تەحەددیاتی دەستووری نوێی سوریا؛ لە بۆشایی یاساییەوە بۆ نادادپەروەری پێکهاتەیی
بەشیرە جەمال ئەلدین، پارێزەری دیاری سوریا جەختی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا لە قۆناغێکی ناسەقامگیری و ئاژاوەی یاسایی و ئینکاری ناسنامەدا دەژین. پێویستە داواکاریی هەموو گروپەکانی کۆمەڵگا لەبەرچاو بگیرێت و کارەکانی ئەلجۆلانی بنەمای یاسایی نییە.

ڕوبارین بێکەر
حەسەکە - سوریا بەردەوامە لە بۆشایی یاساییەوە؛ بۆشایییەک کە بە هەڵوەشاندنەوەی دەستووری ساڵی ٢٠١٢ی ڕژیمی پێشوو دەستی پێکرد. هەرچەندە دەستووری نوێ بۆ قۆناغی ئینتقالی داڕێژراوە و بڕیارە ڕێگای وڵات بەرەو سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە خۆش بکات، بەڵام پشتگوێخستنی ڕۆڵی کەرتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا تا ئێستاش تەحەدایەکی جددی دەمێنێتەوە.
نەبوونی دەستوورێکی هەمەلایەنە بە یەکێک لە تەحەددای هەمەڕەگرنگ بۆ سیستەمی یاسایی و سیاسی دادەنرێت. داڕشتنی دەستوور بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و گشتگیر و نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون، دەسەڵاتی دەستوور لە ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان حاکم و هاوڵاتیان لاواز دەکات. ئەو ڕاستییەی کە بەشێک لە گرووپە کۆمەڵایەتییەکان لە دەستووری نوێدا لە مافەکانیان بێبەش کراون، ڕەنگدانەوەی نکۆڵیکردنە لە فرەچەشنی فەرهەنگی و ئایینی و نەتەوەیی لە سووریا و دژایەتی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی داڕشتنی دەستوورە.
بەشیرە جەمال ئەلدین، هاوسەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی حەسەکە لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، پێی وایە لە ٨ی کانوونی دووەمەوە، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دەستنیشانکردنی ئەحمەد ئەلشەرا "ئەلجولانی" وەک سەرۆکی حکومەتی نوێی سوریا، وڵاتەکەی چووەتە قۆناغێکی نوێوە. دەشڵێت: "کاتێک شوێنەکان هەڵە بن، ئەنجامەکان هەڵە دەبن و ڕێک ئەوەش دۆخی ئێستای سوریایە. لە کۆنفرانسی نەسر کەسانێک هەبوون کە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلی سوریا نەبوون؛ ئەوان توخمگەلێکی چەکدارن کە دەستیان بە خوێنی هاونیشتمانیان پەڵەدارە.ئامادەبوونی ئەو جۆرە کەسایەتییە سەربازییانە لە کۆنفرانسە سیاسییەکان لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراو نییە و پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
بەشیر جەمالەدین بە ئاماژەدان بە ئامادەبوونی ئەحمەد ئەلجاسم ناسراو بە "ئەبو ئەمشە" و حاتەم ئەبو شەکرە بکوژی سیاسەتمەدار هەڤرین خەلەف، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کەسانە بەرپرسیارن لە زۆرێک لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکانی تورکیا، لەوانە عەفرین، گرێ سپی و سەرێکانی.
جەختیشی لەوە کردەوە: "حکومەتی نوێ لەبری پێدانی پۆست و تاجی سەریان، پێویستە ئەو کەسانە بخاتە بەردەم دادگا". دەشڵێت: ئامادەبوونیان مەترسییەکی جددی لەسەر ئایندە و ئاسایشی سوریا دروست دەکات، بەو پێیەی زۆربەی بەشداربووانی کۆنفرانسەکە لە بنەڕەتدا سوری نین و بەم دواییە ڕەگەزنامەی سوریایان لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسایی وەرگرتووە.
سەبارەت بە لیژنەی داڕشتنی دەستور کە لە دوای کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتیمانی پێکهێنرا، بەشیر جەمالەدین ڕایگەیاند: "دوای کۆنفرانسی نەسر، ئەندامانی لیژنەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی دەستنیشانکران". لەم پڕۆسەیەدا بەشێک لە کۆمەڵگەی سوریا بە نوێنەری باکور و ڕۆژهەڵاتەوە بە هۆی وەرنەگرتنی بانگهێشتنامە بەجێهێڵران. نزیکەی ٥٠٠ کەس بەشداری کۆنفرانسەکە بوون، بەڵام گردبوونەوەکە ئەنجامی ئەرێنی لە دەستەبەرکردنی مافی تاقمە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا بەرهەم نەهێنا و بە ئامانجەکانیشی نەگەیشت. "نەبوونی لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، و بەشداریی تاکەکان کە تەنها نوێنەرایەتی بەرژەوەندییە کەسییەکانی خۆیان دەکەن، لە هۆکارەکانی ئەم شکستە بوون".
سەبارەت بە سروشتی دەستوور و لێهاتوویی ئەندامانی لیژنەکە بۆ داڕشتنی یاسایەک کە هەموو سوورییەکان لەسەری ڕێککەوتوون، ڕوونیکردەوە: "بەپێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٤٨ پەسەندی کرد، دەستوور بەڵگەنامەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتییە کە بە باڵاترین یاسا دادەنرێت بۆ دیاریکردنی پەیڕەوی بنەڕەتی فۆڕمی حکومەت و سیستەمی حکومەت". ئەم یاسایە دیاری دەکات کە ئایا سیستەمەکە دەسەڵاتی پاشایەتییە یان کۆمار، هەروەها پێکهاتەی حکومەت سەرۆکایەتییە یان پەرلەمانییە. "هەروەها دەستوور پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و دادوەری و جێبەجێکردن ڕێکدەخات."
بەشیرە جەمال ئەلدین لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "لیژنەی دەستوری یەک ڕەهەندە، لە کاتێکدا سوریا وڵاتێکە کە لە کولتوور و گەل و ڕەگەز و نەتەوەی جۆراوجۆر پێکهاتووە. لە ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا مۆدێلێکی دیموکراسی و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیمان هەیە کە مافی هەموو گەلان دەپارێزێت و وەک دەستورێکی کاریگەر لە ناوچەکانماندا خزمەت دەکات. ئەگەر حکومەتی کاتی ئەو مۆدێلە لە دەستووری نوێدا جێبەجێ بکات، ئەوا مافی هەمووان پارێزراو دەبێت".
جەختیشی لەوە کردەوە کە گەلی سوریا لە قۆناغێکی ناسەقامگیری و پشێوی یاسایی و ئینکاری ناسنامەدا دەژین. ئەمه له کاتێکدایه که دەبێت داواکاریی هەموو گروپەکانی کۆمەڵگه له بەڕچاو بگیرێت و کارەکانی ئەحمەد الشراع "الجولانی" هیچ بنەمایەکی یاسایی نییه . بەشیر جەمالەدین ڕوونی کردەوە: بنەمای بنەڕەتی بۆ داڕشتنی دەستوور هەیە؛ "لەوانەش پێناسەکردنی ناسنامە بۆ سورییەکان، بەهێزکردنی ناسنامەیەکی نەتەوەیی گشتگیر، سەروەری یاسا، گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، دادپەروەری ئینتقالی، شەفافیەت لە دۆزینەوەی ڕاستییەکان، گەشەسەندنی بەردەوام و بنەمای یەکسانی جێندەری، ئەمە جگە لە بنەماکانی دیکە کە پێویستە لە دەستووری نوێی سوریادا جێگیر بکرێن".
لە ڕوونکردنەوەی فۆرمە یاساییەکانی حکومەتەکان، وتی: سێ جۆر حکومەت هەیە: حکومەتێکی ئینتقالی دیموکراسی کە تێیدا ڕێککەوتن لە نێوان ئەنجوومەنی گەل و پەرلەمان و ئەندامەکانیدا هەیە؛ حکومەتێکی ئینتقالی نیمچە دیموکراسی کە ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیەی تێدا نییە؛ "وە حکومەتی نادیموکراسی".
بەشیرە جەمال ئەلدین پێی وایە ئەو ئاژاوەگێڕییەی ئێستا لە سووریا ناشەرعییەتی کۆنفرانسەکانی داڕشتنی دەستوور ئاشکرا دەکات و کارەکانی ئەحمەد ئەلشارا بنەمایەکی یاسایی نییە. ئەو پرسیارەی کرد کە "شەرعیەتەکەی لە کوێوە وەرگرتووە؟" "ئایا لە کۆنفرانسە خۆبەخشەکانەوەیە؟" جەختیشی لەوە کردەوە کە تاکە سەرچاوەی شەرعیەت گەلە: "مافی گەلی سوریایە، بە هەموو هەمەچەشنییەکەیەوە، داهاتووی وڵاتەکەیان دیاری بکات".
بەشیرە جەمال ئەلدین سەبارەت بە ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە داڕشتنی دەستووری نوێی سوریا ڕایگەیاند: "لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی دووفاقی لە پێشهاتەکانی سوریادا بینیوە و هەڵوێستی ڕوونی لەبارەی ڕووداوەکانی ئێستاوە نەبووە".
ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەمەجۆریی نەتەوەیی و کولتووریی سووریا کە کورد، عەرەب، سریانی، ئاشووری و گەلانی دیکەش دەگرێتەوە، وتی:" دوورخستنەوەی ئەو گرووپانە لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی و لیژنەی ئامادەکاری بۆ داڕشتنی دەستوور، ستەمێکی ئاشکرا و بێبایەخکردنی ناسنامە و ڕۆڵی ئەوانە. هەروەها ژنان لە دەستووردا لە مافەکانیان بێبەشن و هیچ ڕۆڵێکیان لە داڕشتنی ئەو دەستوورەدا نییە. ئەمه له کاتێکدایه که ژنان توخمێکی کارا بوون له کۆمەڵگەی سوریادا و به درێژایی جەنگ له بەڕامبەڕ زوڵمدا خەباتیان کردووه . بەتایبەت ژنانی ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە ڕۆڵی پێشەنگیان لە پێشەنگایەتیکردنی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی سەربازی و سیاسی و دیپلۆماسیدا گێڕاوە".
بەشیر جەمالەدین بە جەختکردنەوە لە "گرنگی ڕۆڵی چالاکانەی ژنان لە لیژنەکانی داڕشتنی دەستوور و زامنکردنی مافەکانیان"، داوای لە حکومەتی نوێ کرد کە گەرەنتی بەشداریکردنی یەکسان و دادپەروەرانەی سەرجەم گروپە جەماوەریەکان بکات. ناوبراو داوای ڕۆڵی بنەڕەتی بۆ ژنان لە لیژنەی دەستووری و بەلایەنی کەمەوە لەسەدا ٥٠ بۆیان لە حکومەتی نوێدا کرد. ئاماژەی بەوەشکرد، کەسانی وەک عائیشە الدیبس نوێنەری ڕاستەقینەی ژنان نین و تەنها خزمەت بە بەرژەوەندی حکومەت دەکەن. ئێمە بوونی ئەو جۆرە کەسانە قبوڵ ناکەین کە نوێنەرایەتیمان بکەن. "ئەو ژنانەی باوەڕیان بە پرسی ژنان هەیە، پێویستە نوێنەرایەتی ئێمە بکەن، پیاوانیش شانبەشانی ئەوان کاربکەن بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی".