"نەتەوەی دیموکراتیک کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد دەنێت"

ژنانی ناوچەی تل ڕەفعەت کە بەشدارن لە هەڵمەتی خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێن: پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک سەرمایەداری و دەسەڵات هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد دەنێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە چوارچێوەی هەڵمەتی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر بۆ  پرسی کورد"، ئەکادیمیای زانستە کۆمەڵایەتییەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە کانتۆنی عەفرین-شەهبا هەڵمەتێکی بۆ خوێندنەوەی پەرتوک و مانیفێستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ێکخستووە، سەرجەم دامودەزگاکانی هەرێمەکە بەشداری هەڵمەتەکە دەکەن و پەرتوک دەخوێننەوە، هەروەها کۆنگرەی ستار لە ناوچەی تل ڕەفعەت لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا دەستی کرد بە خوێندنەوەی سۆسۆلۆژیای ئازادی سێیەم مانیفێستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، مانگێکە هەڵمەتەکە دەستی پێکردووە و تیایدا ٢٧ ژن کە وتەبێژ و ئەندامانی کۆنگرەی ستاریش هەن ئامادەن و گفتوگۆ لەسەر پرسی خوێندنەوەی پەرتوک دەکەن، دوای تەواوبوونی ئەم پەرتوکە دەست دەکەن بە خوێندنەوەی پەرتوکی دیکە.

 

 بەڕێوەبەران و وتەبێژی کۆنگرە ستار لە ناوچەی تل ڕەفعەتی سەر بە کانتۆنی شەهبا سەبارەت بە خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان قسەیان بۆ دەزگاکەمان کرد و باسیان لە گرنگی خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد کرد.

 

"لەسەر بنەمای بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ گەشە دەکەین"

نازیلیە نوری، بەڕێوەبەری کۆنگرە ستار لە تل ڕەفعەت جەختی لە گرنگی خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردەوە و وتی: لەژێر چەتری هەڵمەتی خوێندنەوەی پەرتوکەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەڵمەتەکەمان دەستپێکرد و هەمیشە پەرتوکەکانی ڕێبەر ئاپۆ دەخوێنینەوە و بەدوای ئازادیدا دەگەڕێین، ڕێبەر ئاپۆ لە پەرتوکەکانیدا گرنگی خۆڕێکخستن و ڕێکخستنی بنەماڵە و کۆمەڵگە دەخاتە ڕوو، بە تایبەتی تیشکی خستووەتە سەر ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگە و ئازادی ڕاستەقینەیان، هەر بۆیە دوژمن ڕۆژانە گۆشەگیری لەسەر ڕێبەر ئاپۆ زیاد دەکات، بۆ ئەوەی ڕای ئەو لەناو خەڵکدا بڵاونەبێتەوە، بەڵام بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لە دڵماندا دەژی و لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەین، لە بەرامبەر ئەو شەڕە تایبەتەی کە دەکرێت، دەبێت هێزی ژن بەهێزتر بێت و خاوەن ئیرادە بێت، هەرچەندە ئێمە ڕووبەڕووی هێرشی داگیرکاری دەبینەوە، بەڵام بەردەوامین لە پەروەردەو ڕادەستی شەڕ نابین، چونکە هێزمان لە بیر و بیرۆکەی ڕێبەر ئاپۆ وەرگرت. دوژمن دەیەوێت بە دوورخستنەوەی ئێمە لە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ لەناومان ببات، بەڵام با هەرگیز خەون بەوەوە نەبینێت.

 

"نەتەوەی دیموکراتیک دەسەڵات هەڵدەوەشێنێتەوە"

ڕۆزەرین عومەر کە بەشدارە لە هەڵمەتی پەرتوک خوێندنەوە ئاماژەی بەوەکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە پەرتوکەکانی زۆر شتی بەسوودی نیشان داون و وتی: ڕێبەر ئاپۆ بە پەرتوکەکانی ڕاستی سەرمایەداری و ئایین و سیاسەتی نیشان داین، پەروەردە لە ڕووی گەشەپێدانی کەسایەتییەوە زۆر گرنگ و مانادارە، زلهێزە دەسەڵاتدارەکان شەڕێکی تایبەت لەسەر زایەند، وەرزش و هونەر دەکەن، تا کۆمەڵگە لە راستی خۆی دوور بخەنەوە، ڕێبەر ئاپۆ ئەمانە هەڵدەسەنگێنێت و ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات، ڕێبەر ئاپۆ پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکی دژ بە سەرمایەداری خستۆتە ڕوو، ئەم دەسەڵات و سەرمایەدارییە کە جیهان بەڕێوە دەبات دەبێت لەناو ببرێت، زۆربەی ژنان لە کۆمەڵگەدا کار دەکەن، بۆ ئەمەش دەبێت زیاتر خۆمان پەروەردە بکەین و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیک بونیاد بنێین.

 

"هەمیشە لەسەر هێڵی ژنێکی ئازاد دەڕۆین"

دڵشان شێخۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار کە بەشداری پەروەردەی کرد، وتی: خوێندنەوەی بیروڕاکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە زۆر گرنگە و دەبێت خۆمان پەروەردە بکەین دەربارەی بیری ئازاد، لە ڕێگەی خوێندنەوەی پەرتوکەوە زیاتر بیری ڕێبەر ئاپۆ دەناسین و لە هەموو کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکەینەوە، لە ئێستادا بەشداری پەروەردە دەکەین، بەڵام لە داهاتوودا ئەوەی فێربووین لەو پەروەردانە، لە کۆمەڵگەدا بڵاوی دەکەینەوە و ئەوانیش پەروەردەی دەکەین، هەمیشە هێڵی ژنێکی ئازاد هەڵدەبژێرین و لەسەر ئەم هێڵە دەڕۆین تا دەگەینە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، زۆر شانازی دەکەین کە لەگەڵ بیری ڕێبەر ئاپۆدا دەژین.