاو" وەربگرێت، وەک براکانی.