دووبارە دەرگای خوێندنگەکان کرانەوە و مامۆستایانی سەیدسادق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد
لەپاش بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەکارهێنانی وەک پاساوێک بۆ داخستنی دەرگای خوێندنگاکان و کرانەوەیان بە پچر پچڕی، ئەمڕۆ دووبارە دەرگای خوێندنگاکان کرانەوە.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ خوێندن لە هەرێمی کوردستان بۆ پۆلەکانی ١ی سەرەتایی تا ١١ی ئامادەی بە شێوەی بە نۆرە دەستی پێکردەوە، واتە لە هەفتەیەکدا سێ ڕۆژی بە ناوبڕ وانە دەخوێندرێت، بڕیارەکەش خوێندنگا حکومی و ناحکومییەکان و هەروەها ئەو خوێندنگایانەی لە گوندەکاندان دەگرێتەوە کە پێشتر سێ ڕۆژ لەسەر یەک دەوامی خوێندنگایان دەکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەخێوکەرانی قوتابیان سەرپشکن لە ناردنەوەی خوێندکارەکانیان بۆ هۆڵەکانی خوێندن یاخود لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە بەشدار بن بە مەرجێک بەڵێننامە پڕ بکەنەوە.
هەروەها دەبێت خوێندن بە شێوەیەکی خۆپارێزیانە بێت و بە پێی ڕێنماییە تەندروستییەکان بێت.
هەر ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە شارۆچکەی سەیدسادق بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندنیان کرد و لەبەردەم پەروەردەی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد و دروشـمی "دامەزراندن، یا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن، سەرۆکی حکومەتی هەرێم ستەملێکراوترین چینی کۆمەڵگە مامۆستایانی وانەبێژن" و “بەڵێ بۆ دامەزراندنمان" بەرزکرایەوە.
ت.پ