داوا دەکرێت کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی جیهانی چالاکی دژ بە جینۆساید دەستنیشان بکرێت
ئەنجومەنی ژنانی دەم پارتی بە بۆنەی ١٠ ساڵەی فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئاب بەیاننامەیەکی دا و لە بەیاننامەکەدا داوا کراوە کۆمەڵکوژی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی جیهانی چالاکی دژ بە جینۆساید و جینۆسایدی ژنان دەستنیشان بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە ساڵیادی فەرمانی ٧٤ی ٣ی ئاب لە شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعش، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و لە بەیاننامەکەدا بەناونیشانی "با ٣ی ئاب وەک ڕۆژی جیهانیی چالاکی دژی جینۆساید و جینۆسایدی ژنان دەستنیشان بکرێت" ئاماژە بەوەکرا، ١٠ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی و جینۆسایدکردنی ژنان لە لایەن چەتەکانی داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لە شەنگال دژی ئێزدییەکان تێدەپەڕێت.
لە ئەنجامی هێرشەکانی چەتەکانی داعش، هەزاران ژن و منداڵ کوژران و ٦ هەزار ژن و منداڵ بە دیل گیران و ٤٠٠ هەزار ئێزدی بە زۆر ئاوارە بوون، تا ئێستا چارەنووسی هەزاران ژن نادیارە، هەروەها ژنانی ئێزیدی لە بازاڕەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەدەکرا و دەفرۆشران، ڕووبەڕووی ئازار و توندوتیژی دەبوونەوە، سەرەڕای هەموو سیاسەتەکانی جینۆساید، ژنانی شەنگال پەرەیان بە بەرخۆدانی خۆیان لە بەرامبەر هێرشەکانی سەر ژیانیان و ناوچەکانیان داوە و لەبەرامبەر هێرشە بەردەوامەکان بەرخۆدان دەکەن.
"ئامانجی هێرشەکان دەستکەوتەکانی گەلی کوردە"
ئێمە زۆر باش ئەمە دەزانین کە ئەو هێزانەی ئەمڕۆ هێرش دەکەنە سەر شەنگال و ئەو هێزانەی هێرش دەکەنە سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەرێمی کوردستان وەک یەکن، ئامانجی هاوبەشی ئەو هێزانە دەستکەوتەکانی گەلی کورد و خەباتی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خەباتی ژنانی ئێزیدی گەورەترین بەڵگەی ئەمەیە.
هەروەها پێویستە دامەزراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان "UN" کە بریتین لە ئەمریکا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئێرلەندا، پورتوگال، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەریتانیا، بەلجیکا و پەرلەمانی ئەوروپا، بکەری ئەم کۆمەڵکوژییە سەرکۆنە بکات کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ لەلایەن چەتەکانی داعشەوە لە شەنگال ئەنجام درا، پێویستە وەک کۆمەڵکوژی بیناسێنن.
لەسەر بنەمای ئەمانە داوا دەکەین ڕۆژی ٣ی ئاب وەک ڕۆژی جیهانی چالاکی دژ بە توندوتیژی و جینۆساید دژی ژنان دەستنیشان بکرێت، بە باوەڕ بە خەباتی ژنانمان بۆ ئازادی، سڵاو بۆ خەباتی ژنانی ئێزیدی دەنێرین کە بوونەتە نموونە بۆ هەموو ژنانی جیهان.