دژ بە دەستگیرکردنی چالاکوانان و ئازادیخوازان گردبوونەوەیەک ڕێکخرا

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان دەستگیرکردنی چالاکوان و ئازادیخوازان لە هەولێر و سلێمانی شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەوااڵ

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم باخی گشتی لە شاری سلێمانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان گردبوونەوەیەکی ڕێکخست و تێیدا دەستگیرکردنی چالاکوان و ئازادیخوازانیان لە هەولێر و بادینان شەرمەزارکرد.

 

لە گردبوونەوەکەدا وێنەی دەستگیرکراوان بەرزکرایەوە و دروشمی ئازادیی لەلایەن بەشداربووانەوە وترایەوە، سیاسەتمەدار، چالاکوانان، هونەرمەندان، ڕۆژنامەنووسان، نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکان و ژنان لە گردبوونەوەکەدا بەشدار بوون و داوایان کرد بە زوترین کات زیندانیانی بادینان و هەولێر ئازاد بکرێت، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی تارا حسێن وتاری پێشکەشكرد و ئاماژەی بەوەدا مەسرور بارزانی و پەدەکە بە تۆمەت دروستکردن سزای ئازادیخوازان بدەن، و وتیشی: "ئەو ئازادیخوازانەی کە ئەمڕۆ لە زیندانەکانی پەدەکەدا خزێنراون، هەریەکە لەوانە سیمبۆڵێکی نەتەوەیی و ئازادیخوازایین".

 

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا تارا حسین باسی لە داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: "ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورک کە ئەمڕۆ بۆ سەر گارە دەکات، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئازادیخوازانی بادینان و هەولێر گرێدراوی یەکترن، ئەو دەنگە ئازادانەی کە خراونەتە زیندانەوە دەنگێکی دلێربوون بەرامبەر بە داگیرکارییەکان".

 

لە درێژەی گردبوونەوەکەدا بەیاننامەی گروپی ویژدان، ئەنجومەنی فشار و کۆنفرانسی نیشتمانی خوێندرایەوە و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان کرا.

 

ت.پ