"بنەماکانی دادگا"ی تاڵیبان بە یاساییکردنی تایبەتی و چەسپاندنی سەرکوتکردنە
لەگەڵ گەڕانەوەیان بۆ دەسەڵات، تاڵیبان ئەوەی ناویان ناوە "بنەماکانی دادگا" وەک چوارچێوەیەکی نوێ بۆ سیستەمی دادوەری سەپاندیان، کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەیەکی تەسکە بۆ یاسای شەریعەت کە زۆربەی یاسا مەدەنی و تاوانکارییەکانی پێشووی هەڵوەشاندەوە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان-لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، پێکهاتەی دادوەری لە ئەفغانستان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆیەوە بینیوە، بە پەسەندکردنی "بنەماکانی دادگا" وەک چوارچێوەی سەرەکی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی دادگا.
ئەمە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی تاڵیبان بۆ یاسای شەریعەت، جێگرەوەی زۆرێک لەو یاسا مەدەنی و تاوانکارییانەیان گرتەوە کە لە دوو دەیەی پێشوودا دەرکرابوون، لەم چوارچێوە نوێیەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی فەقهیەی حەنەفی و جێبەجێکردنی سزاکانی وەک قساس ”تۆڵەسەندنەوە” و قامچی لێدان دەکرێتەوە، دەسەڵاتە نوێیەکان ئەمە بە گەڕانەوە بۆ "سیستەمی دادوەری ئیسلامی" دەزانن، لە کاتێکدا ڕەخنەگران بە پاشەکشە لە پێوەرە یاسای سەردەمی و نێودەوڵەتییەکان دەزانن.
یەکێک لە دەرئەنجامە هەرە بەرچاوەکانی ئەم بنەمایە سنووردارکردنی بەشداری ژنانە لە سیستەمی دادوەریدا، دادوەرانی ژن، داواکاری گشتی و پیشەییەکانی یاسایی بە شێوەیەکی کاریگەر لە ڕۆڵەکانیان دوور خراونەتەوە یان ڕێگرییان لێ کراوە لە کارکردنی یاسا، لە زۆر حاڵەتدا ژنان لە دادگاکاندا ڕووبەڕووی سنووردارکردنی توند دەبنەوە، ئەمەش وایکردووە کە دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو سەخت بێت.
جگە لەوەش جیاکردنەوەی توندی ڕەگەزەکان و مەرجی سەرپەرشتیاری پیاو بۆ جووڵە وایکردووە زۆرێک لە ژنان نەتوانن بە ئازادی سکاڵا تۆمار بکەن، ئەم دۆخە بە قووڵی جێگەی نیگەرانییە، بە تایبەت بۆ زیانبەرکەوتوووانی ئەم دۆخە توندوتیژی خێزانی و کۆمەڵایەتیە، لە سەرەتاوە تا کۆتایی پەرتووکەکە بە وردی باس لەوە دەکات کە چۆن ژنان تادێت سنووردار دەکرێن.
هاوکات لە هەندێک پارێزگادا ڕاپۆرت لەسەر جێبەجێکردنی سزای جەستەیی وەک قامچی لێدان دەرکەوتووە، ئەم پراکتیزانە کاردانەوەی بەربڵاوی لە ناوخۆ و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، تاڵیبان ئەم سزایانە بە بەشێک لە جێبەجێکردنی یاسای شەریعەت و پاراستنی ڕژێمی ڕەوشتی کۆمەڵگە دەزانێت، بەڵام چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ دەڵێن: نەبوونی ڕوون و سنووردارکردنی کاری پارێزەران و نەبوونی دەزگای چاودێری سەربەخۆ، پرسیاری ڕاستی لەبارەی ڕەوتی دادپەروەرییەوە دەوروژێنێت.
شرۆڤەکاران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە هەر سیستەمێکی دادوەری پێویستی بە ڕوونی و لێپرسینەوە و بەشداریی هەموو هاوڵاتیان هەیە بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی کۆمەڵایەتی، بەڵامدەرکردنی نیوەی کۆمەڵگە متمانەی گشتی تێکدەدات، لەم کەشوهەوادا دەنگی ژنانی ناڕازی بەردەوام دەبیسترێت، ئەو ژنانەی کە سەرەڕای سنووردارکردنەکان، نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە داهاتووی مافە مەدەنی و یاساییەکانیان دەردەبڕن.
شکوفا سەحەر، خۆپیشاندەرێکی خەڵکی پارێزگای تەخار کە زانستە ئایینیەکانی خوێندووە، وتی: کاتێک ئەم بنەمایانە دەخوێنمەوە، هەست دەکەم جێگای من وەک ژنێکی تێیدا نییە. ئەوان تەنها لێدان و توندوتیژییان بۆ ئێمەی ژنان پێناسە کردووە، دادپەروەری بێ واتایە مەگەر هەموو هاوڵاتیان بەبێ ترس و جیاکاری دەستیان پێ بگات، هەروەها ژنانی ئەفغانستان دژی ئایین نین، بەڵکو داوای لێکدانەوەیەک دەکەن کە دان بە شکۆمەندی مرۆیی و مافە بنەڕەتییەکانیاندا بنێت.
ڕویا نەواب، خۆپیشاندەرێکی دیکەی پارێزگای بامیان وتی: ساڵانێک کارمان کرد بۆ ئەوەی ژنان ڕۆڵیان لە سیستەمی دادوەریدا هەبێت، هەروەها ئەمڕۆ بە دوورخستنەوەی ژنان لەم پێکهاتەیە، نەک هەر هەلی کار لەدەستچووە، بەڵکو هەستی ئاسایشی یاساییش لەدەستچووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک دادوەر و ڕاوێژکاری یاسایی ژن نەبێت، زۆرێک لە ژنانی زیانبەرکەوتووی توندوتیژی ناوێرن چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە، تاڵیبان خۆیان توندوتیژی بەرەوپێش دەبەن و جێبەجێی دەکەن، تەنانەت منیش دەڵێم تاوانە دژی ژنان، دادپەروەری تەواو نییە تا دەنگی ژنان نەبیسترێت.
هەر بڕگەیەکی بەڵگەنامەکانی دادگای تاڵیبان، لە کاتی خوێندنەوەدا، دەسەڵات تەنها بە گروپی دەسەڵاتدار دەبەخشێت و مافی ژنان و کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان ڕەتدەکاتەوە، ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت کە کۆمەڵگەی ئەفغانستان لە گروپ و بۆچوونی جیاواز پێکهاتووە و دوورخستنەوەیان بێڕێزیکردنە بە شکۆمەندی مرۆڤ و پێشێلکردنی مافە مەدەنییەکان.
هەروەها سووتەمەنی دابەشبوونی نەتەوەیی و ئایینییە، سەرەڕای ئەوەی ئەم گروپانە بۆ چەندین سەدە بەبێ جیاوازی پێکەوە ژیاون.
هەر لاپەڕەیەکی ئەم بەڵگەنامانە، ستەم و دووبەرەکی و هاندانی ململانێی نێوان نەتەوە و ئایینییەکان ئاشکرا دەکات کە لە مێژە بە شێوەیەکی ئاشتیانە پێکەوە دەژین، ئەم جۆرە بیرۆکانە تەنها لە ڕێگەی دەوڵەتێکی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە و گشتگیرەوە دەتوانرێت بنبڕ بکرێن.