قژە بڕاوەکەی مەهناز محەمەدی؛ ناڕەزایەتی دژی سزای سێدارە

مەهناز محەمەدی، دەرهێنەر و چالاکی مافی ژنان، خەڵاتی "ڕۆحی سینەما"ی لە فێستیڤاڵی فیلمی کیرالا لە هیندستان بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی قەدەغەکردنی چوونەدەرەوەی ئێرانەوە نەیتوانی لە مەراسیمەدا بەشداری بکات، بۆیە پارچەیەک لە قژی بە پەیامێکەوە بۆ فێستیڤاڵەکە نارد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی هەینی، ٩ی کانوونی یەکەم، لە ٢٧ەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کیرالا لە وڵاتی هیندستان، خەڵاتی "ڕۆحی سینەما" بەخشرایە مەهناز محەمەدی، دەرهێنەر، سینەماکار و چالاکی مافی ژنان، بەڵام بەهۆی پاڵپشتی لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ئێران نەیتوانی لە مەڕاسیمەکەدا بەشداربێت، بۆیە مەهناز لەگەڵ پەیامی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی گەلی ئێران، پارچەیەک لە قژی خۆی بۆ فێستیڤاڵە نارد.

 

مەهناز محەمەدی لە پەیامەکەیدا، کە لەلایەن ئاتینا ڕەچەڵ سەنگەری، سینەماکار و دیزاینەری پرۆژەی یۆنان خوێندرایەوە، نووسیویەتی: "ئەمە قژمە کە بۆ دەرخستنی ئازارەکانم کورت کراوەتەوە، هێمای کۆتایی ئازارەکانمە، بەرخۆ و بەردەوامبە، گەنجێکی زۆر دەکوژرێن و لە سێدارە دەدرێن. دوێنێ ٩ی کانوونی یەکەم، موحسین شیکاری تەمەن ٢٣ ساڵ بە تاوانی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە نادادپەروەری لە سێدارە درا. من ئەمەتان بۆ دەنێرم چونکە دەزانم هەموومان لەم ڕۆژانەدا پێویستمان بە هاودەنگی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی مافە سروشتییەکانمان، ژن، ژیان، ئازادی".

 

خەڵاتی ڕۆحی سینەما- IFFK ساڵی ٢٠٢١ بۆ ناساندن و ڕێزلێنان لەو سینەماکارانە دامەزراوە کە سەرەڕای ئەو ناخۆشیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەردەوامن لە خولیای سینەما و بۆ ئەو هونەرمەندانەی هونەرەکەیان وەک ئامڕازی گۆڕانکاری بەکاردەهێنن.

 

خەڵاتی ساڵی ٢٠٢١ بۆ یەکەمین جار بەخشرایە سینەماکاری کورد لیزا چالان لە باکور کوردستان، کە لە ساڵی ٢٠١٥ لە گردبوونەوەیەکی هەدەپە (پارتی دیموکراتی گەلان) لە ئامەد باکور کوردستان، لە بۆردومانێکدا هەردوو قاچی لەدەستدا.