سەردەمی مۆرکراوی ئازادی و بارودۆخی گرنگی چاپەمەنی لە ئێراندا

ئێران لە ڕاپۆرتی ساڵانەی پەیامنێرانی بێ سنووردا لە کۆی ١٨٠ وڵات پلەی ١٧٦ی بەدەستهێنا و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا، ئامارێک کە سەرکوتکردنی سیستماتیکی ڕۆژنامەنووسان و بەتایبەت ژنان و بێدەنگکردنی دەنگە سەربەخۆکان ئاشکرا دەکات.

ڤیان مێهرپەروەر

 

مەهاباد - هەموو ساڵێک ٣ی گوڵان وەک ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەری بەڕێوەدەچێت، ئێران وەک یەکێک لە گەورەترین زیندانەکانی ڕۆژنامەنووسان لە جیهاندا لەم ڕۆژە نزیک دەبێتەوە. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی هەواڵنێرانی بێسنوور بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریی ئەمساڵەوە، ئێران لە کۆی ١٨٠ وڵاتدا پلەی ١٧٦ی گرتووە، بەمەش ئێران لەڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە یەکێک لە خراپترین وڵاتەکانە. ئازادی ڕۆژنامەگەری لەم بەشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە هۆی هۆکاری جۆراوجۆرەوە کاریگەرە، و بەردەوام لە خراپبووندایە، بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی".

 

سەردەمی مۆرکراوی ڕۆژنامەوانی لە ئێران
فەزای میدیایی ئێران بە توندی سنووردارە و کۆنترۆڵکراوە. ساڵانێکە دەزگا ڕۆژنامەوانییە سەربەخۆکان لە گۆڕەپانەکەدا نەهێڵراون بۆ خستنەڕووی پرسە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان و بابەتەکانی وەک ناڕەزایەتی، مافی ژنان، مافی کرێکاران و هتد یاسا و ڕێساکانی دژە "ئاسایشی نیشتمانی". میدیا و ڕۆژنامەکانی ئێران لە خزمەتی ناچاریدان بە حکومەت و لە چوارچێوەی یاسا سیاسییەکانی وڵاتدا و تەنانەت فەیلەقی پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعات بە دروستکردنی میکانیزمی دەرکردنی مۆڵەتی ڕووماڵکردنی هەواڵ و سنووردارکردنی جوڵەی ڕۆژنامەنووسان (لەوانەش ڕۆژنامەنووسانی بیانی)، و چاودێریکردنی ڕاستەوخۆی ناوەڕۆک، ئەگەری ڕاپۆرتکردنی سەربەخۆیان بە توندی کەمکردووەتەوە.


کاژال حەکیمی کە ناوێکی خوازروە، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ، هەلومەرجی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ئێران بە ڕەخنەگرانە دەزانێت و دەڵێت: لەم وڵاتەدا ڕەنگدانەوەی بێلایەنانەی ڕاستییەکان بە تاوان دادەنرێت؛ "دەزگای میدیای سەربەخۆ بە کردەوە ناتوانن کاربکەن و فشارە ئابووری و ئەمنییەکان دەنگە سەربەخۆکان بێدەنگ دەکەن.

 

ژنە ڕۆژنامەنووسان ڕووبەڕووی دوو فشار و سانسۆر دەبنەوە
فشار، هەراسانکردن، سەرکوتکردن و تەحەددا بۆ ڕۆژنامەنووسانی ژن لە ئێراندا لە چاو پیاوان زیاترە. نەبوونی میدیای ئازادی ژنان، هەراسانکردن و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی و جێندەری، لەگەڵ سەرکوتکردنی سیستماتیکی حکومەت، بەربەستی زۆر بوون بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس. شەیدا ئەحمەدی (ناوی ساختە) ژنە ڕۆژنامەنووسێکە و لە سەرەتای کارەکەیەوە ڕووبەڕووی ئەو کێشانە بووەتەوە. ئەو دەڵێت: کاتێک دەتەوێت وەک ژنە ڕۆژنامەنووسێکی غەیرە فارس و غەیرە شیعە لە سیستەمی ئێراندا کاربکەیت، بەدڵنیاییەوە لە میدیا گەورەکاندا هەلی کار بۆ تۆ نییە. وەک ژنێک کەمتر دەستت بە سەرچاوەی هەواڵەکان دەگات و لەوانەیە تووشی چەندین کردەوەی ژنکوژ بیت کە تەنها ئامانجیان لەناوبردنی تۆ دەبێت لە مەیدانەکەدا. "نەبوونی میدیای سەربەخۆی ژنان و سانسۆرکردنی بابەت و پرسەکانی ژنان لە چاپەمەنی ئێراندا، وەک ئەوە وایە دەمێک بدوریت کە هاواری ژنان پەخش بکاتەوە.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا ژنە ڕۆژنامەنووسەکان ئاستێکی بێ وێنەی سەرکوتکردنیان لە ئێراندا بەخۆوە بینیوە و لە هەندێک کاتدا ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی ژن کە بەهۆی ئەرکە پیشەییەکانیانەوە زیندانی کراون، لە ژمارەی ڕۆژنامەنووسانی پیاو زیاتر بووە. بۆ نموونە ژنە ڕۆژنامەنووسانی وەک ژینا مۆدەرەس گۆرجی سزای زیندانیکردنی جێبەجێکراویان وەرگرتووە و پەخشان عەزیزی، توێژەری کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەنووسی کورد، ئێستا لە زینداندایە و بەهۆی چالاکییەکانییەوە ڕووبەڕووی سزای لەسێدارەدان دەبێتەوە. پێویستە بگوترێ کە میدیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی، بە پشتبەستن بە چالاکییە میدیاییەکانی کە هاوتەریب بوون لەگەڵ مافی مرۆڤ و مافەکانی ژنان، چەندین جار هەوڵی بە تاوانبارکردنی چالاکییەکانی ئەم ڕۆژنامەنووس و چالاکە ژنە داوە.

 

بەرخۆدانی ڕۆژنامەنووسان لە دەرەوەی چینەکانی سانسۆر و سەرکوت
سەرەڕای گوشارە ئەمنییەکان و دەستبەسەرکردن و سانسۆرێکی بەربڵاو، ڕۆژنامەنووسانی ئێران بەردەوامن لە دۆزینەوەی ڕێگاکانی درێژەدان بە کارەکانیان. زۆرێکیان ناچارن ناوەکانیان بە نهێنی بهێڵنەوە و سۆشیال میدیا و میدیای دەرەوەی وڵات بۆ پێدانی زانیاری سەربەخۆ بەکاردەهێنن. ڕۆژنامەگەری هاوڵاتی و تۆڕە نافەرمیەکان توانیویانە هەواڵی قەدەغەکراو بڵاوبکرێنەوە. هەروەها هەندێکیان لە ڕێگەی زمانی ڕەمزی، نوکتە، یان گێڕانەوەی ناڕاستەوخۆوە سانسۆر دەور لێ ئەدەنەوە، ڕەتدەکەنەوە ڕاستییەکان بڵاوبکرێنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بە دەمی داخراوەوە "هاوار بکەن". پێکهێنانی کەمپەینی بەکۆمەڵ وەک "ڕۆژنامەگەری تاوان نییە" و لێدوانەکانی پەیوەندیدار نیشان دەدەن کە بەرخۆدانی تاکەکەسی بۆتە بزووتنەوەیەکی گشتی. زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی دەربەدەر، دوای جێهێشتنی ئێران، بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرت لەسەر بنەمای سەرچاوە ناوخۆییەکان، هەرچەندە تەنانەت لە دەرەوەی وڵاتیش لە هەڕەشە و هەراسانکردن سەلامەت نین.