لیبیا... مشتومڕێکی مافی مرۆڤ و یاسایی لەسەر سەفەرکردنی ژنان بەبێ "مەحرەم" بەڕیوەچوو

ژنان لە لیبیا بەدەست چەندین سەختی و ئاستەنگەوە دەناڵێنن، دواهەمینیان بڕیارێک بوو کە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت گەشت بکەن بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ "مەحرەم" ڕێگەیان پێنادرێت، ئەمەش وەک جۆرێکی نوێ لە سنووردارکردن سەپێنراوە بەسەر ئازادی ژنان لەو وڵاتەدا.

ئیبتیسام ئەغفیر

 

بنغازی- بڕیارێکی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی لیبیا سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو ژنانەی کە بە تەنیا بەبێ مەحرەم گەشت دەکەن، مشتومڕێکی مافی مرۆڤ و یاسایی لێکەوتەوە، کە چالاکوانان بە جیاکاری و سووکایەتیکردن وەسفیان کرد.

 

چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لەو ڕێوشوێنە حکومییانە گرت، کە داوا لە هەر ژنێکی لیبیا دەکات بەبێ "مەحرەم" گەشت دەکات بۆ دەرەوەی وڵات، فۆڕمێک پڕبکاتەوە کە پرسیاری ناڕەوا لەخۆدەگرێت سەبارەت بە هۆکاری سەفەرەکەی بە تەنیا و هۆکاری نەبوونی "مەحرەم" و ژمارەی جارەکانی پێشتر گەشتی کردووە، وەک ڕێوشوێنێک کە بە ڕوونی مافی جووڵەی ژنان پێشێل دەکات بۆ هەر وڵاتێک، کە بەپێی یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی گەرەنتی کراوە.

 

دەزگای ئاسایشی ناوخۆی حکومەتی یەکێتی نیشتمانی لە تەرابلوس دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی بۆ پابەندکردنی ئەو ژنانەی کە ئارەزووی گەشتکردنیان بۆ دەرەوەی وڵات بەبێ "مەحرەم" دەکەن بۆ پڕکردنەوەی داتاکان کە هۆکاری گەشتەکەیان بە تەنیا دەخاتە ڕوو.

 

پارێزەر جەمیلە بن ئەعتیق دووپاتی کردەوە، ئەو فۆڕمە کە لە فڕۆکەخانەی تەرابلوس بە تایبەتی بەسەر ژناندا دابەش دەکرێت، ڕێوشوێنێکی ئارەزوومەندانە و جیاکارییە بەرامبەریان، دەزگا ئەمنییەکان داوا دەکەن تەنها ژنان ئەو فۆڕمە پڕبکەنەوە، ئەگەریش ڕەتیبکەنەوە، ڕێگرییان لێدەکرێت لە سەفەرکردن.

 

تفاحە نەجم، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ڕۆشنبیری و ئاشتی ڕایگەیاند، "ئەو بڕیارە سوکایەتی بە ژنان دەکات و پێگەی ئەوان لە کۆمەڵگەدا کەم دەکاتەوە، ڕێگە نادەین ئازادییەکانیان پێشێل بکرێن، ئەو بڕیارە پێشێلکردنی ماف و ئازادییەکانی ژنانە ئازادی جووڵەیان سنووردار دەکات، بە ناچارکردنی گەشتکردن لەگەڵ "مەحرەم"ێکدا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە زۆرێک لەو ژنانە هەن کە بژێوی ژیان و باوک و هاوژین و منداڵەکانیان لەدەستداوە لەو شەڕەی کە لەو وڵاتە ڕوویدا، ناچارن بە تەنیا گەشت و جووڵە بکەن و بەمەش ئەو بڕیارە مافەکانیان پێشێل دەکات.

 

سارا قەرقوم، ئەندامێکی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ ئازادییە گشتییەکان و مافەکانی مرۆڤ، ڕوونیکردەوە، ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە، بەو پێیەی ژن هەیە باوک یان برایەکی وەک "مەحرەم" نییە سەفەریان لەگەڵدا بکات، بۆیە پابەندن بە سەفەرکردنەوە، جا بۆ چارەسەرکردن بێت یان خوێندن، بۆیە پێویستە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی وەڵامدانەوەی بەهێز لەلایەن ژنانەوە بۆ بڕیارەکە دەرببڕێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "هەرچەندە ئەو بڕیارە پێشەنگەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی توڕە کرد، بەڵام ژنان ئەو بزووتنەوەیە گەورەیەیان نەبوو دژی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە، بەو پێیەی ئێستا لە سەردەمی گەشەسەندن و یەکسانیدا دەژین، ژنان لە لیبیا تووشی پێشێلکردنی ئازادی و مافەکان دەبنەوە، بۆیە دەبێت ژنان لە هەموو شوێنێکی لیبیا پشتگیری یەکتر بکەن.

 

پارێزەر هیند جەریبی ئاماژەی بەوەدا کە هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە ڕێگری لە سەفەرکردنی ژنان بکات یان سنووردارکردنی جوڵەی ژنان، بەو پێیەی مافێکە بە یاسا و ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری لیبیا دەستەبەر کراوە، یاسای لیبیا ئازادی جوڵەی ژنانی زامن دەکات، ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی قەیرانی وڵاتەوە، ئەو ڕێوشوێنانە لەسەر بنەمای جیاکاری و توندوتیژی و گۆشەگیری دژی ژنان دامەزراون، پێشێلکردنی پرەنسیپەکان و یەکسانی و دژایەتی یاساکانی لیبیا دەکات کە مافی جوڵە و گەشتکردن بە ژنان گەرەنتی دەکات، ئەمە پێشێلکارییەکی گەورەیە بۆ هەموو پەیمان و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و ژنان کە لیبیا پەسەندی کردووە.