لە نێوان دیجیتاڵ و دەسەڵاتی دادوەری ژنانی یەمەن ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبنەوە

لە نەبوونی یاسایەکدا کە ژنان لە توندوتیژی دیجیتاڵی بپارێزێت، نمونەی ژن سەریان هەڵداوە کە بەربەستی ترسیان شکاندووە و لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە ڕووبەڕووی هەڵمەتەکانی چەواشەکاری بوونەتەوە، دەرگایان کردووەتەوە بۆ گفتوگۆیەکی فراوانتر سەبارەت بە دادپەروەری

ڕانیا عەبدوڵا

 

یەمەن- ژنانی چالاکوان لە کایەی گشتی یەمەن، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا تووشی بیڕێزی و ناوزڕاندن دەبن، لە نەبوونی هیچ ڕێگرییەکی یاسایی ڕاستەقینەدا، ئەمەش پاڵ بە بەشێکی زۆریانەوە دەنێت بۆ کشانەوە یان کەمکردنەوەی ئامادەیی و چالاکییەکانیان لە بوارە جیاوازەکاندا، لەوانە سیاسەت، میدیا و بوارەکانی دیکە کە هەست بە ئامادەبوونی ژنان دەکرێت.

 

یاساکانی یەمەن بە بەسەرچوو ماونەتەوە و هاوتەریب نین لەگەڵ قەبارەی ئەو پێشێلکارییانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی دیجیتاڵی، لە ئەنجامدا زۆرێک لە ژنان خۆیان لەبەردەم دوو هەڵبژاردنی سەختدا دەبیننەوە: بێدەنگی یان کشانەوە لە کایەی گشتی.

 

"ڕۆڵگێڕانی ژنان کە بەربەستی ترس دەشکێنن"

سەرەڕای ئەمەش، ژنانی نمونەیی سەریان هەڵداوە کە ڕەتیانکردەوە بێدەنگ بن و پێداگرییان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵمەتەکانی ناوزڕاندن بە شێوەیەکی یاسایی کردووە، دکتۆر ئولفەت دەبعی، پرۆفیسۆری یاریدەدەری کۆمەڵناسی لە زانکۆی تەعز و ئەندامی کۆمیسیۆنی ڕاوێژ و ئاشتەوایی، لە یەکەم ژنان بوو کە پەنایان بۆ دەسەڵاتی دادوەری برد، دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەک کەسایەتی ناسراوەوە تووشی بێڕێزی و دەنگۆ بوون، ئەو ژنە شەڕی یاسایی دژی توندوتیژی دیجیتاڵی و دەنگۆ ئەنجامدا، زنجیرەیەک سکاڵای یاسایی لە دادگاکانی یەمەن، میسر و سعودیە لە دژی کەسایەتییە یەمەنییەکان تۆمارکرد کە بێڕیزیان پێکردبوو.

 

ئولفەت دەبعی ڕوونیکردەوە، کە هەڵمەتەکانی دەنگۆ و ڕەشبگیری لە کایەی گشتیدا هەم ژن و پیاو دەکەنە ئامانج، بەڵام جیاوازیی بنەڕەتی لەوەدایە کە زۆرجار ناوزڕاندن لە دژی ژنان پەیوەستە بە پرسە ڕەوشتیەکان و ئاماژەی سێکسییەوە، کە لە کۆمەڵگە نەریتییەکانی وەک کۆمەڵگەی یەمەندا، پەیوەستە بە چەمکی شەرمەزاریی کۆمەڵایەتییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەم تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەوە، ژنان تووشی فشارێکی بێئەندازە دەبن لەلایەن خێزانەکانیانەوە، بەتایبەتی لەلایەن باوک یان براکانیانەوە، ئەمەش وایکردووە زۆرێک لە کایەی گشتی بکشێنەوە و پاشەکشە بکەن بۆ ژیانی تایبەتی، ڕەشبگیرییەکان ئەم لاوازییە دەقۆزنەوە، هەروەها بە لاوازییەکی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دەزانن، زیانێکی دەروونی بەرچاو دەگەیەنن کە لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت ببێتە هۆی گۆشەگیری یان تەنانەت خۆکوشتن، بەتایبەتی لە حاڵەتەکانی ڕەشبگیری کە وێنە یان زانیاری کەسی تێدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا، یەمەن شایەتحاڵی حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان بووە لە ترسی کاردانەوەی خیزانەکانیان یان کۆمەڵگە.

 

دووپاتی کردەوە، کە کۆمەڵگە بە جێگرەوەی چەمکە نەریتیە کەموکوڕییەکانەوە دەمێنێتەوە، زۆرجار کەرامەتی پیاو بەستراوەتەوە بە باری داراییەوە نەک بە ڕەوشتیەوە و بەهاکانییەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی ناهاوسەنگییەکی ڕوون لە سیستەمی بەها کۆمەڵایەتییەکاندا، هەڵمەتەکانی چەواشەکاری دژی ژنان شێوازێکی ئاشکرای توندوتیژی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێکدەهێنن و مەترسییەکانیان گەورەتر دەبێت، چونکە زۆرێک لە ژنان ناتوانن بەدوای پەناگەی یاساییدا بگەڕێن یان بەهۆی سنوورداربوونی سەرچاوە داراییەکان یان ترس لە چەواشەکاری کۆمەڵایەتی ئەگەر دۆسیەکە ببێتە گشتی.

 

ڕوونیکردەوە، کە ڕێکارە یاساییەکان ئاڵۆزن و تێچووی زۆری دەوێت، جگە لە تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی باو کە پەنابردن بۆ دادگاکان دانپێدانانێکی ناڕاستەوخۆیە بە هەڵەکردن، ئەمەش وا دەکات بەشێک لە ژنان بێدەنگ بن و دەرفەت بدات بە ڕەشبگیرەکان بەردەوام بن لە داگیرکردنیان، بۆیە دکتۆر ئولفەت دەبعی پێی وایە زۆر گرنگە میکانیزمی پاراستنی یاسایی دابین بکرێت کە هەستیاری ئەم پرسانە لەبەرچاو بگرێت، لەوانەش ڕێکاری دادگاییکردن کە مسۆگەری نهێنی ناسنامەی زیانبەرکەوتووەکان دەکات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە یاساکە ئامرازێکی بنەڕەتییە بۆ ڕێگریکردن، چونکە یاسای ڕوون دژی دەنگۆ و ڕەشبگیری، بڵاوبوونەوەی ئەم تاوانانە سنووردار دەکات، بەڵام هێشتا یەمەن یاسایەکی ڕوونی نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان و دەنگۆی دیجیتاڵی، ئەمەش کێشەکەی گەورەتر کردووە، بە تایبەت لە ژێر ڕۆشنایی ئەو بارودۆخە ناکۆکیانەی کە وایکردووە هەندێک لە ئاژاوەگێڕییەکان بۆ قازانجی دارایی یان یەکلاییکردنەوەی نمرەی سیاسی بقۆزنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک لەو ژنانەی کە لە بواری گشتیدا کاردەکەن، تووشی هەڵمەتی چەواشەکاری دەکرێن کە ئامانج لێی تێکدانی سەرکەوتنەکانیان و بەستنەوەی بە پرسە ڕەوشتیەکان یان پەیوەندییە کەسییەکان، لەبری ئەوەی دان بە دەستکەوتە پیشەییەکانیاندا بنێن، پێی وایە ئەم جۆرە توندوتیژییە سیمبولی و کۆمەڵایەتییە پێویستی بە وەڵامێکی یاسایی پتەو هەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دیاردەکە ڕەهەندی دیکەی وەرگرتووە، لەوانە هاندانی هەندێک لە پیاوانی ئایینی توندڕەو لە مینبەرەکانەوە، کە سەرنجیان لەسەر جەستە و جلوبەرگی ژنان وەک سەرچاوەیەکی دوودلییە، نەک بەرەوپێشبردنی بەها ڕەوشتیەکان لە کۆمەڵگەدا بە گشتی.

 

کاتێک ئەم وتارە لە کەسایەتییە ئایینییەکانەوە دێت، بۆ هەندێک شەرعیەتێکی ئایینی بەدەست دەهێنێت و فشارەکان لەسەر ژنان زیاد دەکات و ڕەشبگیرەکان بێ سزا دەهێڵێتەوە، وتی: ڕەشبگیری ڕەهەندێکی سیاسیشی بەدەستهێناوە، بەو پێیەی هەندێک لە چالاکوانان بەهۆی هەڵوێستەکانیانەوە لەسەر پرسەکانی گەندەڵی، چاکسازیی دامەزراوەیی یان ناکۆکی سیاسی دەکرێنە ئامانج، لەگەڵ دەنگۆ وەک ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی نمرەکان بەکاردەهێنرێت.

 

"ئەزموونی کەسی"

سەبارەت بە ئەزموونی تایبەتی خۆی، دکتۆر ئولفەت دەبعی وتی: من لەنێو ئەو ژنانەدا بووم کە هەڵمەتی چەواشەکارییان بۆ کراوە، بە لەبەرچاوگرتنی پسپۆڕییەکەی لە کۆمەڵناسیدا، درکی بە مەترسی بێدەنگی کردووە، سەرەتا هەوڵیدا لە ڕێگەی نووسین و ڕەخنە لە تۆڕی کۆمەلایەتی وەڵام بداتەوە، بەڵام تێبینی ئەوەی کرد کە ئەمە ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆکان ناکات، بۆیە بڕیاریدا پەنا بۆ دادگاکان ببات و بە کاریگەرترین ئامرازی ڕێگریکردن لە پێنوسی بدات.

 

ڕوونیکردەوە، کە بە ئەنقەست خۆی لە وەڵامدانەوەی ڕەشبگیرییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بەدوور گرتووە، لەبری ئەوە بە تەنها ڕێگای یاسایی گرتووە، بە ئامانجی بەدەستهێنانی بڕیارەکانی دادگا کە ڕێگری لەو جۆرە کارانە بکات، ئەم ڕێبازە بەشداربووە لە کەمکردنەوەی دیاردەکە، چونکە زۆرێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی زیاتر وریا بوون لەو شتانەی کە دەینووسن دوای ئەوەی درکیان بە ئەگەری کاردانەوەی یاسایی کرد، هەروەها فەلسەفەی یاسا لەسەر بنەمای ڕێگریکردن دامەزراوە، بەڵام کاریگەرییەکەی پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، لەوانە یەکپارچەیی دەسەڵاتی دادوەری و ئاسانکاری دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری.

 

ئولفەت دەبعی پێی وایە توانای ئەو بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی یاسایی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سەرچاوە داراییەکانیەوە هەبووە، ئەمەش وایکرد کە دۆسیەکەی لە بابەتی کەسییەوە بگۆڕێت بۆ پرسێکی نیشتمانی، دوای ئەوەی درکی بەوە کرد کە دیاردەی دەنگۆ و ڕەشبگیری ئۆنلاین مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر کۆمەڵگە و ئاشتی کۆمەڵایەتی لە یەمەن دروست دەکات، هەروەها گەیشتن بە ئاشتی تەنها بە کۆتاییهێنان بە ململانێکان سنووردار نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە هەیە کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە، چونکە پشتگوێخستنی ئەو پرسانە ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی دادپەروەر و بەردەوام، بۆیە کات و هەوڵ و سەرچاوەی دارایی بەرچاوی بۆ بەدواداچوونی ڕێکاری یاسایی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و ژنانی یەمەن و کۆمەڵگە بە گشتی تەرخان کرد.

 

سەبارەت بە بەئامانجکردنی بە شێوەیەکی تایبەتی، دکتۆر ئولفەت دەبعی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو پرسانەی کە لە کایەی گشتیدا وروژاندویەتی، چ ڕووبەڕووبوونەوەی هەندێک کەسایەتی و دیاردەی کۆمەڵایەتی، چارەسەرکردنی بابەتی ئەمنی و سەربازی یان بەرگریکردن لە مافەکانی ژنان، وەک مافی بەدەستهێنانی پاسپۆرت، هەروەها ئاماژەی بە داکۆکیکردنی لە ئازادییە گشتییەکان و ڕەخنەگرتنی لە هەندێک وتاری ئایینی و ڕۆڵی سیاسی و کاریگەرییەکانی لە کاروباری گشتیدا کردووە، تووشی چەندین جۆری دەنگۆ و ڕەشبگیری لەڕێگەی ئۆنلاینەوە بووە، جا چ سروشتی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئایینی یان ئابووری بێت.

 

"خاوبوونەوەی دادگاییکردن و ڕێکارەکانی تێچووی زۆر"

ئولفەت دەبعی بە هۆی بوونی بەشێک لەو کەسانەی کە لە دەرەوەی یەمەن بەشدارن لە دەنگۆکان، ناچار بوو لە چەند وڵاتێک سکاڵای یاسایی تۆمار بکات، لەوانە یەمەن، میسر و سعودیە، ئەمەش پێویستی بە گەشتکردن و ڕێکارە یاساییە ئاڵۆزەکان هەبوو، کە بارگرانییەکی دەروونی و دارایی بەرچاوی خستە سەری، بە تایبەت بە لەبەرچاوگرتنی خاوی دادگاییکردنەکان لە هەندێک وڵاتدا، سەبارەت بە کاردانەوەکان، وتی: خێزانەکەی هەر لەسەرەتاوە پایەی پشتیوانی بووە، هۆکارێکی چارەنووسساز بووە لەم جۆرە حاڵەتانەدا، سەبارەت بە کۆمەڵگە، سەرەتا تووشی شۆک بوو، زۆرێک بە ئاسانی باوەڕیان بەو دەنگۆیانە هەبوو، لە کاتێکدا ژمارەی لایەنگرانی سنووردار مایەوە، جێگای سەرسوڕمانە، زۆرێک لەوانەی لە کاتی هەڵمەتەکانی دەنگۆکەدا بێدەنگ بوون، دواتر دەستوەردانیان کرد بۆ نێوەندگیری و داوای ئاشتەوایی دوای ئەوەی دۆسیەکە گەیشتە دادگاکان.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە ئەم بێدەنگییە کۆمەڵایەتییە لە سەرەتادا بەشداربووە لە ئاساییکردنەوەی کولتووری دەنگۆ و ڕەشبگیری، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکانی دادگا و زیادبوونی هۆشیاری گشتی سەبارەت بەو مەترسیانەی کە ئەم دیاردەیە لەسەر بەها ئەخلاقیڕەووشتیەکان و ئاشتی کۆمەڵایەتی دروستی دەکات، دەستی بە دابەزین کرد، هەروەها پەنابردن بۆ دەسەڵاتی دادوەری هانی کەسانی دیکەی دا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان لە ڕووی یاساییەوە، سەرەڕای تەحەدئاڵەنگارییە بەردەوامەکان، دیارترینیان خاوبوونەوەی دادگاییکردن بوو لە یەمەن، کە هەندێک کەیس دەکریت زیاتر لە ساڵ و نیوێک بخایەنێت هەرچەندە دەتوانرێت لە ماوەیەکی کورتتردا چارەسەر بکرێن.

 

"ئاشتی کۆمەڵایەتی و مافی ژنان... هاوکێشەیەک کە بەبێ پاراستنی یاسایی تەواو نابێت"

ئولفەت دەبعی داوا لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکات کە ماوەیەکی ڕوون بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی دەنگۆ و ڕەشەبگیر دابنێت، دادگایەکی تایبەتمەند بۆ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان دروست بکات و دەرکردنی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنیەکان و ئاسایشی ئەلیکترۆنی خێراتر بکات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی بڵاوبوونەوەی پلاتفۆرمی پەیوەندی مەجازی و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە دەنگۆکاندا، هەروەها یاسایەکی سەردەمی بۆ تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بەمەبەستی پاراستنی کۆمەڵگە پێویستە و ئاسایشی ئەلیکترۆنی پێکهاتەیەکی بنەڕەتییە بۆ بونیادنانی ئاشتییەکی ستراتیژی و بەردەوام لە یەمەن.

 

ئولفەت دەبعی لە کۆتایی قسەکانیدا، وتی: بەدەستهێنانی ئاشتییەکی ستراتیژی و بەردەوام لە یەمەن سەختە بەبێ ئەوەی بە ڕاستی چارەسەری کێشەکانی ژنان نەکرێت و یاسا و سیاسەتێک دەربکرێت کە مافەکانیان وەک هاوڵاتییەکی یەکسان بپارێزێت، هەروەها بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و سەقامگیر بەبێ مسۆگەریکردنی دادپەروەری و یەکسانی بۆ هەمووان سەختە.