تایکۆواندۆ وەرزشێکە متمانە بەخۆبوون لای یاریزانەکان دروست دەکات

یاریزانێک لە تیپی ژنانی ڕوژ لە قوتابخانەی پەروەردەی تایکۆواندۆی تایگەرز ئاماژەی بەوەدا، پەروەردەی هونەری جەنگی یارمەتیداوە ڕووبەڕووی کاتە سەختەکان ببێتەوە، هەروەها لە ئەنجامی ئەو خەڵاتانەی کە بەدەستیان هێناوە، بیری بەشداریکردنی ژنان لەم وەرزشەدا چیتر ڕەتن

دەلال ڕەمەزان

 

حەسەکە-لە ساڵی ٢٠١٠ەوە یانەی تایکۆواندۆ لە حەسەکەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کراوەتەوە و یاریزانان بەشداری پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانیان کردووە، هەروەها لە یانەکەدا تیپێکی تایبەتی ژنان کراوەتەوە، کە چەندین بەشداری هەمەچەشنی هەبووە و سەرکەوتنی زۆری بەدەستهێناوە.

 

خولیا و خۆشەویستی بۆ پەروەردەی هونەری جەنگی و پەیوەندیکردن بە قوتابخانەی تایکۆواندۆ لە حەسەکە هانی ژنێکی گەنجی دا بەشداری لە پاڵەوانێتییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکات و چەندین خەڵات بەدەستبهێنێت، تایکۆواندۆ بە هونەری جەنگی نەریتی کۆریا ناسراوە، لەئێستادا زۆرێک لە ژنان ئەم چەشنە چەقبەستووییەیان شکاندووەو لە ٢٠٦ وڵاتی جیهاندا ئەنجام دەدرێت.

 

فاتمە قاسم، خەڵکی شاری حەسەکەیە، یەکێکە لەو ژنانەی لە تەمەنی ١٨ساڵییەوە ئەم وەرزشەی هەڵبژاردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی بەرکەوتنی بە هەر کێشەیەک خۆی بپارێزێت، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە وەک بەشێک لە تیپی ژنانی ڕوژ پەیوەندی بە قوتابخانەی تایکۆواندۆی نێودەوڵەتییەوە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان کامپی پەروەردە و ڕاهێنانی ئەنجامداوە و بەشداری پاڵەوانێتی ئاسیای لە ئەردەن کردووە و مەدالیای زیوی بەدەستهێنا، دوای ئەوەش بەشداری لە پاڵەوانێتی دوبەی کردووە.

 

بۆ خۆپاراستن و متمانە بەخۆبوون بەشداری کردووە

فاتمە قاسم سەبارەت بەوەی چ پاڵنەرێک هەیە بۆ بەردەوامبوون لەم وەرزشە، ڕوونیکردەوە ئەوەی وا دەکات زۆرترین ئارەزووی ئەزموونکردنی ئەم وەرزشە بکات، خولیاکەیەتی، هەروەها بۆ ئەوەی خۆی بپارێزێت و متمانە بەخۆبوونی زیاد بکات، هەوڵیداوە دەست بکات بەم وەرزشە و ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببێتەوە، وتی: بەگشتی ئەم وەرزشەم زۆر خۆشدەوێت، دوای ئەوەی بینیم زۆرێک لە ژنە گەنجەکان دەچنە قوتابخانەی تایکۆواندۆ و چەندین دەستکەوت و پاڵەوانێتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییان بەدەستهێناوە، بۆیە بڕیارمدا یارییەکە بکەم، بەتایبەتی دوای ئەوەی خێزان و هاوڕێکانم پاڵپشتیان کردم.

 

سەبارەت بە کاریگەری ئەم یارییە لەسەر خوێندن و چۆنیەتی ڕێکخستنی کاتەکانی وتی: تایکۆواندۆ کاریگەری نەبووە لەسەر خوێندنم بەپێچەوانەوە بە ڕێکخستنی کاتەکانم و هاندانی خێزانەکەم لەوەدا سەرکەوتووبووم، ئەمەش وایکردووە چەندین خەڵات بەدەستبهێنم، متمانە بەخۆبوونم زیادی کرد و لە خوێندنەکەمدا سەرکەوتوو بووم، چونکە ئەم وەرزشە لەگەڵ هێزی دەروونی و جەستەیی، متمانە بەخۆبوونمان پێدەبەخشێت.

 

هیوای خواست لە داهاتوودا زیاتر بەشداری لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان بکات

 فاتمە قاسم بەشداری زۆرێک لە پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکانی کردووە، جا چ لەسەر ئاستی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بێت یان سووریا بە گشتی، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە بەشداری پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکانی کردووە، لەوانە لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان، هەروەها مەدالیای زیویشی بەدەستهێناوە، وتی: ئێستاش هەوڵدەدەم بەشداری زۆرێک لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتیەکان بکەم.

 

لەکۆتایی قسەکانیدا فاتمە قاسم، هانی ژنانی دا بەدوای ویست و ئامانجەکانیان بکەون و دەستبەرداری نەبن، وتی: گرنگ نییە ئەو ئاستەنگیانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بەڵکو پێویستە ژنان بەردەوام بن و نەوەستن، چونکە وەرزش متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات، هیچ شتێک ناتوانێت بوەستێت لە ڕێگای خواستی ژن بۆ پێشکەوتن و گەشەسەندن، دەتوانن بەسەر هەموو بەربەستەکاندا زاڵ بن و ڕێگە نەدەن داب و نەریتی کۆمەڵگە بەرەبەست دروست بکات.