ژنان ڕۆڵی ئاوەدانکردنەوە لە پەروەردە لە سودان دەبینن
ژنان پایەیەکی بنەڕەتیین لە بونیادنانی کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی پەروەردەوە، سەرەڕای ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان، بۆیە پاڵپشتیکردن و بەهێزکردنیان لەم بوارەدا دەرگا بەڕووی گۆڕانکاریدا دەکاتەوە.
مەیسا قازی
سودان- لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، ژنانیڤمامۆستا لە سودان سەختترین قۆناغی مێژووی پەروەردەیان بەسەر بردووە، ململانێ لە پایتەخت و چەند شارێکی دیکە سەریهەڵدا و وڵاتەکەی خستە قەیرانێکی بێ وێنە، ئەمڕۆ سودان ڕووبەڕووی یەکێک لە سەختترین بارودۆخی پەروەردەیی بووەتەوە لە جیهاندا، نزیکەی ١٤ ملیۆن منداڵ لە خوێندنگە دەرچوون، کە نوێنەرایەتی گەورەترین قەیرانی خوێندن دەکات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا.
دالیا محەمەد، مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی، جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە سیستەمی پەروەردەدا کردەوە و وتی: ژنان بڕبڕەی پشتی پەروەردەن، ئەوان بەشداری دەکەن لە بونیادنانی نەوەی نوێ و ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن لە فێرکردن و ڕێنماییکردنی منداڵان، بەشداری ژنان لەم بوارەدا بەردێکی بناغەیە بۆ بونیادنانی داهاتووی گەل، پێویستی بە پێشکەشکردنی پشتیوانی و گرنگیدانی پێویست هەیە بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکی پەروەردەیی خۆیان بە تەواوی بەجێبهێنن.
دەستپێشخەرییەکانی ماڵەوە
سەبارەت بەو پاڵپشتیانەی کە پێویستە بۆ ژنانی مامۆستا، ڕوونیکردەوە کە پێویستیان بە پشتیوانی ماددی و ڕەوشتی هەیە، لەگەڵ هاندانی ژنان بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە وانەوتنەوە و هەڵبژاردنی ئەم پیشە بەرزە، وتی: دابینکردنی سەرچاوەی پەروەردەیی پێویست و داننان بە ڕۆڵی مامۆستا لە کۆمەڵگەدا شتێکی بنەڕەتییە لە ڕێگەی ئەم پێزانین و پاڵپشتییەوە، ژنانی مامۆستا دەتوانن باشترینی خۆیان ببەخشن بە نەوەکانی داهاتوو و بەشداری بکەن لە بونیادنانی داهاتوویەکی گەشاوەتر بۆ وڵات.
تیشکی خستە سەر کاریگەری ململانێکان لەسەر پەروەردە، وتی: زۆرێک لە ژنانی مامۆستا ناچاربوون ماڵ و کارەکانیان بەجێبهێڵن، چونکە بارودۆخە سەختەکان وایکردووە فێربوون بۆ منداڵان قورس بێت و کاریگەری لەسەر تەندروستی دەروونییان هەبووە، بەڵام وەک مامۆستا هەوڵدەدەین ئەوەی لە تواناماندایە بیکەین بۆ پاڵپشتیکردنی منداڵەکان و کاردەکەین بۆ ئەوەی ژینگەیەکی فێربوونیان بۆ دابینبکرێت کە پارێزراو و جێگیرە سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ناوچە جێناکۆکەکان خوێندن پەکخراوە، ژمارەی خوێندکارانیش کەمە، هاوکارەکانی خوێندکاران لە ماڵەکانیاندا کۆدەکەنەوە و لە سفرەوە دەست دەکەن بە وانە پێ وتنەوەیان بۆ ئەوەی ئەو وانانەی خوێندوویانە لەبیریان نەچێت، وتی: لەم ماوەیەدا زۆرێک لە ژنانی مامۆستا قوربانیانداوە.
ئازارەکان تەنها لە ژنانی کۆچبەردا سنووردار نەبوون، وەک دالیا محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو ژنە مامۆستایانەی کە لە ناوچە پارێزراوەکاندا کاردەکەن، ڕووبەڕووی فشاری گەورەش بوونەتەوە، هەوڵیان دا پشتگیری خوێندنگەکانی ئێستا بکەن و مامەڵە لەگەڵ ئاڵەنگاریەکاندا بکەن، بەڵام پێویستیان بە پشتیوانیش بوو، هەر بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارە کۆچبەرەکان بارگرانی لەسەریان زیاتر کرد و دەبوو بەیانیان و ئێواران کاتژمێرێکی زۆر کار بکەن بۆ ئەوەی وانە بەو ژمارەی زۆرەی خوێندکاران بدە و لەوانەکانیان دوا نەکەون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، وەک مامۆستای کۆچبەر، ڕووبەڕووی کێشە بووینەوە لە دۆزینەوەی هەلی کار، چونکە زۆرجار خوێندنگەکان پڕ بوون و پێویستیان بە کارمەندی زیادە نەبوو، بەڵام بە کارکردن لە ماڵەوە لێهاتوویی خۆمان سەلماند.
سەبارەت بە بەرچاوترین ئاستەنگەکانی کۆچکردن، ڕوونیکردەوە کە مامۆستایەکی نوێ لەو ناوچەیەی کە ڕووی لێکردووە زۆرجار نەناسراوە، ئەمەش دەرفەتی دامەزراندنی کەمکردووەتەوە، جگە لەوەش موچە ناڕێک بووە و کەوتووەتە ژێر لێبڕین، کە دۆخەکەی زیاتر بۆ مامۆستایانی کۆچبەر خراپتر کردووە.
سەبارەت بە کاریگەریەکانی شەڕ لەسەر پەروەردە ڕوونیکردەوە، بێ گومان ململانێکان کاریگەری قووڵی لەسەر پرۆسەی خوێندن هەبووە، بەڵام بەهۆی هەوڵە بەردەوامەکانەوە دۆخەکە دەستی بە سەقامگیری کردووە، زۆرێک لە خوێندگەکان کراونەتەوە، مامۆستایانیش بە پەرۆشەوە کاردەکەن بۆ داپۆشینی پرۆگرامی خوێندن، ئێمە هەوڵدەدەین ئەوەی لەناوچووە ئاوەدانی بکەینەوە و هەنگاو بە هەنگاو بە هیوا و گەشبینییەوە هەنگاو دەنێین حساب بۆ بارودۆخی دارایی خوێندکاران دەکەین و پشتگیرییەکی گونجاویان بۆ دەکەین.
ئەو ئاڵەنگاریانەی کە کاریگەرییان لەسەر گەشەپێدانی کۆمەڵگە هەیە
سوریە عەلی حەسەن، پرۆفیسۆر شارەزای بواری پەروەردە ڕایگەیاند، دیارترین ئاڵەنگاری بەردەم ژنان دەستڕاگەیشتنە بە خوێندن، هەژاری زۆرێک لە منداڵانی کچ ناچار دەکات واز لە خوێندن بهێنن و کار بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی خێزانەکانیان دابین بکەن، لەکاتێکدا هاوسەرگیری منداڵان لە دەرفەتی خوێندن بێبەشیان دەکات، ئەم ئاڵەنگاریانە کاریگەرییان لەسەر داهاتووی منداڵانی کچ هەیە، دەرفەتەکانیان لە ژیاندا سنووردار دەکەن، کاریگەرییان لەسەر گەشەپێدانی کۆمەڵگە بەگشتی هەیە.
ڕوونیشیکردەوە، پێویستە خێزانەکان پاڵپشتی منداڵانی کچ بکەن بۆ ئەوەی هانیان بدەن لە بەدواداچوونی خوێندن و بەشداریکردن لە پرۆسەی خوێندن لەڕێگەی چاودێریکردنی پراکتیزی منداڵەکانیان و دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست، ڕۆڵی کۆمەڵگە لە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو فێربوون و پاڵپشتیکردنی مامۆستایانە لەڕێگەی خولی پەروەردەی و گەشەپێدانی بەردەوامەوە، هەروەها کۆمەڵگەی ناوخۆیی بە دابینکردنی ژینگەیەکی پارێزراو و بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ خوێندنگەکان بەشداری دەکات
لە کۆتاییدا، سوریە عەلی حەسەن جەختی لە گرنگی پاڵپشتیکردنی ژنان لە بواری پەروەردەدا کردەوە بە "ڕەخساندنی دەرفەت لە ڕێگەی زیادکردنی ژمارەی خوێندنگەکان، پێشکەشکردنی سکۆلەرشیپ، جێبەجێکردنی بەرنامەکانی خوێندن لە دوورەوە، باشترکردنی ژینگەی پەروەردەیی، بەرزکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگی ڕۆڵی ژنان لە پەروەردە و گەشەپێدان، هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانیش ئەگەری هەیە، بەو پێیەی ژنان بناغەی کۆمەڵگەن و دایکێکە و خوێندنگەیەکە ئەگەر بە باشی ئامادەی بکەیت، کە نەتەوەیەکی خاوەن کارەکتەری بەرز ئامادە دەکەیت.