لە غەززە هێرشەکان بەردەوامن و ژمارەی گیان لەدەستدان لە ٨ هەزار کەس زیاترە
لە ئەنجامی هێرشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە نزیکەی ٢٣ ڕۆژە بەردەوامە، ژمارەی گیان لەدەستدان لە کەرتی غەززە لە ٨ هەزار کەس تێپەڕیوە.
ناوەندی هەواڵ
هێرشە ئاسمانی و دەریاییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە و ژێرخانی غەزەی وێران کردووە و هەزاران کەسیش گیانیان لەدەستداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، ترس لە کارەساتی مرۆیی هەیە.
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند، لەکاتی دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەم زیاتر لە ٨ هەزار کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هیچ دانوستان و نێوەندگیرییەکیش نەبووە هۆی ئاگربەست لە کەرتی غەززەدا.
میدیاکان ڕایانگەیاند، ژمارەی کوژراوان بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە لە ٨ هەزار کەس تێپەڕیوە کە زۆربەیان منداڵن زیاتر لە ٣ هەزارو ٥٠٠یان منداڵ و هەزارو ٧٢٦یان ژنن.