دوو ڕۆژنامەنووس بێتاوان دەرچوون و ڕۆژنامەنووسێک سزای بەسەردا سەپێندرا
لەو دۆسیەیەی کە بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییانەوە دژی مەلیکە ئایدن و تۆلگا گونەی و دەلال ئاکیوز کرایەوە، مەلیکە ئایدن و تۆلگا گونەی بێتاوان دەرچوون و دەلال ئاکیوز بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە" سزای بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ
دانیشتنی بڕیاری سزا بۆ دۆسیەی مەلیکە ئایدن، پەیامنێری ژن نیوزو تۆلگا گونەی، پەیامنێری ئاژانسی مێزۆپتامیا ڕۆژنامەنووس دەلال ئاکیوز کە بە بیانووی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە" لەسەر کارەکانیان دادگایی دەکرێن، بەڕێوەچوو.
دادگاییکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە چوارچێوەی هەمان ئۆپەراسیۆندا ڕاگیراون و تۆمەتی جیا بۆیان ئامادەکرابوو، لە دادگای باڵای تاوانەکانی ١٣ی شاری ئیزمیر بەڕێوەچوو. ئەو ڕۆژنامەنووسانە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون، بەڵام پارێزەرەکانیان ئامادەبوون.
داواکاری گشتی داواکاری و بۆچوونی خۆی لەسەر سزادانی ڕۆژنامەنووسان دووپاتکردەوە، کە لە دانیشتنی پێشوودا بە ڕوونی باسی کردبوو.
پاشان پارێزەران پاراستنیان خۆیان کردو ڕایانگەیاند کە بریکارەکانیان کاری خۆیان کردووە و ئەوەی کراوە لە چوارچێوەی ئازادی بیرکردنەوەدایە.
شاندی دادگا بڕیاریدا ناوەڕۆکی هەواڵەکانیان و دیدارەکانیان لەگەڵ سەرچاوەکانی هەواڵ تاوانکاری نەبوون و ڕۆژنامەنووسان مەلیکە ئایدن و تۆلگا گونەییان بێتاوان کرد.
شاندی دادگا بە تۆمەتی "ئەندامێتی ڕێکخراوەکە سزای ٦ ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر دەلال ئاکیوزدا سەپاند.