گەوهەر ئەشقی لە وەڵامی هەڕەشاکاندا: ئەگەر شتێکمان بەسەر بێت، سەرکردە بەرپرسیارە

گەوهەر ئەشقی، دایکی سەتار بەهەشتی، باسی زیادبوونی فشار و هەڕەشەکان لە دژی ئەو و ئەندامانی بنەماڵەکەی دەکات و جەختیکردەوە کە ئەگەر شتێکیان بەسەربێت ڕژێم بەرپرسیارە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١١ی کانوونی یەکەم، گەوهەر ئەشقی، دایکی سەتار بەهەشتیی بلۆگەر، کە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە کوژرا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوشار و هەڕەشەکانی سەر بنەماڵەکەی ڕاگەیاند و وتی: ئەگەر شتێکمان بەسەر بێت، سەرکردە بەرپرسیارە.

 

گەوهەر عەشقی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە تۆڕی تویتەری خۆی، پەیامێکی ئاڕاستەی هێزە ئەمنییەکان کرد و وتی: خەنجەری ژەهراوی ئێوە ١١ ساڵە لەسەر جەستەم جێگیر بووە، بەڵام من و ئێمە وەستاوین، بۆ ئەوەی تۆ و ئاغاکەت لەم خاکە دەربکەین، یان لەم خاکەدا...!

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردووشدا لە تۆڕی تویتەر هەڵمەتی، "کەس لە مردن ناترسێت! هەڕەشە مەکە!"یان دەستپێکرد.

 

ئەمە دووەم جارە کە گەوهەر ئەشقی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشە و هێرشی دەکرێتە سەر، ساڵێک لەمەوبەریش لەکاتی چوونی هەمیشەیی بۆ سەر گۆڕی کوڕەکەی لە پشتەوە لەلایەن "کەسانی نەناسراو"ەوە بە ماتۆڕسکیلێکەوە هێرش دەکرێتە سەری و سەر و دەموچاوی بریندار دەبێت.

 

سەتار بەهەشتی کوڕی "گەوهەر ئەشقی" ساڵی ٢٠١٢ بە هۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ڕەخنەگرانە سەبارەت بە حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بلۆگەکەیدا لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی ئەلیکترۆنیەوە دەستبەسەردەکرێت و بەهۆی برینەکانی کاتی ئەشکەنجەی گیان لەدەستدەدات.