دانپێدانانی نێودەوڵەتی؛ قەڵغانێکی پشتگوێخراو بۆ پاراستنی کورد لە جینۆسایدێکی تر
لە کاتێکدا ساڵیادی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان و گوندی شێخ وەسانان دەکەینەوە، برینەکان هێشتا دەکوڵێنەوە و هاواری دادپەروەری دەبیسترێت، بە فەرمی ناساندنی ئەم تاوانانە وەک 'جینۆساید' لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکاندا هێشتا جێبەجێ نەکراوە.
هێڤی سەڵاح
سلێمانی_لە ١٦ی نیسانی ساڵی١٩٨٧دا، ڕژێمی بەعس لە هەڵمەتێکی دڕندانەدا بە فڕۆکەی جەنگی ناوچەی دۆڵی بالیسان و گوندی شێخ وەسانانی بە چەکی کیمیایی قەدەغەکراو بۆردومان کرد ئەم هێرشە یەکەمین تاقیکردنەوەی فراوانی چەکی کیمیایی بوو لەلایەن ئەو ڕژێمەوە دژ بە گەلی کورد کە بووە هۆی شەهیدبوونی سەدان هاوڵاتی بێتاوان و برینداربوونی سەدانی تر کە تا ئێستاش ئاسەواری ژەهرەکە بە جەستەیانەوە ماوە و دەیناڵێنن, لەم هێرشەدا گازی خردەل و سارین و تابون و سیانید بەکارهێنران و بوونە هۆی سووتانی پێست و کوێربوونی کاتی و وەستانی کتوپڕی هەناسە و خەڵکی ناوچەکەش بەهۆی بۆنی وەک سیر و سێوی گەنراو و دوکەڵی ڕەش و سەوز نیشانەکانیان ناسییەوە بەڵام بەکارهێنانی ئاو بۆ چارەسەر سووتانەوەکانی زیاتر کرد و ڕژێمیش ڕێگری لە چارەسەرکردنی بریندارەکان کرد لە نەخۆشخانەکان و زۆرێکیانی بێسەروشوێن کرد.
تەنها هێرشێکی سەربازی نەبوو بەڵکو سەرەتایەکی ترسناک و نەخشەبۆکێشراو بوو بۆ زنجیرە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە کە ئامانجی سەرەکییان سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و لەناوبردنی ژیان بوو لەسەر خاکی کوردستان. لەم کارەساتەدا زیاتر لە ١٠٣ کەس دەستبەجێ شەهید بوون و نزیکەی ٤٠٠ کەسیش بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، دواتریش ڕژێمی بەعس بریندارەکانی لە نەخۆشخانەکان ڕفاند و بێسەروشوێنی کردن کە تا ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە ٧٠ کەسیان نادیارە. ئەم تاوانە جگە لە مرۆڤەکان ژینگەی کوردستانیشی کردە ئامانج و بەهۆی بەکارهێنانی گازە ژەهراوییەکانەوە پێکهاتەی کیمیایی خاک و سەرچاوە ئاوییەکان و دارستانەکان تووشی وێرانکارییەکی درێژخایەن بوون کە بووە هۆی لەناوچوونی هەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی و کۆچی باڵندەکان و تێکچوونی سیستەمی بایۆلۆژی ناوچەکە.
میدیای جیهانی و وڵاتانی بەرژەوەندیخواز بێدەنگیان هەڵبژارد
کاردانەوەی ڕاگەیاندنە جیهانییەکان لە کاتی کیمیابارانی دۆڵی بالیسان ، زۆر سست و سنووردار بوو و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک ئەمریکا و بەریتانیا بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیان و پشتگیریکردنی عێراق لە شەڕی دژی ئێران بێدەنگییان هەڵبژارد و تەنانەت مارگرێت تاتچەری سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی بەریتانیا ڕایگەیاند کە سەلماندنی ئەم هەواڵانە کارێکی قورسە هەرچەندە پەیامنێرانی بیانی وەک ئای تی ئێن دواتر هەندێک دیمەنیان بڵاوکردەوە بەڵام لەو کاتەدا ئەم تاوانە لەلایەن ڕاگەیاندنە گەورەکانی جیهانەوە بایەخی پێویستی پێنەدرا و تەنها دوای چەند ساڵێک و بە تایبەت دوای کیمیابارانی هەڵەبجە ڕاستییەکان بە تەواوی بۆ جیهان ئاشکرا بوون و وەک یەکەمین بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەوڵەتێک دژی هاووڵاتییانی خۆی ناسێنرا بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی کورد لە ئاستی نێودەوڵەتیدا تەنها گەڕانەوەی ماف نییە بەڵکو گەورەترین زامنی ڕێگرییە لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ساڵی ٢٠١٠ ئە، هێرشەی وەک بەشێک لە شاڵاوەکانی ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کورد ناساند و بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ چەندین ئەفسەر و فەرماندەی سەربازی ڕژێمی بەعس دەرکرد کە تێوەگلابوون لە دەرکردنی فەرمانی کیمیابارانکردنی دۆڵی بالیسان و شێخ وەسانان و دادگاکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم تاوانە هەموو مەرجە نێودەوڵەتییەکانی جینۆسایدی تێدایە چونکە بە مەبەستی لەناوبردنی کۆمەڵێکی نەتەوەیی و مەدەنی ئەنجامدراوە و دواتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم ناوچەیەی وەک یەکەمین شوێنی کیمیاباران ناساند بۆ وەرگرتنی قەرەبووی مەعنەوی و ماددی بۆ کەسوکاری شەهیدان و بریندارەکان ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی وەک دیدەبانی مافی مرۆڤ و پزیشکانی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کیمیابارانی دۆڵی بالیسانیان وەک تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بەعس بۆ جینۆسایدی کورد ناساندووە و جەختیان لە بەکارهێنانی گازی خردەل و دەمارگیر کردووەتەوە کە بوونەتە هۆی کوێربوونی کتوپڕ و سووتانی پێست و گیانلەدەستدانی خێرا و هەروەها بەرنامەی یادەوەریی کوردستان و بەڵگەنامە نهێنییەکانی بەعسیش سەلماندوویانە کە ئەم هێرشە پلانێکی داڕێژراو بووە بۆ تاقیکردنەوەی چەکی کۆکوژ و پاکتاوکردنی ناوچەکە ناودارترین فەرماندەی بەعس کە فەرمانی ڕاستەوخۆیی ئەم هێرشە و شاڵاوەکانی ئەنفالی دەرکرد عەلی حەسەن مەجید بوو کە بە عەلی کیمیایی ناسراوە و لەو سەردەمەدا سکرتێری مەکتەبی ڕێکخستنی باکووری پارتی بەعس بوو و هەموو دەسەڵاتێکی سەربازی و ئەمنیی لە کوردستان پێدرابوو بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و پاکتاوکردنی ڕەگەزی کە دواتر لە ساڵی دوو هەزار و دە بەهۆی ئەم تاوانانەوە لە سێدارە درا
هەرچەندە ئەم کارەساتە لە ساڵی ٢٠٢٠ لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە وەک جینۆساید ناسێندرا، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هێشتا لە قۆناغی کۆکردنەوەی بەڵگەدایە و هەوڵەکان زیاتر لە چوارچێوەی زارەکیدا ماونەتەوە.
"کارکردن بۆ بەجینۆساید ناساندنی کیمیاباران تەنها زارەکییەو وەک پێویست کاری بۆ نەکراوە"
پروشە قەلەندەر، سەرۆک بەشی بەڵگەی تاوان لە پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی برایت قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی: دەبێت ئێمە وەک نەتەوەی کورد، گرنگی بدەین بە کەیسی کیمیابارانکردنی ناوچەی بالیسان و بۆ ئەوەی ئێمە بزانین بۆچی لە ڕووی نێودەوڵەتییەوە بە تاوانی جینۆساید نەناسێندراوە، چونکە یەکەم جار بوو کە ئەو ناوچانە کیمیاباران کراو وەک هەوڵێک بۆ ناساندنی بە جینۆساید، لە ساڵی ٢٠٠٨،وەک رۆژی ژینگەی کوردستان ناسێنرا ، چونکە ئەو ژینگەیە بە کیمیایی لەناوچوو دوای چەندین هەوڵ و ماندو بوون دواتر لە ساڵی ٢٠٢٠ لە پەرلەمانی کوردستاندا ئەم تاوانە بە جینۆساید ناسێندرا، بەڵام ئەمە بەس نەبوو ،کێشەی ئەوەی کە ئەم تاوانە لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی بە جینۆساید نەناسێندرا لە قۆناغی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکاندایە، دەبێت لە رووی یاساییەوە کار بکرێت و لە هەرێمدا لە رێگەی رێکخراو پارێزەر و پەرلەمانەوە کار کراوە بەڵام بە پێی پیویست نییە و تەنها زارەکییە، جینۆساید لە لایەن ڕافائیل لێمکین م کە یاساناسێکی جووی پۆڵۆنی بوو، زاراوەی جینۆسایدی لە ساڵی ١٩٤٤دا داهێنا و پێناسەی کرد، ڕافایل لێمکین لە کتێبی فەرمانڕەوایی تەوەرەدا چەمکی جینۆسایدی لە ڕەگی یۆنانی و لاتینییەوە بۆ وەسفی لەناوبردنی سیستماتیکی گروپەکان داهێنا کە بووە بنەمای یاسایی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئێستا ئەرکی کوردە تەواوی بەڵگەکان بخاتە بەردەم دادگا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەلماندنی ئەوەی هەموو مەرجەکانی جینۆسایدی بەسەردا جێبەجێ دەبێت بەتایبەت کە تاوانەکانی وەک بالیسان ڕەهەندی زۆر گەورەتریان هەیە و پێویستە لە ڕێگەی جیاکردنەوەی وردی چەمکەکانی جینۆساید و دیمۆسایدەوە مافە مێژوویی و یاساییەکانمان بچەسپێنین.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بەڵگەکان ئەوەی بەسەر دۆڵی بالیساندا هات دەچێتە چوار چێوەی دیمۆساید، دیمۆساید چەمکێکی ئەکادیمییە کە ئاڕ جەی ڕەمڵ داهێنەرییەتی و وەک چەترێکی فراوانتر لە جینۆساید کار دەکات بۆ ناساندنی هەر جۆرە کوشتارێکی بەکۆمەڵ کە لەلایەن دەسەڵات و حکومەتەکانەوە ئەنجام بدرێت چونکە ئەم زاراوەیە جگە لە نەتەوە و ئایین هەموو کوشتنێکی سیاسی و چینایەتی و تەنانەت مردنی ناو ئۆردوگاکانی کار و قاتوقڕی دەستکردیش دەگرێتەوە جیاوازی سەرەکیشیان لەوەدایە کە جینۆساید وەک تاوانێکی یاسایی نێودەوڵەتی ناسێنراوە و پێویستی بە سەلماندنی نییەتی لەناوبردنی گروپێکی دیاریکراو هەیە بەڵام دیمۆساید زیاتر وەک ئامارێکی مێژوویی و سیاسی بەکاردێت بۆ پیشاندانی قەبارەی ڕاستەقینەی قوربانیانی دەستی دەسەڵات کە زۆرجار بەهۆی جیاوازی سیاسی یان هەڕەمەکییەوە کوژراون و لە چوارچێوەی یاسایی جینۆسایددا جێیان نابێتەوە.
" بۆ یەکەمجار وانەی لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە هەرێمی کوردستان دەخوێندرێت"
پروشە قەلەندەر لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەوەکردەوە کە تاوانی دژ بە خەڵکی بالیسان لە سنووری ناساندنی ئاسایی تێپەڕی کردووە و کۆکردنەوەی بەڵگە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان زۆر لایەن تووشی زەرەر دەکات، چونکە دانپێدانانی فەرمی پابەندی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دروست دەکات و گرنگترین ئامانجیش بۆ کورد دووبارەنەبوونەوەی ئەم کارەساتانەیە لە هیچ بەشێکی کوردستاندا. لە ئێستادا بۆ یەکەمجار وانەی لێکۆڵینەوە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە هەرێمی کوردستان دەخوێندرێت کە ئامانج لێی ئیسپاتکردنی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و جێکردنەوەی تاوانەکانە لە چوارچێوەی پێناسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ جینۆساید و دیمۆساید. بەپێی وتەی ناوبراو کاریگەری چەکی کیمیایی تەنها لەسەر قوربانییەکان نییە بەڵکو کاریگەری درێژخایەنی لەسەر جیناتی خاک و تەندروستی گشتی و ژینگە هەیە و تاکە ڕێگەش بۆ بە نێودەوڵەتیکردنی ئەم کەیسانە هەنگاونانی زانستی و هاوکاتکردنی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەیە لەگەڵ داواکارییەکانی دادگا نێودەوڵەتییەکان.