کۆمەڵگە هەوڵدەدات چەمکی یەکسانی بگۆڕێت بۆ نەهێشتنی ڕۆڵی ژنان

یەکسانی جێندەری بەشێکە لە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی جیهان هەوڵدەدەن بۆ بەدەستهێنانی ئەو یەکسانییە بە مەبەستی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە.

ئیبتسام ئەغفیر

 

بنغازی - سەرەڕای ئەو ژمارە زۆرەی یاسا و ڕێککەوتنەکان، ژنان لە لیبیا بەدەست ئەو یاسا نادادپەروەرانە دەناڵێنن کە لەلایەن کۆمەڵگەوە دەردەچن، بەمەبەستی بەستنەوەیان و ڕێگریکردن لە وەرگرتنی ڕۆڵی خۆیان لەو وڵاتەدا.

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری ڕێگە نادات ژنان پۆستی حکومی وەربگرن"

هیند جەریبی، ڕاوێژکاری یاسایی و سەرۆکی ڕێکخراوی سەرکردەکانی لیبیا بۆ ئاشتی و گەشەپێدان، ئاماژەی بەوەکرد، دەبێت چەمکی یەکسانی ئازادی لە ماف و ئەرک و دەرفەتی یەکساندا بگرێتەوە و ئەو مافانەش بە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و پەیمانی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ، جگە لەوەی کە لە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرە جیاکارییەک دژی ژناندا هاتووە، کە لەلایەن کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ساڵی ١٩٧٩ پەسەندکرا.

 

هیند وتیشی: لیبیا ئەم ڕێککەوتنەی واژۆ کردووە، بەڵام ڕەخنەی لەسەر هەندێک لە بڕگەکانی هەبووە، کە بە پێچەوانەی نەریتی کۆمەڵگەی لیبیای دەزانێت، لەوانە میرات و سەرپەرشتیکردن و پەیوەندییە هاوژینییەکان، چونکە کۆمەڵگە پێیوایە ژنان بەشی تایبەتیان هەیە و ڕێگە نادرێت ئازادی بدەن بە ژنێکی جیابووەوە، سەرەڕای داواکارییەکانی ژنان لە لیبیا بۆ مافەکانیان بۆ بەهێزکردنی ئابووری و سیاسی و وەرگرتنی پۆست لە بڕیاردان، یاسای وڵات لە ڕێگەی یاسای ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٠، یاسای باری کەسی ساڵی ١٩٨٤ و هەموارەکانی ژمارە ١٤ی ساڵی ٢٠١٥، مافی کارکردنی ژنانی زامن کردووە، ئەمانە و یاساکانی دیکەش چەندین مافیان بۆ ژنان گەرەنتی کردووە، بەڵام عەقڵیەتی پیاوسالاری ئەمە قبوڵ ناکات، چونکە پێیان وایە سەرپەرشتیکردن تەنها مافی پیاوانە و ڕێگە بە ژنان نادرێت سەرۆکی دەوڵەت بێت یان  پۆستێکی هەبێت لە دەسەڵاتی دادوەریدا.

 

"دەبێت کۆمەڵگە هۆشیار بێت تا ژنان مافی خۆیان بەدەستبهێنن"

جەختیشی لەوە کردەوە، ژنان لە لیبیا بەدوای گۆڕانکاریدا دەگەڕێن و بەشداری دەکەن لە پێشخستنی گەشەپێداندا، بەبێ گوێدانە ئەو ئایدۆلۆژیایەی کە هەوڵدەدات کۆت و بەندیان بکات، لەکاتێکدا لە ڕێگادان بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و بەدەستهێنانی ماف و ئازادی خۆیان، ئەو دەنگانەی بانگەواز دەکەن بۆ پێنەدانی ئازادیی بە ژنان بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ژنان لە دابونەریت لادەدەن و ڕێز لە ئایین ناگرن و کاتێک بەدەستی هێنا بێ ئەخلاقی پەیڕەو دەکات، بۆیە دەبێت هۆشیارییەکی هەمەلایەنەی کۆمەڵگە هەبێت بۆ ئەوەی ژنان بتوانن ئازادی خۆیان بەدەست بهێنن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا هیند وتی: کۆمەڵگە پێی باشە ژنان تەنها لە بواری پەروەردەدا کار بکەن، بەو پێیەی پێیان وایە شوێنی گونجاوە بۆیان، لەهەمان کاتیشدا گلەیی لە پیشەکەیان دەکات، چەندین ژن پسپۆڕی زانکۆیان خوێندووە، بەڵام کۆمەڵگە ناچاری کردوە کارێک هەڵبژێرێت لەگەڵ دابونەریتدا بگونجێت، بەشداریکردنی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی کار و شۆفێریکردنیان، ئەمانە شتگەلێکن کۆمەڵگە تا ئێستاش قبوڵیان ناکات، بە بیانووی ئەوەی کە لەگەڵ پەروەردەی کۆمەڵایەتیدا ناگونجێت، کۆمەڵگە هێشتا هەوڵدەدات ئیرادەی ژنان بشکێنێت بۆ ئەوەی باڵادەستی پیاو بپارێزێت و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە ئازادی خۆی پێ نەدات و مافی ئەوەی نییە داوای بکات، بۆیە دەبێت یاسا و دەزگا جیاوازەکان لە لیبیا و چالاک بکرێن.

 

مونا عەوامی، ڕاهێنەر بۆ خودگەشەپێدان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان، پشتڕاستی کردەوە، "ژن لە پیاو چالاکترە و دەتوانێت پۆستە جیاوازەکان بەڕێوەببات، بەڵام پیاوان ڕێگرییان لێدەکەن، هەموو ژنێک ئامانجی هەیە کە ئاواتەخوازە بەدەستی بهێنێت، وەک چۆن کەسانێک هەن ئاواتەخوازن پۆستی سەرکردایەتی وەربگرن، هەروەها کەسانێک هەن ئاواتەخوازن لە داهاتوودا ببنە دایکێکی باش بۆ منداڵانی سەرکەوتوو، بەڵام ڕاستییەکە ژنان پێویستیان بە هۆشیاری هەیە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو ئەقڵیەتەی ڕێگرییان لێدەکات، زۆرجاریش ئەوەی دەیبیستین زاراوەی بەرپرسیارێتیەکان وایکردووە ببێتە "تۆمبۆی" و هەرکەسێک ئەوە بڵێت بەدەست نەبوونی هۆشیارییەوە دەناڵێنێت.