دەفەگە داوای ڕێگەپێدانی ڕۆژنامەنووسانی بۆ ئیمرالی کرد

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە فرات "دەفەگە" ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەنووسان لە مانگی تەمووزدا لە تورکیا بڵاوکردەوەو هاوکات داوای ڕێگەپێدانی ڕۆژنامەوانانی کرد بۆ ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەفەگە بە ڕاپۆرتێک ئاماری پێشێلکارییەکانی دژ بە مافی ڕۆژنامەوانان بڵاوکردەوە کە لەمانگی تەمووزدا لە تورکیا ئەنجام دراون، لە پێشێلکارییەکاندا جگە لە پێبژاردنی ماددی، ٤٩ ڕۆژنامەوان پێشلکارییان بەرانبەر ئەنجام دراوە.

 

'ڕۆڵی ڕۆژنامەوانان لە گەیاندنی پرۆسەکە بە کۆمەڵگە گرنگە'

دەفەگە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە هیوای دیموکراتیزەکردن لە تورکیا کردووە کە بەهۆی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک"ی رێبەر ئاپۆ هاتووەتەئاراوە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە دەبێت ڕێگە بدرێت ڕۆژنامەنووسان سەردانی ئیمراڵی بکەن.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەرکەوێت، پێویستە بە زووترین کات ئاستەنگیەکانی بەردەم سەردانی ڕۆژنامەنووسان بۆ لای عەبدوڵا ئۆجالان لاببرێن، ڕۆژنامەنووسان ئاوێنەی کۆمەڵگەن و ڕۆڵی ئەوان لە گەیاندنی ئەم پرۆسەیە  بە گەل زۆر گرنگە. لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە ئەرکی ڕۆژنامەگەری و ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆمان لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

 

دەفەگە ئاماژەی بەوەشکردووە دەبێت یاساکانی سانسۆر کە ڕێگری لە ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەن و یاسای سیخوڕی کاریگەرهەڵبوەشێنرێنەوە و دەڵێت: "دەبێت هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەسەر دروستکردنی هەواڵ زیندانی کراون ئازاد بکرێن. هەتا ئازادی ڕۆژنامەگەری بەرەوپێش دەچێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دیموکراتیزەکردنی تورکیا.

 

ئێمە پشتگیری ئەو پرۆسەیە دەکەین کە بە بانگەوازی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکردووە و بە هەنگاوە کاریگەرەکانی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە بەرەوپێش دەچێت. بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە سەربکەوێت، پێویستە دەستبەجێ هەموو ئاستەنگیەکانی بەردەم کۆبوونەوەی ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ بەڕێزعەبدوڵا ئۆجالان لاببرێن.

 

ئاماری پێشلکارییەکانی مافی ڕۆژنامەوانان؛ ٤٩ پێشێلکاری و بڕی ٤٠ هەزارو ٥٠٠ لیرە پێبژاردن

دەفەگە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە کە لەم مانگەدا ٨ ڕۆژنامەنووس دەستبەسەر کراون، ٥ ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون، ڕۆژنامەنووسێک ئەشکەنجە دراوە، ڕۆژنامەنووسێک هەڕەشەی لێکراوە، ڕێگری لە ٢ ڕۆژنامەنووس کراوە لە کارەکانیان، مافی ٦ ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکان پێشێلکراوە، لێکۆڵینەوە لە دژی ٦ ڕۆژنامەنووس دەستیپێکردووە، سکاڵای یاسایی لەسەر ڕۆژنامەنووسێک تۆمارکراوە، ٧ ڕۆژنامەنووس بە گشتی ٨ ساڵ و ٤ مانگ و ٢٥ ڕۆژسزای  زیندانی و ٤٠هەزار و ٥٠٠ لیرە پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە.

 

هەروەها  لە ٣٠ دانیشتنی دادگادا ٨٤ ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی لێپرسینەوە کراون. لە ئێستادا(لە ٣ی تەمموزەوە) ٣٤ ڕۆژنامەنووس لە زینداندان.