لەهەولێر لە شەش مانگدا هەشت هەزار تاوان ئەنجامدراون
پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی شەش مانگی رابردوودا لەسنوری پارێزگای هەولێر ٧ هەزار و ٩٨١ تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامدراون و دوو هەزار و ٧٥٥ تاوانباریش دەستگیرکراون و تەواوی دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کراون.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە 1ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ تا 30ی حوزەیران، لەسنوری پارێزگای هەولێر ٧ هەزار و ٩٨١ تاوان ئەنجامدراون و ٧ هەزار و ٣٠٩ تاوان ئاشکرا کراون و رێژەی دەستکەوت ٩٢٪ بووە.
وتیشی: هەروەها دوو هەزار و ٧٥٥ تۆمەتبار دەستگیرکراون کە باندەکانی دزی و کوشتن و تەقەکردن و رێگریکردنیان لەناودا بووە، تۆمەتباریش هەبووە کە ساڵانی پێشتر فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە و ئەمساڵ دەستگیرکراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لەهەولێر و دەوروبەرى ٣٤ تاوانى کوشتن هەبووە، کە ٣١ تاوان ئاشکرا بوون و تاوانبارانیان دراونەتە دادگا، ٢١ حاڵەتى تەقەکردنیش هەبووە و ١٨ حاڵەت ئاشکرا کراون.
بەپێی داتاکانی پۆلیسی هەولێر، هەر لەو ماوەیەدا ٣٠٠ نێرگەلە لەپارک و باخچەکان و نۆ تۆن خۆراکى ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا گیراوە و ٤٧٩ شوێنى زێدەڕۆیی تێکدراون و ١٤٢ ئۆتۆمبێل بەهۆی دەنگى بەرزەوە دەستبەسەر کراون، ٥٢ سەرپێچیکاریش دەستگیرکراون بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکان و ٣٩٢ شوێن داخراون بەهۆی پابەند نەبوون بە رینمایی تەندروستى.
بەپێ ئامارەکەی پۆلیسی هەولێر، ١٣٠ تۆمەتباریش دەستگیرکراون کە لەپارێزگاکانى دیکەى کوردستان و عێراق فەرمانى دەستگیرکردنیان هەبووە.