دوای ٦٤ ڕۆژ سەرۆکی حکومەت هێشتا بڕیاری بودجەی ئاودانی سلێمانی جێبەجێنەکردووە
٦٤ ڕۆژ بەر لە ئێستا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە تەرخانکردنی بودجەی ئاودانی باخچە و بلوارەکانی سلێمانی، بەڵام تا ئێستا بڕیارەکە جێبەجێنەکراوە و بەوهۆیەوە هەزاران بنەدار وشک بوون، مەترسی گەورەش لەسەر سەوزایی سلێمانی هەیە.
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامووسیدا لە پارکی ئازادی شاری سلێمانی، بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی-هەڵەبجە، بەیاننامەیەکیان دەربارەی نەبوونی ئاوی پێویست بۆ پارک و بلوار و باخچەکانی سلێمانی بۆ رایگشتی خوێندەوە.
بەیاننامەکە ئاڕاستەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا کە لە ٢٣ی ئایاری ٢٠٢١دا لە كاتی دانانی بەردی بناغەی سایلۆ و بەبازاڕكردنی گەنم لە سلێمانی، بڕیاریدا بە پێدانی پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار تایبەت بە باخچەكانی سلێمانی.
بەیاننامەکە لەلایەن مەعروف مەجید، سەرۆکی بۆردی ڕێکخراوە ژێنگەیەکانی سلێمانی-ھەلەبجە خوێندرایەوە و تێیدا هاتووە: لە ڕۆژی ٢٣/٥/٢٠٢١ لە كاتی دانانی بەردی بناغەی سایلۆ و بەبازاڕكردنی گەنم لە سلێمانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری پێدانی پێنج ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار تایبەت بە باخچەكانی سلێمانی دا، دواتر بە نووسراوێك كە ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی كراوە واژۆی د. ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرنی لەسەرە، لە بەرواری ٦/٦/٢٠٢١ بڕیاری چوار ملیار و ٥٢٧ ملیۆن و ٤٥٤ دینار بۆ هەر سێ پڕۆژەی (چاكسازی هەواری شار، بلواری مەلیك مەحموود، بلواری سلێمانی تاسڵوجە)، تەرخان بكرێت.، بەڵام ٦٤ ڕۆژ بەسەر بڕیارەکەتدا تێپەڕیووە، بەڵام هێشتا یەك دینار بۆ ئەو سێ مەبەستەی ئاماژەی پێ كراوە، تەرخان نەكراوە.
هەر لە کۆنگرەکەدا چەندین بەڵێنی دیکەی حکومەت تایبەت بە ئاودانی باخچەکانی سلێمانی خرایەڕوو کە جێبەجێنەکراون و بەهۆیەوە هەزاران بنەدار وشک بوون، ئەوانیش:
لە ساڵی ٢٠١٦ لە مانگی ١١ ڕەزامەندی دراوە بۆ ئاودانی درەختەكان.
لە ساڵی ٢٠١٧ لە بەرواری ٧/٣ ڕەزامەندی دراوە بۆ ئاودان.
لە ساڵی ٢٠١٨ لە ٨/٤ ڕەزامەندی دراوە بۆ ئاودان.
لە ساڵی ٢٠١٩ ئاودان دراوە بە كۆمپانیا، بەڵام لە مانگی شەشی ٢٠٢٠ گرێبەستەكە كۆتایی هاتووە، حكومەت بۆی تازە نەكردووەتەوە و كارەكەی جێهێشتووە.
ئەمساڵیش لە مانگی دوو نووسراو ئاڕاستەی وەزارەتە پەیوەنددارەكان كراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا، ئاودانی فەڕمیی دەستی پێ نەكردووە.

ئامینە ئەحمەد محەمەد هاوسەرۆکی بۆردی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی سلێمانی-هەڵەبجە لە کۆنگرەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە سەرۆکی حکومەت پێویستە بە دەم داواکارییەکانیانەوە بێت، ئەگەرنا شاری سلێمانی ڕووبەڕووی کارەساتێکی گەورە دەبێتەوە.
باخ و باخچە و بلوارەکان بەهۆی گەرمبوون و وشکەساڵی ئەمساڵ و تەرخاننەکردنی بودجەی تایبەت بە ئاودانیان ڕووبەڕووی وشک بوون و لەناوچوون دەبنەوە، ساڵانەش بە هەزاران بنەدار لە سلێمانی بەو هۆیەوە وشک دەبن و تا ئێستا کێشەکان لەسەر تەرخانکردنی بودجەی پێویست چارەسەر نەکراوە.
ت.پ