دژە شۆڕش، ڕەوتێک بۆ بەلاڕێدابردنی شۆڕشە کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازییەکان

وتار

بێریڤان شاهۆ

 

تایبەتمەندی بەرهەڵستکاری لەناو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا، بووەتە هۆکاری ئەوەی سەرەڕای بوونی نایەکسانی و نادادپەروەری لەلایەن گرووپێک لە مرۆڤە دەسەڵاتخوازەکانەوە کە دەیانەوێت کۆمەڵگە بخەنە ژێر هەیمەنەی خۆیانەوە تا ئەمڕۆ لەسەر پێ بمێنێتەوە.

 

هەر ئەو تایبەتمەندییە بەرهەڵەستکارییانەی کۆمەڵگە بووەتە بنەمایی هەڵگیرسانی شۆڕشی کۆمەڵایەتی فرە ڕەهەند، لە لایەکی دیکەوە هەر شۆڕشێک کە لە بەرامبەر سیستەم و رژێمێک بەرپا دەبێت، بە شێوەیەک لە شێوەکان دژەشۆڕشی بۆ دروست دەبێت، رەنگە زۆر جار دژەشۆڕش وەک رەوتێک یان چەند رەوتێک خۆی نمایش بکات. هەر شۆڕشێک خاوەن پارادایم، بەرنامە و ئامانجە، لە بەرامبەریشدا رەوتە دژەشۆڕشەکان هەمان ئەو ئامرازانە بە پێچەوانەی ئاراستەی شۆڕشەکە بەکاردەهێنن بۆ دەستگرتن بەسەر شۆڕش و بەدەستهێنانی دەسەڵات.

 

دژەشۆڕش بۆ ئەوەی پێشەنگایەتی ڕەوتە شۆڕشگێڕییەکە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و سواری شەپۆلە شۆڕشگێڕییەکەی گەل ببێت،زۆرجار لە سەرەتادا خۆی بە نوێنەری شۆڕش نیشان دەدات و دواتر بە توندوتیژی و زەبروزەنگ هەوڵی قۆرخکردنی شەپۆلی شۆڕش دەدات لە کاتێکدا شۆڕشی بەرپابوو، زەبروزەنگ و توندوتیژی نەخستووەتە بەرنامەی کاری خۆیەوە و لە پارادایمەکەشیدا شوێنی پێنەداوە.

 

لە لایەکی دیکەوە ڕەوتە دژە شۆڕشەکان کاتێک دەزانن بە بەکارهێنانی توندوتیژی سەرکەوتوو نابن، پەنا دەبەنە بەر پڕوپاگەندە، چەواشەکردنی درووشمەکان، ناوزڕاندنی پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکان. دواجار، بە ئاشکرا سەنگەر لە شۆڕش دەگرن و هەوڵی شکستپێهێنان یان بەلاڕێدابردنی دەدەن.

 

ئەو دۆخە لە زۆربەی شۆڕشە مێژووی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ڕەنگیداوەتەوە و لە قۆناغی دوای ڕووخانی سیستەمی کۆن، بە تایبەتی کاتێک سیستەمی نوێ هێشتا دانەمەزراوە، دژەشۆڕش هەوڵ دەدات دەستکەوتەکانی شۆڕش قۆرخ بکات و پێشەنگان و هێزە شۆڕشگێڕییەکان بێکاریگەر بکات، لە ڕێگەی کڕین، کوشتن، دەربەدەرکردن یان تۆمەتبارکردنیان بە دوژمنی شۆڕش.

 

مێژووی شۆڕشە ئایینی، چینایەتی، کۆمەڵایەتی و رزگاریخوازەکان نموونەی زۆریان لەم دیالێکتیکانە تۆمار کردووە، هەروەها شۆڕشی فەڕەنسا لە ساڵی ١٧٨٩ بۆ ١٧٩٩، شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕووسیا لە ساڵی ١٩١٧ و سەرجەم شۆڕشە سۆسیالیستی، چینایەتی و ڕزگاریخوازەکان، شۆڕشی گەلان لە ساڵی ١٩٧٩ لە ئێران و نموونەی ئەو شۆڕشانەن کە تێیدا رەوتە دژە شۆڕشەکان لە هەندێک قۆناغدا توانیویانە ئاراستەی شۆڕش بگۆڕن یان دەستکەوتەکانی قۆرخ بکەن، هەروەها دەکرێ نموونەی تریش بهێنرێتەوە، وەک راپەڕینی بەهاری عەرەبی لە ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠١٢ کە هەر زوو بەرهەمی ئەو راپەڕینانە لە گەلان لە لایەن ڕەوتە دژە شۆڕشەکانەوە دزران و هەمان ئەو سیستمە بە دەموچاوی جیاوازترەوە هاتنەوە سەر دەسەڵات.

 

لێرەدا پرسیار ئەوەیە؛ هۆکار چییە کە لە دوای تێکۆشان و قوربانیدانێکی زۆر لە بەرپابوونی شۆڕشەکاندا، زۆر جار دژەشۆڕشەکان ڕەوتی ڕاستەقینەی شۆڕشەکانیان بەلاڕێدا بردووە؟

 

دەکرێت وەڵامەکە ئەوە بێت، زۆرێک لە شۆڕشەکان خۆیان لەسەر بنەمایەکی پتەو بونیاد نەناوە، زۆر جار یا چێنێک لە کۆمەڵگە بە بنەما گیراوە و شۆڕشێکی گشتگیر نەبووە، یا ئەوەی پێیان وابووە کە ئەگەر ئەوان شوێنی ئەو دەسەڵاتەی کە لەسەر تەختە بگرنەوە دەبنە چارەسەر، لە هەمووشیان گرنگتر دەستیان بۆ کۆنترین، قورستترین و بنچینەییترین کێشە، کە کێشەی بوون و ئازادیی ژنە و سەرچاوەی بنەڕەتی کۆی کێشەکانی تری مرۆڤایەتییە، نەبردووە، لە کۆتایدا لە ڕێگەی دژە شۆڕشەکانەوە لەناو سیستەمی سەردەستدا تواونەتەوە و کۆتاییان پێهاتووە.

 

بێگومان هەر یەک لەو شۆڕشانە دەستکەوتگەلێکیان لەگەڵ خۆیان بۆ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانی هاوچەرخ هێناوەتە ئاراوە، هاوکات لە کەمووکوڕییەکانیشیان ئەزموونیان وەرگرتووە، بۆ نموونە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ڕیبەر ئاپۆ، کە بزووتنەوەیەکی فەلسەفی، فکری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئیکۆلۆژیی و سیاسییە کە ئازادی ژنیکردووەتە بنەمای بزووتنەوەکە، بۆ پەرەپێدانی ئەو چەمکانەش لەناو کۆمەڵگەدا ڕێبازی پەروەردە، دیسیپلین و ڕەخنە لەخۆگرتنی گرتووەتەبەر، هاوکاتی ئەوە خۆی لە بزووتنەوەیەکی کلاسیکی نەتەوەپەرەستی داماڵیوە و بووە بە بزووتنەوە و شۆڕشێکی گەردوونی، هەربۆیە بوونی دژەشۆڕشیش ناتوانێت کۆتایی پێبهێنێت، مێژووی زیاتر لە نیوسەدە لە خەبات و تێکۆشانی کە بەدرێژایی ئەو مێژووە بە چەندەها ڕەوتی دژەشۆڕشی نێودەوڵەتی و هەرێمی هەوڵی لە ناوبردن و تواندنەوەیانداوە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە