"نابێت لە وەرزشی شاخەوانیدا جیاکاری بەرامبەر ژنان بکەن"

"ژاڵە، ر" شاخەوان و چالاکوانی کۆمەڵایەتی دەڵێت: ژنان تا زیاتر توانا و لێهاتوویی جەستەیییان هەبێت و زانیاری زیاتر بزانن لە ڕێگەی ڕاهێنانی شاخەوانی، متمانە بەخۆبوونیان زیاتر دەبێت.

هاوژین شێخی

 

دیواندەرە-شاخەونی یەکێکە لە سەختترین و سەرنجڕاکێشترین وەرزشەکان، جگە لە سوودە جەستەیی و دەروونی و هەستییەکان کە لە گرنگترین سوودەکانی تەندروستیدان، یارمەتی ژنان دەدات بۆ ئەوەی سنووری جەستەیی و دەروونی خۆیان بزانن، توانای سەرکردایەتییان باشتر بکەن، کارکردنی تیمی و تواناکانیان بدۆزنەوە.

 

شاخەوانی یارمەتی ژنان دەدات ئامانجێک بدۆزنەوە لە ژیانیاندا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی هاوڕێ دروست بکەن و مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ژیاندا بکەن، هەروەها ژنان زیاتر هاندەدات و تێڕوانینی نەریتی کۆمەڵگە دەگۆڕێت بە گۆڕینی شێوازی تێڕوانینی خۆیان و تواناکانیان.

 

"چیا و لوتکەکان تەنها ناوچەی پیاو نین و نابێت ڕەگەز وەک بەربەست سەیر بکرێت"

"ژاڵە، ر" شاخەوان و چالاکوانی کۆمەڵایەتی لە بارەی شاخەوانی و توانای ژنانەوە  وتی: سەرکەوتن بۆ من مانای خۆشەویستی و ئاشتییە، کاتێک ماندوو دەبم لە قەرەباڵغی شارەکە و خەڵکی دەوروبەرم، حەزدەکەم پەنا بۆ چیاکان ببەم. لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە چیاکان بووە، چیاو لوتکەکان تەنها ناوچەی پیاو نین و نابێت ڕەگەز وەک بەربەست سەیر بکرێت، لە ڕاستیدا شاخەوانی دەربارەی دۆزینەوە و هەستکردن بە سەرکەوتووییە، ئەو خۆشی و تەندروستییەی لە وەرزشدا دەدۆزرێتەوە دەبێت بۆ هەمووان بێت نەک پیاوان.

 

وتیشی: ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەستم کرد بە ئەنجامدانی ئەم کارە، پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەم، سەرۆکی گروپی شاخەوانی ژنان بووم و گرووپێکی بەردەواممان هەبوو کە شاخەوانی بۆ هەموو چیاکان ئەنجام دەدرا، یەکەم ڕۆژ کە جلی شاخەوانیم لەبەرکرد، بۆم دەرکەوت کە کەرەستەی شاخەوانی بۆ ژنان دیزاین نەکراوە، بەڵام زۆر بوێر بووم و دەستبەرداری نەبووم، دوای هاوسەرگیرییەکەم، سەرەڕای زۆر ناڕەزایەتی، بەردەوام بووم، هەرچەندە لە ئاستی پیشەییدا زۆر چالاک نیم، بەڵام ئەم توانایەم لە خۆمدا بینی و هیوادارم بتوانم بە ئازادییەکی زیاتر کار بکەم.

 

"زیادکردنی توانا و لێهاتووییەژان تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ژنان متمانەیان بەخۆیان هەبێت" 

ژاڵە،ر ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەر ئەوەی ژینگەی چیا مەترسیدارە بەهۆی سروشتیەوە، چالاکییەکانی ئەم ناوچەیە گومان و نیگەرانی لەنێو خێزانەکاندا دروستکردووە، بۆیە ڕێگری لە ژنان دەکرێت لە ئەنجامدانی چالاکی شاخەوانی، هەروەها چەندین ئاستەنگی هەیە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لەوانەیە ژنان بە هیچ شێوەیەک نەیانزانن، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو زەحمەتییانە، دەڕۆن بۆ چیاکان و سەرکەوتوو دەبن، تەنانەت هەندێک لە هاوڕێکانم سەرکەوتن بەسەر ئەو چیایانەدا کە زۆرێک لە پیاوان تەنانەت بیری لێ ناکەنەوە! زیادکردنی توانا و لێهاتوویی تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ژنان متمانەیان بەخۆیان هەبێت.

 

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەیەکی دیکە کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە کێشەی ئابوورییە و لەبەر ئەوەی کەلوپەلی پێویست لەم بوارەدا گرانە، کڕینی ئەم کەلوپەلانە یەکێکە لەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی هەموو شاخەوانان دەبێتەوە، بەتایبەتی ژنان، ئەمەش بەرەنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەو ژنانەی کە کار ناکەن یان مووچەیان کەمترە.