٥١١ خێزان دەگەڕێنەوە سەرێکانی
کاروانی سێیەمی ئاوارەکانی سەرێکانی، کە ٥١١ خێزان لەخۆ دەگرێت، لە کەمپی واشۆکانییەوە بەڕێکەوت بەرەو ماڵەکانیان لە گوندەوارەکانی شاری سەرێکانی.
حەسەکە
کاروانی سێیەمی ئاوارەکانی سەرێکانی، ئەمڕۆ لە کەمپی واشۆکانییەوە بەڕێکەوت. لەم کاروانەدا ٥١١ خێزان کە لە کەمپی واشۆکانی و ناوەندەکانی پەنابەران دەژین، هەن و بەرەو گوند و ناوچەکانی دەوروبەری سەرێکانیێ بەڕێکەوتن.
لە ٩ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، شاری سەرێکانیێ و گرێ سپی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتە پەیوەستەکانییەوە تووشی هێرشێکی توند و دڕندانە بوون. بەهۆی جەنگی توندەوە، دانیشتووانی هەردوو شارەکە ناچار بوون ڕوو لە ناوچەکانی بەڕێوەبردنی خۆسەری بکەن، بۆ ئەوەی بە ئاسایش بژین. لەسەر ئاوارەبوونیان حەوت ساڵ تێپەڕیوە. ئەمڕۆ کاروانی سێیەم ڕوو لە گوند و شارەکانی خۆیان دەکات.
ئەو خێزانانەی لەم کاروانەدا بەشدارن، پێش دەستپێکردنی ڕێگا لەبەر کەمپی واشۆکانی کۆبوونەوە و ئامادەکارییەکانیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچە ڕەسەنەکانی خۆیان کرد. ئەم کاروانە لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانیدا، کاروانی سێیەمە.
دوو کاروان پێشتر بەڕێکەوتبوون
کاروانی یەکەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی لە ١٠ی ئابەی ٢٠٢٦ دەستی پێکرد. لەو کاروانەدا ٤١٠ خێزان هەبوون و بەرەو ناوچەکانی باشووری سەرێکانی چوون.
کاروانی دووەمیش لە ٨ی ئەیلولی ٢٠٢٦ بەڕێکەوت. لەم کاروانەدا ٦٨٩ خێزان بەشدار بوون و بەرەو گوندەکانی دەوروبەری سەرێکانیێ، هەروەها ناوچەکانی تەل تەمیر و زیرگانێ چوون.
بە کاروانی سێیەمی ئەمڕۆ، ژمارەی ئەو خێزانانەی لەم سێ کاروانەدا بەرەو ناوچەکانی خۆیان ڕێکەوتوون، لە ١ هەزار و ٦٠٠ خێزان زیاترە.
٨٠ هەزار ئاوارە چاوەڕوانی گەڕانەوەن
بەپێی داتاکانی کۆمیتەی ئاوارەکانی سەرێکانی، نزیکەی ١٤ هەزار خێزان کە ژمارەیان دەگاتە نزیکەی ٨٠ هەزار کەس، داوای گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان کردووە.
پرۆسەی گەڕانەوە لە کاتێکدا بەردەوامە کە زۆربەی ئاوارەکانی سەرێکانی هێشتا لە کەمپ و ناوەندەکانی پەنابەران دەژین و چاوەڕوانی دابینکردنی مەرجەکانی ئاسایش و گەرەنتی بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵ و زێدەکانی خۆیانن.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی کە لە چوارچێوەی پەیمانی ٢٩ی کانونی دووەمدا دیاریکراوە و ئامانج ئەوەیە کە پرسی ئاوارەبوون بە گەڕانەوەی ئارام و بە ویستی خۆی خێزانەکان چارەسەر بکرێت.