ڕاپۆرتێک کە ئاشکرای دەکات توندوتیژی دژی ژنان لە ڕەحا پەرەی سەندووە

ڕەحا لە باکووری کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی ڕاگەزی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆکمە کە سەدان پێشێلکاریی بەڵگەدار کردووە لەوانە توندوتیژی خێزانی، هەراسانکردن، دەستدرێژی سێکسی، هەوڵی خۆکوژی.

ڕەحا

 

لە ڕاپۆرتێکی مافی مرۆڤدا ١٢ حاڵەتی کوشتنی ژنان لە پارێزگای ڕەحا لە باکووری کوردستان بەڵگەدار کردووە، ئەمە جگە لە سەدان حاڵەتی توندوتیژی خێزانی، هەراسانکردن، دەستدرێژی سێکسی و هەوڵی خۆکوژی، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو مەترسیانەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە بەهۆی سستی پاراستنی یاسایی و بۆشایی دامەزراوەیی بەردەوام.

 

ڕەحا لە باکووری کوردستان لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا شایەتی زیادبوونی بەرچاوی توندوتیژی ڕەگەزی بەخۆیەوە بینیوە، بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆکمە سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان.

 

ڕاپۆرتەکە لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی ڕەحا بە هاوکاری کۆمەڵەی دەستڕاگەیشتن بە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە پشتیوانی شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا ئامادەکراوە، وێنەیەکی تاریکی ڕاستی بۆ ژنانی ناوچەکە دەکێشێت، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٥ دوانزە ژن کوژراون، سەدان ژنی دیکەش تووشی جۆرەها توندوتیژی بوون.

 

هێڵکارییەکانی ئەم ڕاستیە بە کۆکردنەوەی زانیاری لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستیپێکرد، لەوانە تۆمارەکانی ناوەندی مافی ژنان لە سەندیکای پارێزەران، سیستەمی دامەزراندنی ئۆتۆماتیکی لە یاسای ڕێکاری تاوانکاری ”OCAS”، ناوەندی چاودێری و ڕێگریکردن لە توندوتیژی ”ŞÖNİM”، زانیاری پێشکەشکراو لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە کار لەسەر پرسەکانی ژنان دەکەن، هەروەها ڕاپۆرتەکانی میدیا ناوخۆییەکان، ئەم سەرچاوانە بەکۆمەڵ وێنەیەکی وردیان لەو پێشێلکارییانە کێشاوە کە لە نێوان ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ و ١٢ی کانوونی یەکەمدا ٢٠٢٥دا ڕوویانداوە.

 

”پەرەسەندنی توندوتیژی خێزانی”

یەکێک لە دەرەنجامە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی ئەم ڕاپۆرتە ئەوەیە کە توندوتیژی خێزانی وەک مەترسیدارترین ژینگە بۆ ژنان دەمێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا ٩٧ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون و لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٩٠ حاڵەتی توندوتیژی تۆمارکراون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بەردەوامبوونی توندوتیژییە لە چوارچێوەی پەیوەندییە نزیکەکاندا، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ١٩ حاڵەتی ئازاردانی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٤ و ١٧ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەڵگەدار کراوە، لەگەڵ هەشت حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٤ کە دوو هێندە زیادیکردووە بۆ ١٦ حاڵەت لە ساڵی ٢٠٢٥.

 

پێشێلکارییەکان هەر بەوەوە نەوەستا، لە ساڵی ٢٠٢٤ حەوت ژن و لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٩ ژن هەوڵی خۆکوشتنیان داوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ قووڵایی ئەو قەیرانە دەروونی و کۆمەڵایەتیانەی کە زیانبەرکەوتووان تووشی دەبن.

 

کارەساتترین لایەنی ڕاپۆرتەکە تۆمارکردنی ١٢ حاڵەتی کوشتنی ژن بوو لە ماوەی دوو ساڵدا، ئەمە جگە لە دوو حاڵەت کە بە مردنی گوماناوی پێناسەکراون، لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە هەندێک لەو حاڵەتانە بە خێرایی لە ژێر پۆلێنکردنی "خۆکوشتن" یان "ڕووداو" داخران، بەبێ ئەوەی لێکۆڵینەوەی ورد و کۆکردنەوەی بەڵگەی پێویست ئەنجام بدرێت، ئەم شێوازە بەپێی ڕاپۆرتەکە نیگەرانی ڕاستیەقینە لەبارەی نەبوونی دیدگای ڕەگەزی لە لێکۆڵینەوەکاندا دەوروژێنێت و تا چەند دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان پابەندن بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کاریگەر، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 

”بۆشایی یاسایی و دامەزراوەیی”

ڕاپۆرتەکە نەک هەر پێشێلکارییەکانی بەڵگەدار کردووە بەڵکو باس لە کەموکوڕییەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە ٦٢٨٤ی تایبەت بە پاراستنی ژنان لە توندوتیژی کردووە، ئاماژەی بە دواکەوتنی دەرکردن و جێبەجێکردنی فەرمانی پاراستن، سستیەکانی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان و نەبوونی چاودێری کاریگەرکرد، جگە لە جێبەجێنەکردنی سزای ڕێگریکردن لە دژی ئەو کەسانەی کە فەرمانەکانی پاراستن پێشێل دەکەن، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم بۆشاییانە ژنان زیاتر سست دەکەن و توانای دەستڕاگەیشتنیان بە پارێزگاری لە کاتی خۆیدا سنووردار دەکات.

 

لە کۆتاییدا سەندیکای پارێزەرانی ڕەحا کۆمەڵێک ڕاسپاردەی پێشکەش کرد بە ئامانجی بەهێزکردنی پاراستنی ژنان و باشترکردنی میکانیزمەکانی لێپرسینەوە، لەوانە جێبەجێکردنی خێرای یاسای ٦٢٨٤ لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی وردی مەترسی، هەروەها ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی قووڵ و هەستیاری ڕەگەزی لە هەموو حاڵەتەکانی توندوتیژی و کوشتن، دوورکەوتنەوە لە داخستنی کەیسەکانی مردنی گوماناوی بەبێ پشکنینی گشتگیر لە بەڵگەکان، سەپاندنی سزای ڕێگریکردن بەسەر ئەو کەسانەی کە فەرمانەکانی پاراستن پێشێل دەکەن، بەرزکردنەوەی هەماهەنگی لە نێوان دامەزراوەکان و پەرەپێدانی میکانیزمەکان بۆ کۆکردنەوە و هاوبەشکردنی زانیاری، باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی پشتیوانی بۆ ژنانی کۆچبەر و ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، پشتگیریکردن لە تواناکانی کۆمەڵە پارێزەران و ڕێکخراوەکانی ژنان لە چاودێریکردن، داکۆکیکردن و بەدواداچوونی کەیسەکاندا.