ناز خەیرەدین: سیستەمی خۆراکی تەندروست بنەمای ژیانێکی بەختەوەر و پارێزراو بۆ ژنان و کۆمەڵگە
ناز خەیرەدین، ڕاهێنەرو وخاوەن بڕوانامەى دیبلۆم لەخۆراکى تەندروست دەڵێت: سیستمى خۆراکى تەندروست لە کۆرپەلەى ساوا دەستپێدەکات، بەپێچەوانەى ئەوانەى وادەزانن تەنیا بۆ کەسانى گەورەیە.
شلێر کۆیی
کۆیە-لە جیهانی ئەمڕۆماندا، لەگەڵ گەشەسەندنی شێوازی ژیان و زۆرینەی سەرچاوەکانی زانیاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بابەتی "خۆراکی تەندروست" بووەتە یەکێک لەو پرسانەی کە زۆرترین باسی لەسەر دەکرێت، بەڵام لەگەڵ ئەم گرنگیپێدانەدا، چەندین تێگەیشتن و هەڵەی باو سەریان هەڵداوە کە زۆر جار نەک هەر سودی نییە، بەڵکو زیان بە تەندروستیی جەستەش دەگەیەنێت، بەتایبەت لە جەستەی ژناندا، کە خاوەنی پێکهاتە و تایبەتمەندیی فیزیۆلۆژیی جیاوازن، پیادەکردنی هەر سیستەمێکی خۆراکی بێ گەڕانەوە بۆ لای کەسانی شارەزا، دەکرێت دەرئەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا، ڕووناکی دەخەینە سەر گرنگیی خۆراکی تەندروست و ئەو هەڵە باوانەی کە ڕۆژانە لە کۆمەڵگەدا ئەنجام دەدرێن، بە پشتبەستن بە ڕاوێژ و رای پسپۆڕێکی بواری خۆراک.
ناز خەیرەدین، ڕاهێنەرو وخاوەن بڕوانامەى دیبلۆم لەخۆراکى تەندروست، سەبارەت بەخۆراکی تەندروست بۆ ژنان بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتى: من شارەزاى بوارى خۆراکى تەندروستم لەبوارى ژنان چونکە ژنان و پیاوان دوو بەشى جیاوازن ناتوانرێت لەیەک کات شارەزاى یجەستەى پیاوان وژنان بین تاکارى لەسەربکرێت، ئێمە هەموو کات هەوڵدەدەین هاوکارى هەرتاکێک بین کە پێویستى پێمانبێت.
"خۆراکە ناتەندروستەکان لە شیری دایکەوە بۆ کۆرپە داگوازرێنەوە"
ناز کە پسپۆڕێکی بواری خۆراکە وتیشى: رۆژانە گوێبیستى سیستمى خۆراکی تەندروست دەبین، یەکسەر بیرمان بۆ ئەوکەسەدەچێت کە کیشى زۆربێت(قەڵەو)بێت بەڵام لەراستیدا وانییە ئەو رستە پەیوەستە بەهەرتاکێک بیەوێت لاشەیەکى تەندروستى هەبێت، جامنداڵى ساوابێت یان گەنج یان کەسێکى کامڵ وگەورەبێت، بۆنموونە دایکێک کە شیر دەدات بەمنداڵەکەى گەر خواردنەکانى تەندروست نەبێت و رۆژانە شتى سورەکراوەو شیرینیەکان و خواردنەوە گازیەکان و زیانبەخشەکان بخواتەوە، ئەوا ئەو پێکهاتانە راستەوخۆ بۆ کۆرپەلەکە دەگوازرێتەوە، کەواتە منداڵەکە خواردنێکى ناتەندروستى خوارد، ئەوەش وادەکات منداڵەکە گەشەیەکى خراپی هەبێت، یان کەسێک کیشى کەم بێت پێى دەڵێن هەرچى هاتە بەردەمت بیخۆ قەڵەو نابیت. بەڵام ئەوەش هەڵەیە، بۆیە هەموومان پێویستە پابەندبین بەسیستمى خۆراکى تەندروست، ئەوەش پێویستى بەکەسی شارەزایە لەبوارى خۆراک نەک هەرلەخۆتەوە کەسێک چی وت بیکەى.
"پێویستە لە سەرەتاى تەمەنەوە پابەندى خۆراکى تەندروست بین"
ناز خەیرەدین وتیشی: زۆر جار وادەزانین منداڵان پێویستیان بەخۆپاراستن نیە گوێمان لێدەبێت بەردەوام دایک و باوکەکان دەڵێن لێى گەڕێ بابخوات منداڵە سەرفى دەکات یان دەڵێن دەى تا گەنجە بەکەیفى خۆت بخۆ، بەڵام ئەوە زۆر هەڵەیە، چونکە لەوتەمەنە جوڵەى زۆرە راستە خواردنەکە سەرفدەکات بەڵام دەبینین بەتەمەنەکان زۆربەى زەخت و شەکرەو دڵ، چەندین نەخۆشى دریژ خایەنیان هەیە، ئەوەش لێکەوتەى ئەوەیە لەتەمەنى زووەوە پابەند نەبووین بەسیستمى خۆراکى تەندروست، زۆر جار خۆى خواردنەکە ناتەندروستە وزۆربەى خواردنەکانمان لەجۆرى باشنین لەڕووی تەندروستیەوە، کاتى خواردن وشێوازى لێنانەکەشى ناتەندروست بێت ئەوە کارەساتى گەورەتر دروست دەبێت، هەندێک پیش خەوتن خواردن دەخۆن ئەوانەش کەڵەکەبوونى چەندین نەخۆشى لێدەکەوێتەوە وەک تێکچوونى هۆرمۆنات وبێتاقەتى وبێزارى خەوی خراپ تێکدانى دەرونى کەسەکە، هەروەها لەدەستدانى بڕە ماسولکەیەکى زۆر.
ژاوەژاوى زۆر درووستبووە لە سیستەى خۆراکى
ناز خەیرەدین وتیشی: بەهۆى ئەوەى کەسی قسەکەر زۆربووە لەسەر خواردنى تەندروست و سیستمى خۆراکى هەریەکەو شتێک دەوروژێنێت ئەوەش ژاوەژاوێکى دروست کردووە لەسەر بیرى ئەوکەسانەى دەیانەوێت بچنە ناو سیستمێکى خۆراکى تەندروست وخۆیان بپارێزن لەنەخۆشیەکان، زۆر جار تاکەکان ئەوەندە بەقسەى ئەولاولا دەکات پرس ناکات بەکەسێکى شارەزا، یان ژنێکى دووگیان پرس بەکەسانى بەتەمەن دەکەن بۆ خۆراکەکانیان لە کاتى دووگیانى بەڵام بێئاگان لەوەى کە ئەو خواردنەى لەسەردەمى ئەوان هەبوو جیایە لەگەڵ ئێستادا، بۆنموونە خواردنىنۆک زۆربەسودە بەڵام بۆکەسێک (شەقیقەى)جۆرێک لەژانەسەرى هەبێت، زۆرخواردنى خراپە هەرچەندە باشیشە.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی دیکە لەهەڵە باوەکان جۆرى سیستمى کەسانی دیکە بۆنموونە زۆر لەگۆرانىبیژان و رۆژنامەنووسان هونەرمەندان سیستمێکى بۆخۆى داناوە گونجاو بووە بۆخۆى ڕێک بڵاوى دەکاتەوە بەناوى خۆى و کەسانى دیکە چاوی لێدەکەن لەکاتێکدا ئەوە بۆ ئەوان باشبووە مەرج نییە بۆتۆش باشبێت، یان زۆر لەبابەتى کیتۆ دەپرسن خۆى ئەو سیستمە کاتی خۆى بۆ ئەوکەسانە بەکارهاتووە کە نەخۆشی( سەرعیان) هەبووە یارمەتى ئەوانى داوەو میشکیان ئارام دەکاتەوە دوایی دەرکەوت کە ئەو سیستمە بۆکێش دابەزین باشەو خەڵک دواى کەوت.
سەبارەت بەوەی باشترین سیستم چیە؟ وتی: سیستەم ئەوەیە هیچ خواردنێک تەرک نەکەین جا میوەو سەوزەکان بێت یان پاقلەمەنیەکان و بەرهەمى سپیایی بێت یان گۆشتەکان بێت. بەهێچ شێوەک نابێت ئەوانە لەخۆت قەدەغە بکەیت، تەنها پێویستە بژاردەکەت زیرەکانە بێت و بڕەکەى گونجاوبێت، مەبەستت چیە لەو خۆراکانەو جەستەت چی پێویستە، ئایا چ نەخۆشیەکت هەیە ودەبێت بەزیرەکانە مامەڵە بکەى گەر خۆشت نەتزانى لەکەسی شارەزا ڕاوێژ وەربگرە.
ناز نزیکەى ١٠ ساڵە لەگروپەکانىدا سیستمى خۆراک بۆژنان دادەنێت
ناز خەیرەدین نزیکەى ١٠ ساڵە لەڕێگەى هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەان خزمەت بە ژنان دەکات تا چۆن خۆیان ڕابهێنن لەسەر سیستمى خۆراکى تەندروست، وتی: شانازى بەوەدەکەم کە بتوانم هاوکارى ئەو ژنانەبم کە پێویستیان بە شارەزایی منە لەبوارى خۆراک، گەر بژمێرم یەکجار زۆرن ئەو ژنانە لە گروپەکانى تۆڕە کەمەڵایەتییەکان سودیان بینیوە لە سیستمى خۆراکى تەندروست، شێوازەکانى کارى من جیان جارى وایە سیستمێک دادەنێم بۆ سێ رۆژە یان بۆ پێنج رۆژو زوو زوو دەیانگۆڕم، لەگروپەکە ژنانى زۆربەى شارەکانى کوردستانى تێدایە، هەندێک جار ژنانى دەرەوەى وڵاتیشى تێدایە، بەپێى کات و وەرزەکان خەڵک دێنە ناوگرووپ کارەکە قورسە ئاسان نییە، چونکە من پیش ئەوەى سیستمیان بۆدانێم دەبێت زانیارى وردو درشتیان لێ وەربگرم، لەکۆتایی دەڵێم تکایە لەخۆتانەوە پابەند مەبن بەهیچ سیستمێکى خۆراک، چونکە تەندروستى خۆتان لەپێش هەموو شتێکە.