لە سوەیدا بۆ زیندانی حارم: ژنانی زیندانی لە چنگی سوکایەتیی تایەفەگەری و دەستدرێژی چەکداریدا
ژنانی سوەیدا لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە دەستگیرکراون، لێدان، سوکایەتی،هەڕەشەی کوشتن،دەستدرێژی سێکسی ،ئەشکەنجەی دەروونی ئاشکرا دەکەن.

لەمیس ناسر
شام- لە بەیانییەکی ئاسایی مانگی نیساندا کۆمەڵێک ژن و پیاوی چالاک لە کاروباری مەدەنی و ژن، شاری سوەیدایان بە پاسێک بەرەو شاری ڕەققە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەجێهێشت، بەشداریکردن لە وۆرکشۆپێکی ڕاهێنان لەسەر تواناسازی مەدەنی، گەشتەکەیان تەواو نەبوو، لەسەر ڕێگای شاری حومس لەلایەن گروپێکی چەکدارەوە دەستیان بەسەردا گیرا، کە دەستیان کرد بە دەستگیرکردن،سوکایەتی کردن، هەڕەشە ،بردنی ژنان بۆ زیندانی حارم لە ئیدلیب، لەوێ بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک، لە بارودۆخێکی سەخت و ئابڕووبەردا ڕاگیران.
ئاژانسەکەمان شایەتی تایبەتی هەندێک لەو ژنانەی دەستگیرکراون بەدەست گەیشتووە، وردەکارییە ترسناکەکانی لێدان، سوکایەتی، هەڕەشەی کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، ئەشکەنجەی دەروونی لەسەر بنەمای تایەفەگەری و ڕەگەزی گێڕاوەتەوە.
'لێیان داین و هەڕەشەی کوشتنیان لێکردین'
سەفا شوجاع، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، دەڵێت: چەکدارەکان لە خاڵێکی پشکنین لە شاری حومس ڕێگرییان لێکردین،جنێویان پێداین،لێیان داین، نەیانهێشت قسە بکەین، تۆمەتی ناڕوونیان ئاراستە کردین، بەڵام بەبێ هیچ هۆکارێکی دیار دەستگیرکراین.
ئەو وتی: ئەوان زۆریان لێکردین کە سەرمان بە پارچە جلوبەرگێکی ڕەش داپۆشین، ئێمەیان بەستەوە و بردیان بۆ ناو پاس، هاواریان دەکرد کە کاتێک گەیشتینە سرمەدە لەناومان دەبەن، پێنج کاتژمێر لە ترس و تۆقاندن ژیاوین، لەو ماوەیەدا وامانزانی مردن نزیکترە لە ژیان.
لێکۆڵینەوەی ڕەسمی و دەستێوەردانی ڕانەگەیەندراو
سەرەڕای هەڕەشەکان، دەستگیرکراوەکان جەخت دەکەنەوە کە ئەو لێپرسینەوەیانەی دواتر لەگەڵیان ئەنجامدراون کەمتر توندتر بوو،پێدەچێت ئەمە دوای دەستێوەردانی بەرپرسانی باڵا بووبێت، سەفا شوجاع ڕوونیکردەوە کە یەکێک لە بەرپرسەکان پێی وتن: فەرمانمان پێدراوە کە زیاتر زیانتان پێنەگەیەنین، دەمانەوێت بزانین بۆچی چوون بۆ ڕەققە، ئایا چ پەیوەندییکتان بە کوردەکانەوە هەیە؟
ژنەکان بە جیا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا کراوە و بەبێ هیچ تۆمەتێکی فەرمی ئازاد کراون.
کاریگەری دەروونی نەسڕاوە
سەرەڕای ئازادکردنیان، دەستگیرکراوەکان جەختیان کردەوە کە ئەو شتانەی بەسەریاندا هاتووە کاریگەری دەروونی قووڵی بەجێهێشتووە، بڕیاریان دا ملکەچی ئەو ترسە نەبن، ئەوەی ڕوویدا بە هاندانێکی دیکەیان زانی بۆ بەردەوامبوون لە کاری مەدەنی و ژنان، و سەفا شوجاع دەڵێت: ئێمە بێدەنگ نابین. ئەوەی ڕوویدا دەبێت دۆکیۆمێنت بکرێت، جیهان بزانێت کە ئێمە هێشتا بەهۆی ناسنامە و بیروبۆچوونەکانمانەوە دەستگیر و سوکایەتیمان پێدەکرێت.
له ناو بەندیخانەی حارم چاودێریکردنی توند و پێشێلکاری بێدەگانە
پاش چەند کاتژمێرێک لە تێپەڕاندنی خاڵەکانی پشکنین، ژنەکان گواستراونەتەوە بۆ بەندیخانەی حارم، لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێت، سەفا شوجاع دەڵێت" کامێرای چاودێری لەناو زیندانەکاندا هەبوو، یەکێک لەو ژنانەی کە لە زیندانەکەدا کار دەکات، سەر بە رێکخراوێکی چەکدار بوو، بە شێوەیەکی شەرمەزارکەرانە پشکنینی بۆ کردین، بە ئەنقەست گاڵتەی پێدەکردین".
دەستگیرکراوەکان دووپاتیان کردەوە کە لە ناو زینداندا چاویان بە زیندانی دیکە کەوتووە، لە ناوچە و باکگراوندی جیاواز، هەندێکیان ئەشکەنجە دراون، هەندێکی دیکەش لە ژووری تاکەکەسیدا جیاکراونەتەوە،"یەکێک لە ژنە گەنجەکان ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر ئەو مامەڵەیە، سزایەکەی خستیانە زیندانی تاکەکەسییەوە بەبێ ڕوناکی و خواردنی تەواو."
تایەفەگەری تاکە تۆمەتی ئێمە بوو
ڕیما عازام، چالاکوانێکی مەدەنی بەناوبانگ لە سوەیدا، ڕووداوەکەی بە "بۆسەی تایەفەگەری" پێناسەکرد، هەر کە زانییان ئێمە لە کۆمەڵگەی دورزی، سوکایەتی ئایینیان بە ئێمە کرد. یەکێکیان وتی "ئێوە بەرازن،شێخەکانتان خیانەتکارن، ئێمە لەسەر ڕێگای خۆمان بەخێوتان دەکەین، ناسنامەی ئایینیمان بوو بە ئامرازی هەڕەشە و سوکایەتیکردن."
ناچاریان کردین بە درێژایی گەشتەکە سەرمان بچەمێنینەوە. گوێم لە یەکێک لە ئەفسەرەکان بوو دەیوت "کاتژمێر چوار و نیوی بەیانی ساغ دەکرێنەوە." من ئامادە بووم بۆ مردن، بەڵام ئامادە نەبووم بۆ ئەو سووکایەتییەی کە ڕووبەڕوومان بووەوە.
هەڕەشەی دەستدرێژی و دەستدرێژی سێکسی
رەنیم ڕەزوان، یەکێک لە ڕزگاربووەکان ڕوونی کردەوە کە وەک کەسانی تر لێم نەدرابوو، بەڵام بەردەوام ئازار دەدرام. یەکێکیان وتی: دەتانێرین بۆ لای کوردەکان، بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەرتان، تاکو کۆمەڵەکەتان فێر بێت کە هیچ شکۆمەندییەکی نییە.
رەنیم ڕەزوان وتی: من پەیوەندی ئایینی خۆمم هەڵنەبژاردووە، کەواتە بۆچی لەسەر ئەوە سزا دەدرێم؟
ئەوەی ڕوویدا وایلێکردم کە لە دەرەوەی سنووری شارەکەم هەست بە ئاسایشی خۆم نەکەم، چیتر بوێری سەردان کردم نییە، دەترسم سەردانی شوێنێکی دیکە بکەم، لە خاڵەکانی پشکنین، لە هەموو شتێک لە دەرەوەی سنووری شارەکەمان. ئەوان ترسێکی پێناسە نەکراویان لە ئێمەدا چاند.
ئەم گەواهیدانە شێوازێکی بەردەوامی پێشێلکارییەکانی دژ بە ژنانی سووریا دەردەخەن، بەتایبەتی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، خۆیان لە نێوان چەکوشی ڕژێم ،هەتەشە ،چەتەکان دەبیننەوە.