چۆن ژنانی مەغریب پێش ئەوەی بەدوای دادپەروەریدا بگەڕێن دەتوانن بەدەنگ بێن؟

گوێنگرتن لە ژنانی مەغریب پشتگوێ دەخرێت و بەمەش هەوڵی بێدەنگ کردنیان دەدرێت، ژنان وەک مافێکی مرۆڤ بەدوای بەدەستهێنانەوەی دەنگیان دەگەڕێن.

حەنان حارت

 

مەغریب – پێش هەر پرۆسەیەکی یاسایی، پێش سکاڵا و ڕێکارەکان، زۆرێک لەو ژنانەی کە دەبنە زیانبەرکەوتووی توندوتیژی یان وەدەرنانی کۆمەڵایەتی پێویستیان بە شتێک هەیە کە لە ڕووکەشدا سادە دەردەکەوێت، بەڵام کاریگەرییەکی قووڵی هەبێت، ئەویش گوێیان لێبگیرێت، ساڵانێک بێدەنگی و ترس لە چەواشەکاری و نەبوونی متمانە بە ژینگە کۆمەڵایەتی و دامەزراوەییەکانیان، قسەکردن دەکاتە کردەوەیەکی بوێرانە و تێچووی زۆر.

 

لەم چوارچێوەی مەغریبیدا، کە ئاستەنگە کولتووری و ئابوورییەکان لەگەڵ سستی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا یەکدەگرنەوە، گوێگرتن دەتوانێت خاڵی وەرچەرخان بێت، ڕەوتی تەواوی ژیانێک بگۆڕێت، هەندێک لە ژنانی مەغریبی لە شوێنی پشتیوانی کۆمەڵایەتی، دانیشتنە دەروونییەکان یان گروپەکانی گوێگرتندا ساتێکی ناسینەوەیان دۆزیەوە کە متمانەییان بە خۆیان گەڕاندەوە و ساڵانێک بێدەنگییان شکاند کە پەیوەندی بە چەواشەکاری و ترسی کۆمەڵایەتییەوە هەبوو.

 

چی ڕوودەدات کاتێک ژنێکی مەغریبی کەسێک دەدۆزێتەوە گوێی لێبگرێت؟

سەمیە.ع، تەمەن ٣٤ ساڵ، بۆ ماوەی دوو ساڵە جیابووەتەوە و دایکی دوو منداڵە، خۆی بینیەوە کە ڕووبەڕووی بڕیاری کۆمەڵایەتی توند بووەتەوە، وتی: لە دوای جیابوونەوەمەوە ژیانم گۆڕاوە، هەست دەکەم هەموو نیگایەک هەڵگری بڕیارێکە، وەک ئەوەی هەڵەیەکی گەورەم ئەنجامداوە.

 

وردە وردە ئەم بڕیارە بێدەنگانە گۆڕا بۆ گۆشەگیری کە کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی و تەندروستی دەروونی هەبوو، تا پەیوەندی بە گروپێکی پشتیوانی ژنانی ئۆنلاینەوە کرد، وتی: کاتێک پەیوەندیم بەو گروپەوە کرد، هەستم دەکرد گوێم لێگیراوە، بەبێ ترس قسەم کرد و بۆم دەرکەوت کە ئەزموونەکانم شەرمەزارکەر نین.

 

بەشداریکردن لە گفتوگۆکان و هاوبەشکردنی ئەزموونەکان یارمەتی سەمیە.ع دا کە متمانەی بەخۆی بەدەستبهێنێتەوە و تێکەڵ بێتەوە بە ژیانی کۆمەڵایەتی و پیشەیی، وتی: فێربووم چۆن ئاگاداری خۆم بم و تەندروستی دەروونیم بپارێزم، دەستم کرد بە هەستکردن بەوەی ژیانم بەهای هەیە، سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەرمدا هاتووە.

 

”شوێنی گوێگرتن: لە نێوان پشتگیری و مافەکاندا”

لە مەغریب، شوێنی گوێگرتن ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی، نەک تەنها لە ڕێگەی پشتیوانی دەروونی یان ڕێنمایی یاسایی، بەڵکو بە دابینکردنی شوێنی پارێزراو کە ژنان بتوانن ئازارەکانیان بەبێ ترس و بڕیاردان دەرببڕن.

 

ئەم شوێنی گوێگرتنانە ئاماژە بە یەک دامەزراوەی یەکگرتوو ناکەن، بەڵکو مەبەست لە تۆڕێکی دەستپێشخەرییە کە بە پلەی یەکەم لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەتی کۆمەڵەی ژنانەوە سەرکردایەتی دەکرێن، هەندێکجار بە پشتیوانی یان بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکان کاردەکەن.

 

چەندین ئەزموونی مەیدانی نیشان دەدەن کە یەکەم ساتی گوێگرتن زۆرجار شتێکی سەرەکییە، تەنها هەبوونی کەسێک کە ئامادەبێت گوێت لێبگرێت، دەرگا بۆ وەرگرتنەوەی متمانە بەخۆبوون دەکاتەوە و ڕێگە بە ژنان دەدات ئەو بژاردانە ببینن کە پێشتر بەردەست نەبوون، بەڵام بە گوێرەی چالاکوانانی مەیدانی، ئەم گوێگرتنە ناتوانێت بێ ئامادەکاری بێت یان تەنها لەسەر بنەمای هاوسۆزی بێت، پێویستی بە چوارچێوەیەکی پیشەیی بە وردی داڕێژراو هەیە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، ئامینە باججا، ڕێکخەری ناوەندەکانی گوێگرتن لە کۆمەڵەی ئاڵەنگاری بۆ یەکسانی و هاوڵاتیبوون، کە ماوەی پێنج ساڵە لەم بوارەدا کاردەکات، وتی: ڕۆژانە گوێ لە نێوان چوار بۆ ١٠ حاڵەت دەگرێت یان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە یان لە ڕێگەی کۆبوونەوەی کەسییەوە لە بارەگای کۆمەڵەکە.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە گوێگرتن لەناو ناوەندەکانی گوێگرتن تەنها بابەتی هاوسۆزی یان نیازی باش نییە، بەڵکو پراکتیکێکی پیشەیی وردە کە پێویستی بە ڕاهێنانی تایبەتمەند، ئەزموونی مەیدانی و تێگەیشتنێکی قووڵە لە ئاڵۆزییەکانی توندوتیژی ڕەگەزی، بە وتەی ئەو، نەک تەنها هەر کەسێک دەتوانێت ڕۆڵی گوێگر بگێڕێت، چونکە گوێگرتنی بێ بناغەی دەتوانێت بەردەوامی بە زیانەکان بدات لەبری کەمکردنەوەیان.

 

ڕوونیدەکاتەوە، کە ئەو ژنانەی بۆ یەکەمجار دەچنە ناو شوێنی گوێگرتن، زۆرجار لە دۆخێکی لاوازدان، بارگرانی ترسیان لەسەرە، متمانەیان نییە و دڵنیا نین لەوەی کە چۆن پێشوازییان لێدەکرێت یان دەرئەنجامەکانی قسەکانیان چۆن دەبێت، هەروەها زۆرێک لە ژنان بەبێ ئەوەی بزانن کە ناوەندەکانی گوێگرتن چییە یان ڕۆڵییان چییە، هەڵگری دڵەڕاوکێن کە پەیوەندییان بە ئەگەری ئاشکرابوونی نهێنییەکانیانەوە یان بڕیاردانی کۆمەڵایەتیەوە هەیە، ئەمەش وا دەکات دابینکردنی شوێنی پارێزراو لەسەر بنەمای نهێنی و ڕێزگرتن شتێکی پێویست بۆ شکاندنی بێدەنگییەکە.

 

”داننان بە گوێگرتن وەک مافێکی مرۆڤ”

ئامینە باججا پێی وایە کە یەکەم ساتی گوێگرتن خاڵی وەرچەرخانێکی چارەنووسساز لە ڕێبازی ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی پێکدەهێنێت، نەک لەبەر ئەوەی چارەسەری دەستبەجێ دەڕەخسێنێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی دانپێدانانێکی مرۆیی دەبەخشێت کە لە ژینگەی کۆمەڵایەتییاندا بوونی نییە، هەروەها بۆ ئەوەی ژن کەسێک بدۆزێتەوە کە بەبێ شەرمەزارکردن گوێی لێبگرێت و لەگەڵیدا بیر لە دۆخەکەی بکاتەوە و دڵنیای بکاتەوە کە تەنها نییە، ئەوە سەرەتای گەڕانەوەی متمانە بەخۆبوون و توانای بڕیاردان پێکدەهێنێت.

 

ئاماژە بەوە دەکات، کە گوێگرتن وا لە ژنان دەکات کە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ئاڵۆزییەکانی دۆخەکەیان بەدەستبهێنن، جا چ دەروونی، یاسایی یان کۆمەڵایەتی بێت، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ڕێنماییکردنیان بەرەو گونجاوترین ڕێگاکان بۆ بارودۆخەکەیان، نەک سەپاندنی چارەسەری ئامادەکراو کە ڕەنگە لەگەڵ ڕاستیەکەیاندا نەگونجێت، هەروەها گوێگرتن خاڵێکی بنەڕەتی هاتنە ژوورەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان پێکدەهێنێت، چونکە ڕێگە بە کۆکردنەوەی زانیاری و تێگەیشتن لە شێوازەکانی توندوتیژی و پێشێلکارییەکان دەدات کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.

 

ڕوونیشی کردەوە، ئەو بەربەستانەی ڕێگری لە ژنان دەکەن داوای یارمەتی بکەن، تەنها لە ترسی دەروونیدا سنووردار نین، بەڵکو هۆکارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیش دەگرێتەوە، دیارترینیان لاوازیی دارایی و نەبوونی سەربەخۆییە، هەروەها زۆرێک لە ژنان دوودڵن لە گرتنەبەری هەر هەنگاوێک لە ترسی لەدەستدانی شوێنی مانەوە یان بژێوی ژیانیان یان لەبەر ئەوەی پشتیوانی یاسایی یان دەروونییان نییە، ئەمەش دواجار وایان لێدەکات ملکەچی توندوتیژی بن و بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بن لە ژیان لەناو ئەو توندوتیژییەدا.

 

ئامینە باججا، ڕێکخەری ناوەندەکانی گوێگرتن جەختی لەوە کردەوە، کە بونیادنانی متمانە و ئاسایش لە ڕێگەی گوێگرتنەوە قۆناغێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بناغەیە کە هەر دەستێوەردانێکی دواتر لەسەری بونیاد دەنرێت، هەروەها داننان بە گوێگرتن وەک پراکتیکێکی پیشەیی و مافێکی مرۆڤ بۆ ژنان مەرجێکی بنەڕەتیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی و دەستەبەرکردنی شکۆمەندی دەمێنێتەوە.