دوای هەڵمەتێکی چەواشەکاری لە دژی پزیشکێکی یەمەن داوای لێبوردنێکی نووسراوی پێدەگات
لە هەنگاوێکدا کە گرنگی لێپرسینەوە لەو کەسانە دەردەخات کە هەڵمەتی چەواشەکاری دژی ژنان بەکاردەهێنن بۆ بێدەنگکردنیان، پزیشک ئەلفات دبعی سکاڵای یاسایی لەسەر ڕۆژنامەنووسێک تۆمارکرد کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی هەڵمەتی چەواشەکاری دژی ژنان دەستپێکردبوو.

یەمەن
ئەلفات دبعی، پڕۆفیسۆری کۆمەڵناسی لە زانکۆی تەعز، لە پلاتفۆرمی تۆڕۆی کۆمەڵایەتیدا هەڵمەتێکی ناوزڕاندن و هاندانی بۆ کرا، ئەو پۆستانەی کە سووکایەتی و بوختان و تۆمەتی درۆی تێدابوو کە ناوبانگی کەسی و پیشەیی ئەو ژنە و هەروەها ئەندامانی خێزانەکەی دەکەنە ئامانج.
ئەم هەڵمەتە بووە هۆی پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان هەردوولا، پێش ئەوەی ڕێکەوتنێکی فەرمی ئاشتەوایی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بکرێت، وردەکارییەکانی ئەم ڕێکەوتنە لە بەڵگەنامەیەکدا ئاشکرا بووە کە لەم دواییانەدا بڵاوکراوەتەوە.
بەپێی دەقی بەڵگەنامەکە، عەبدول عالم بجاش، ڕۆژنامەنووس دانی بەوەدانا کە ئەوەی بڵاوی کردۆتەوە دەنگۆ و زانیاری نادروستە کە هیچ پەیوەندییەکی بە کاری ڕۆژنامەوانییەوە نییە، لە ماڵپەڕەکەیدا داوای لێبوردنێکی نووسراوی پێشکەش کرد و پەشیمانی خۆی دەربڕی و بەڵێنیدا لە داهاتوودا ئەو تاوانە دووبارە نەکاتەوە.
ئەلفات دبعی بەڵێنیدا دوای جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجەکانی ڕێکەوتننامەکە، بە نووسراوی دەستبەرداربوون لە سکاڵا تاوانکارییەکەی لەسەر عەبدول عالم بجاش دەربکات و دۆسیەکە لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمی دابخات.
هەروەها لە ڕێکەوتننامەکەدا هاتووە کە عەبدول عالم بجاش بەڵگەنامەی یەکلاییکردنەوەکە بە تەواوی بڵاوبکاتەوە و بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ماڵپەڕی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئاماژە بەوەش دەکات، هەر پێشێلکارییەک لە هەر یەکێک لە مەرجەکانی ڕێکەوتننامەکە یەکلاییکردنەوە پووچ دەکاتەوە و ڕێوشوێنی یاسایی دەستپێدەکاتەوە.
بەڵگەنامەکە لەلایەن هەردوو لایەن و دوو شایەتحاڵەوە واژۆ کراوە، هەروەها جەختی لەسەر بنەمای چاکسازی و دڵنیابوون لە دووبارە نەبوونەوەی تاوانەکە کراوەتەوە، ئەمەش دوای نێوەندگیری لەلایەن چەند ناوبژیوانێکەوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکە و یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکە.
ئەم ڕووداوە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستییە سەختەیە کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە ژنان دەبێتەوە لە یەمەن، هەڵمەتی چەواشەکاری و هاندان وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ژنان بەکاردەهێنرێت، بەتایبەتی لە بواری ئەکادیمی و ڕاگەیاندندا، ئەمەش تیشک دەخاتەسەر پێویستی بەپەلەی پاراستنی یاسایی و کۆمەڵایەتی کە مافی دەربڕینی ئازادی و پاریزراوی ژنان دەستەبەر دەکات، هەروەها پشتگیری لە بەشداری چالاکانەیان دەکات لە ژیانی گشتیدا بەبێ هەڕەشە و شێواندن.