بەرەی ژنانی باشووری کوردستان: خاوەنداری لە پرسی ژنانی ئێزیدی دەکەین
بەرەی ژنانی باشووری کوردستان لە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان بەهۆی خیانەتی پەدەکە و جێهێشتنیان بۆ چەتەکانی داعش، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوە تێیدا وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڵێن دووپات دەکەنەوە، کە خاوەندارێتی لە پرسی ژنانی ئێز
ناوەندی هەواڵ
لە دەیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکاندا کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ جێبەجێکرا، بەرەی ژنانی باشووری کوردستان بەیاننامەیەکیان بڵاو کردووەتەوەو تێیدا هاتووە: ئەو کۆمەڵکوژی یاخود فەرمانەی کە بەسەر ئێزیدییەکاندا هێندرا لە ٣ـی ئابی ساڵی ٢٠١٤دا، لە مێژوودا بووە ٧٤ەمین جار، کە تیایدا ئێزیدییەکان لە ئاردنگاری و جوگرافیای جیاوازدا لەلایەن دەسەڵات و هێزە هەڵپەرستە توندڕەوەکان لە دژیان ئەنجام بدرێت، بەڵگە نەویستە کە بەهەزاران ژنی ئێزیدی لەو هێرشە کۆمەڵکوژییەدا بوونە قوربانی، کە تا ئێستاش بەشێکی زۆر لەو ژمارەیە وێڕای هەموو هەوڵێک بۆ دۆزینەوە و ئازادکردنیان، هێشتا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە لایەن هێزە ڕزگارکارەکانی وەک “یەپەگە و یەپەژە”وە لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا هەزاران لەو ژن و منداڵانەی، لەلایەن داعشەوە ڕفێنرابوون و برابوون بۆ ئەوێ و بازرگانی و کاری فرۆشییان پێوەدەکرا، ئازادکراون وگەیەنراونەتەوە بە خێزان و کەس و کاریان.
زهنیەتی پاشکەوتوو و کۆنەپارێزی داعش و دروستکەرەکانی، ئامانجیان بوو لە کەسایەتی و کۆمەڵگەی ئێزیدیدا دەست بۆ زیانگەیاندن و لێدان لە زمان، نامووس، کەلتوور، جوگرافیا، هونەر و هەبوونی ڕەسەنی کوردان ببەن و بەناوی ئاینەوە داگیریان بکەن و لەسەر حسابی گەلی ئێزیدی بگەنە ئامانجە گڵاوەکانیان، بەڵام وەک بیندرا ئەو خەونەی داعشی دروستکراوی دەستی تورکیای داگیرکار و هاوبەشەکانی لەسەر دەستی کچان و کوڕانی تێکۆشەری ڕێی ئازادی کورد و مرۆڤایەتی تێکشکێنرا، کە تا ئێستاش بەردەوامن لە دژایەتی کردنی ئێزدییەکان و هەر دەستکەوتێکی خۆڕسکی ئەوان، بۆیە پێویستە هەم لەسەر ئێمەی ژن هەم لەسەر هەر کوردێکی ئازادیخواز و خاوەن وێژدان کە پاڵپشت و هاوکاری جددی بن بۆ ئاواکردن و بونیادنانی شەنگالێکی ئێزدی خاوەن و چەسپاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەری شەنگال دوور لە هەر دەستوەردانێکی هەرێمی و دەرەکی، چونکە بونیادنانی ئەو سیستمە هەم شەقێکی ترە لە ئامانجەکانی دوژمن کە تورکیا بە پلەی یەکەم و داردەستەکانییەتی لە باشووری کوردستان، هەمیش خاوەنداری کردنە لە ڕەنج و تێکۆشانی ئەوانەی هەر لەسەرەتا و لە ساتەکانی دەستپێکی کۆمەڵکوژییەکە بوونە فەریادڕەسی گەلی ئێزدی، بە ڕەنج و خوێن بوونە بەربەست لەبەردەم گەورەتربوونی قەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییە.
"خۆبەڕێخستن کردنی ژنان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانین"
ئێمەی ژنان بۆ بونیادنانی شەنگالێکی نوێ و کۆمەڵگەیەکی ئیزیدی بەهێز و خۆبوو، خۆبەڕێخستن کردنی ژنان بە پێویستییەکی گرنگ دەزانین، بۆیە لێرەوە داوا لەو ژنانەی کە تا ئێستا هەنگاوێکی جددیان نەهاوێشتووە بۆ ئەمە، لێرە بەدوا هەوڵی خۆبەڕێخستنکردن و هێنانەئارای ئیرادە و باوەڕ بەخۆبوون، لە دژی هەر هێزێک کە ئامانجی لێدان بێ لە ئاست و پێگەی ژن، بخەنە بواری پراکتیکەوە، چونکە ئێمە ژنانی هاونەتەوە (کورد) و هەموو ژنانی جیهان چاومان لە گەشەسەندن و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی ئێزدییە کە ژنان تیایدا پێشەنگ، خاوەن پێگە و بڕیار و هێزی پاراستنی بوون و جەوهەری خۆیان بن.
خۆڕاگری و سوربوونی ئێزدییەکان لەسەر بنەما نەتەوەیی و ئاینییەکانیان، شکستی بە هەموو هەوڵ و پلانەکانی دژمنان هێناوە، کە ماوەی دەساڵە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزدی لە شنگال بەڕێوەی دەبەن، بەهۆی بوونی هێزەکانی پاراستنی ئێزدییەکان و بونی ئێزیدی گەلێکی خاوەن ئیرادە و تەسلیم نەبوو، ئەو هەوڵ و پلانە دژمنکارانە مایەپووچ بوونە، داواکارین لۆب و بەرەیەکی تۆکمە و بەهێز لە ژنان دروست بکەین بۆ پاڵپشتی و هاوکاری زیاتر، بۆ بە جینۆسایدکردنی ئەو کارەساتە و ناساندنی ڕەوش و ئازاری ژنانی ڕفێنراو( ئازادبوو، ئازادنەبوو)ی ئێزدی لەدەستی داعش، لەسەر ئاستی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی بەرەی ژنانی باشووردا هاتووە: لە سۆنگەی هەستکردنمان بە ئازاری ئێزدییەکان، بەتایبەتیش ژنان، هەروەها لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیمان لەبەرامبەر ئەو پرسە، هاوشانی سەرکۆنە و شەرمەزارکردنی بکەر و هاوکارانیان، سۆز و بەڵێنی خاوەنداری کردن لە پرس و دەستکەوتەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی بەتایبەتیش ژنان دەدەین.