توێژینەوە: قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی مردنی منداڵان

توێژینەوەیەک ئاشکرای کردووە، قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانی منداڵ لە مانگی یەکەمی ژیانیاندا لە ویلایەتی تەکساسی ئەمریکا.

ناوەندی هەواڵ

 

توێژینەوەیەک سەبارەت بە قەدەغەی لەباربردنی منداڵ لە تەکساسی ئەمریکا کە لەلایەن گۆڤاری پزیشکی منداڵان گاما پێدیاتریکسەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکرد، قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ویلایەتی تەکساس لە دوای هەفتەی شەشەمی دووگیانی پەیوەندی بە زیادبوونی ١٢%ی گیان لەدەستدانی کۆرپە لە ماوەی ساڵی یەکەمی تەمەنیدا هەیە.

 

ئەم توێژینەوەیە دوو ساڵ دوای پووچەڵکردنەوەی دۆسیەی "ڕۆ دژی وەید"ی دادگای باڵای ئەمریکا هات، کە ڕێگەی بە زیاتر لە دەیان ویلایەت دا هەموو لەباربردنێکی منداڵ قەدەغە بکەن، هەروەها بڕیارەکەی ویلایەتی تەکساس بۆ قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ دوای هەفتەی شەشەمی دووگیانی لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١دا دەرچوو.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ڕەنگە قەدەغەکردنی کۆرپە ببێتە هۆی ئەوەی ژمارەی گیان لەدەستدانی کۆرپە لە ویلایەتی تەکساس لە مانگی یەکەمی ژیانیاندا بە ڕێژەی زیاتر لە ١٢% بەرزبێتەوە، هەروەها بووەتە هۆی لەدایکبوونی ١٠ هەزار منداڵی دیکە.

 

ئەلیسۆن گێمێل، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، ئاماژەی بەوەکرد، پێش سیاسەتە نوێیەکە لە ویلایەتی تەکساس، ژنان توانای ئەوەیان هەبووە بە شێوەیەکی یاسایی کۆتایی بە دووگیانی بهێنن تا هەفتەی ٢٠ یان ٢٢ی دووگیانی، مردنی منداڵان ڕووداوێکی دڵتەزێنە بەڵام کاتێک دایکەکە دەزانێت کۆرپەکەی سکی حاڵەتێکی تایبەتی هەیە و ناتوانێت بژی، پێویستە بچێتە لای لایەنی پەیوەندیدار بۆ ئەوەی بتوانێت لەباری ببات.

 

ئەو توێژەرانەی توێژینەوەکەیان ئەنجامداوە دەستیان بەو تۆمارانە نەگەیشتووە کە کۆرپە بە پێی زانیارییە دیمۆگرافییەکان وەک ڕەگەز یان نەتەوە دابەش دەکەن، بۆیە ڕوون نییە کە ئایا کێن ئەوانەی ئەگەری منداڵبوونیان زیاترە بەڵام دواتر منداڵەکانیان دەمرن، ئاماژە بەوەشکراوە، ژنانی کەم داهات زیاتر ئەو سەرچاوەیان نییە کە لە ویلایەتی تەکساسەوە گەشت بکەن بۆ بەدەستهێنانی لەباربردنی منداڵ لە ویلایەتەکانی دیکە.