ڕاپۆرتێک ئاشکرای دەکات کەمبوونەوەی برسێتی جیهانی بۆ ساڵی سێیەم سەرەڕای باشتربوونی لاوازە
نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژەی برسێتیی جیهانی لە ٢٠٢٥دا دابەزیوە، بەڵام پێشکەوتنەکان لاوازن و ململانێ و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک هەڕەشەن بۆ سەر ئامانجی بنبڕکردنی برسێتی تا ٢٠٣٠
ناوەندی هەواڵ
بڵاوبوونەوەی برسێتی لە سەرانسەری جیهاندا قەیرانە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان گەورەتر دەکات و ملیۆنان کەس پاڵدەنێتە دۆخی خراپی تەندروستی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی هەژاری، نائاسایشی خۆراکی بەردەوام هەڕەشە لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و گەشەسەندنی بەردەوام دەکات.
ڕاپۆرتی "دۆخی ئاسایشی خۆراک و خۆراک لە جیهاندا ٢٠٢٦" کە لەلایەن پێنج دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردووە، کە ڕێژەی برسێتی جیهانی بۆ سێیەم ساڵ لەسەریەک لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەردەوام بووە لە دابەزین، ئەمەش نیشاندەرێکە کە ڕەنگدانەوەی ئەگەری پێشکەوتن لە ڕووبەڕووبوونەوەی برسێتیدایە.
ڕاپۆرتەکە کە ٢٢ی تەمووز بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم پێشکەوتنە لە سەرانسەری ناوچەکاندا بە لاواز و نایەکسانی دەمێنێتەوە، بەو خێراییە پێشناکەوێت کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی بنبڕکردنی برسێتی تا ساڵی ٢٠٣٠، بەپێی خەمڵاندنەکان، ٧.٨٪ی دانیشتووانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥دا تووشی برسێتی بوون، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٨.١٪ و لە ٨.٧٪ی ساڵی ٢٠٢٢ کە ئاماژەیە بۆ دابەزینی بەردەوام، هەرچەندە خاو بێت.
ئاماژە بەوە کراوە، کە سەرەڕای ئەم دابەزینە، کەلێنی ناوچەیی هێشتا فراوانە، ئاسیا لەگەڵ ئەمریکای لاتین و کاریبی پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە کەمکردنەوەی برسێتی، لەکاتێکدا ئەفریقا تا ئێستاش زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، نزیکەی ٣٠٩ ملیۆن کەس بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن، لەکاتێکدا نزیکەی ٢٩٢ ملیۆن کەس لە ئاسیادا تووشی برسێتی بوون، هەرچەندە لە ماوەی یەک ساڵدا ڕێژەی برسی لە ئەفریقا لە ٢٠.٣٪ بۆ ٢٠٪ کەمیکردووە، بەڵام هێشتا کیشوەرەکە زۆرترین ژمارەی برسی لە جیهاندا هەیە.
جەختی لەوە کردەوە، کە قەیرانی ئاسایشی خۆراک تەنها لە برسێتیدا سنووردار نییە، بە نزیکەی ٢.١ ملیار کەس کە یەکسانە بە ٢٥.٨٪ی دانیشتووانی جیهان، بەدەست نائاسایشی خۆراکی مامناوەند یان توندەوە دەناڵێنن، تا ئێستاش ئەفریقا زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و ٥٦.٦٪ی دانیشتووانەکەی ڕووبەڕووی ئەم ڕاستیە بوونەتەوە، لەکاتێکدا لە ئاسیا ٢٠.٣٪ و لە ئەمریکای لاتین و کاریبی ٢٢.٩٪ و لە ئەمریکای باکوور و ئەوروپا تەنها ٨.٧٪.
تیشکی خستۆتە سەر کاردانەوەی پێشبینیکراوی ململانێی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشداریدا لەوەی کە بەردەوامی کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی وزە و پێداویستی و خۆراک دەتوانێت لە نێوان ٥١٠ بۆ ٥٢٠ ملیۆن کەس لە حاڵەتی برسێتیدا بهێڵێتەوە تا ساڵی ٢٠٣٠، بە بەراورد بە خەمڵاندنەکانی پێشوو کە نزیکەی ٥٠٣ ملیۆن کەس بوون، هەروەها ململانێ چەکدارییەکان لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی گەشەپێدان و بودجەی مرۆیی، هۆکاری سەرەکین کە دەتوانن ڕێگری لە پێشکەوتنی جیهانی بکەن لە بەرەنگاربوونەوەی برسێتیدا.
ئاماژە بەوە کراوە، کە پێشکەوتن لە باشترکردنی تەندروستی دایکان و منداڵان سنووردارە، لەگەڵ نیشاندەرەکانی وەکو وەستان، بەفیڕۆدان، کێشی زیادە، کەمی کێشی لەدایکبوون، شیری تایبەت بۆ شیرپێدان بە خێرایییەکی خاو پێشدەکەوێت کە هاوسەنگ نییە لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان و ئامانجەکانی خۆراک بۆ ساڵی ٢٠٣٠.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تێچووی زۆری خۆراکی تەندروست وەک بەربەستێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ئامانجی دووەمی گەشەپێدانی بەردەوام دەمێنێتەوە، ڕوونیشیکردووەتەوە، کە کەمکردنەوەی تێچووی خۆراکی تەندروست، لەکاتێکدا گرنگە، بەڵام بەس نابێت مەگەر ئەو سیاسەتانەی کە دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی تەندروست و بەردەوامیی سیستەمی خۆراک بەهێز نەکرێن.
ڕاپۆرتەکە لە کۆتاییدا، جەختی لەوە کردەوە، کە تا ساڵی ٢٠٣٠ ماوە پێویستی بە هەوڵی ناوازە و وەبەرهێنانی زیاتر هەیە، بونیادنانی جیهانێک کە لە هەر سێ کەس یەکێکیان دەستی بە خۆراکی تەندروست بگات، ئامانجێکە کە شایەنی ئیرادەی نێودەوڵەتی هاوئاهەنگ و کردەوەی جددییە.
شایانی باسە کە ڕاگەیاندراوەکە بە هاوبەشی لەلایەن ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ، سندوقی نێودەوڵەتی بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵی، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان، بەرنامەی خۆراکی جیهانی و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاوکراوەتەوە.