لە ئێران ژنان شەرم دەکەن بچنە لای پزیشک و درەنگ بە شێرپەنجەی مەمک دەزانن
شەرمەزاریی سەپێندراو، باوەڕە باوکسالارییەکان و نەبوونی زانیاری دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، ڕێگە لە زۆرێک لە ژنانی کرماشان دەگرێت لەوەی بگەنە دەستنیشانکردنی پێشوەختە و لە کاتی خۆیدا سەردانی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان بکەن.
سارا پورخەزری
کرماشان- سەرەڕای هەڵمەتە بەربڵاوەکانی هۆشیارکردنەوە دەربارەی شێرپەنجەی مەمک، هێشتا زۆرێک لە ژنان زانیاریی پێویستیان دەربارەی ئەم نەخۆشییە نییە، لە ئێران ساڵانە نزیکەی ٢٠ هەزار نەخۆشی نوێ دەستنیشان دەکرێن و نزیکەی حەوت هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن، بە واتەیەکی تر، هەر ٣٠ خولەک جارێک حاڵەتێکی نوێ تۆمار دەکرێت و هەر ٩٠ خولەک جارێک ژنێک بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە دەمرێت.
درەنگ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکان. چونکە زۆرێک لە ژنان تەنها کاتێک سەردانی پزیشک دەکەن کە شێرپەنجەکە پەرەی سەندووە، هەروەها ئەو ڕاستییەی کە لە ئێران تەمەنی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک نزیکەی ١٠ ساڵ لە تێکڕای جیهانی کەمترە، گرنگیی هەستیاری چالاكییەکانی هۆشیارکردنەوە و پشکنینی پزیشکیی بەردەوام زیاتر دەکات.
”ژنان زۆر درەنگ سەردانی نەخۆشخانەکان دەکەن”
پەریا ف.، چالاکوانی مافەکانی ژنان لە کرماشان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە سەرەڕای ئەوەی لە ساڵانی دواییدا لە شارەکەدا چەندین هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەچوون، بەڵام هێشتا زۆرێک لە ژنان ئەم نەخۆشییە بە جدی وەرناگرن، وتی: یەکێک لە هۆکارە هەرە گرنگەکانی ئەم ڕەوشە، تێڕوانینی خێزانەکانە بەرامبەر تەندروستیی ژنان، زۆرێک لە ژنانی ماڵەوە ناتوانن تێچووی پشکنینە پزیشکییەکان و پشکنینە ساڵانەکان دابینبکەن و زۆربەیان لەلایەن خێزانەکانیانەوە پشتیوانی ناکرێن، وتی: لە ئەنجامدا زۆربەی جار نیشانە سەرەتاییەکان پشتگوێ دەخرێن و خێزانەکان تەنها کاتێک دەکەونە خۆیان کە دۆخی نەخۆشەکە قورس دەبێت، ژنان زۆربەی جار سەردانی نەخۆشخانە دەکەن کە چارەسەرکردن یان کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکە زۆر سەخت بێت.
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی ساڵانی ٢٠٢١–٢٠٢٢، لە کرماشان ساڵانە زیاتر لە هەزار ژن تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبوون، بەڵام لە ساڵانی دواییدا دەربارەی ژمارەی حاڵەتەکان لەم پارێزگایەدا هیچ زانیارییەکی فەرمیی پشتڕاستکراوە بڵاونەکراوەتەوە، سەرەڕای نەبوونی زانیاریی نوێ، توێژینەوەکانی ساڵانی ڕابردوو نیشانی دەدەن کە بەبەراورد بە ژمارەی ژنانی کرماشان، ڕێژەی تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک ڕوو لە زیادبوونە.
لە بەرامبەر ئەم زیادبوونەدا، چالاکییەکانی هۆشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی ژنان بەس نین، بەتایبەتی زۆرێک لەو ژنانەی لە گەڕەکە پەڕاوێزەکانی کرماشاندا دەژین، دەربارەی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و گرنگیی پشکنینی بەردەوام تەنانەت زانیاریی بنەڕەتیشیان نییە.
”زۆرێک لە ژنان دەربارەی شێرپەنجەی مەمک هیچ زانیارییەکیان نییە”
نەدا هـ.، کە هەموو ساڵێک لە گەڕەکە پەڕاوێزەکانی کرماشان کارەکانی هۆشیارکردنەوە دەربارەی شێرپەنجەی مەمک بەڕێوە دەبات، سەرنج ڕادەکێشێتە سەر ئەم کەموکوڕییە و وتی: گروپەکانمان لە گەڕەکەکانی وەک دەردەرێژ، سادقییە، ئەناحیدا، کارناچی و نوکان، ڕووبانەی پەمەیی و بڵاوکراوەی زانیاری دەربارەی نەخۆشییەکە دابەش دەکەن، هەوڵ دەدەین لەم کارانەدا ژنان لە نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە و ڕێگاکانی دەستنیشانکردنی پێشوەختە ئاگادار بکەینەوە، چونکە بەشێکی زۆری ئەو ژنانەی لەم شوێنانە دەژین، هیچ زانیارییەکیان دەربارەی شێرپەنجەی مەمک نییە، کاتێک وشەی شێرپەنجە لەگەڵ مەمکدا بەکار دەهێنین، هەندێک لە ژنان بەهۆی هەستی شەرمەوە کە بەسەریاندا سەپێنراوە، ڕەتی دەکەنەوە گوێمان لێ بگرن.
نەدا هـ. ڕایگەیاند، کە ئەم کاردانەوانە نەک تەنها نەبوونی زانیاری، بەڵکو نەریتە قووڵەکانی سەبارەت بە جەستەی ژن و هەستی شەرمەزاری کە بە ساڵانە بەسەر ژناندا سەپێنراوە پیشان دەدن و وتی: ئەم بەربەستە ڕێگە لە ژنان دەگرێت کە نیشانەکانی نەخۆشییەکە بناسن و سەردانی پزیشک بکەن، بەهۆی ئەم هەستی شەرمەزارییە و نەبوونی زانیارییەوە، زۆرێک لە ژنان بۆ پشکنینی نیشانە سەرەتاییەکان هیچ هەنگاوێک نانێن، تەنها کاتێک نەخۆشییەکە پەرە دەسێنێت و چارەسەرکردن سەخت دەبێت، ئەو کات سەردانی پزیشک دەکەن.
”دەبێت ژنان خۆیان پشکنین بۆ مەمکیان بکەن”
نەدا هـ. وتی: یەکێک لە ڕێگا بنەڕەتییەکان بۆ دەستنیشانکردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک، پشکنینی مەمکە بە دەست، واتە ژنان خۆیان سنگ و مەمکەکانیان دەپشکن، ئایا گرێی ڕەق هەن یان نا، پێشنیار دەکرێت ژنان لە دەوروبەری تەمەنی ٣٠ ساڵییەوە دەست بەم پشکنینە بەردەوامانە بکەن، ژنێک کە لەم بوارەدایە، باسی ڕووداوێکی بۆ کردم، وتی کە کاتێک لە ماڵەوە هەوڵی دەدا مەمکی بپشکنێت، براکەی بینیبوو، براکەی بە تووڕەیی هاواری کردبوو و وتبووی بۆچی شتێکی وا دەکەیت و ئەمە زۆر شەرمە.
ئەم ئەزموونە نیشانی دەدات کە زۆرێک لە ژنان، کاتێک پیاوانی خێزان لە دەوروبەردابن، ئازاد نیین لەوەی مافی خۆیان لە پشکنینی جەستەییان بەکار بهێنن یان بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان هەنگاو بنێن، بەهۆی فشارە فەرهەنگییەکان و ئەو شەرمەی کە بەسەر ژناندا دەسەپێنرێت، تەنانەت سادەترین ئەو کردارانەی کە ژنان بۆ پاراستنی تەندروستیی خۆیان ئەنجامی دەدن، لە ناو خێزاندا رووبەڕووی گومان و بێڕێزیکردن یان قەدەغەکردنی ڕاستەوخۆ دەبنەوە.
”هاوژینەکەم ڕێگری لە ڕۆشتنم بۆ نەخۆشخانە کرد”
فەرزانە کە هەشت ساڵ پێش ئێستا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بوو، وتی: کاتێک کچەکەم سێ ساڵ بوو، بینیم شلەیەکی نائاسایی لە مەمکمەوە دێت، چەند جارێک بە هاوژینەکەم وت، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ئەوەی کە ئەمە شتێکی ئاساییە، هاوژینەکەم بە شێوازێکی توند دژی ئەوە بوو بچمە لای پزیشک و دەیوت ئەمە تێچوویەکی ناەویویستراوە و ئەو ژنەی شیری خۆی دەدات بە منداڵەکەی، ناتوانێت تووشی شێرپەنجەی مەمک ببێت، بە چەندین مانگ لە ناو ئێش و نیگەرانیدا ژیام، لە کۆتاییدا هاوژینەکەم ڕازی کرد و چوومە لای پزیشک، دوای چەند پشکنینێک، دەرکەوت کە من تووشبووی شێرپەنجەی مەمکم.
ئەزموونە گێڕدراوەکان نیشانی دەدەن، کە هۆکارەکانی پەرەسەندنی نەخۆشییەکە و گیانلەدەستدان، تەنها نەخۆشییەکە خۆی نییە، قەدەغەکردنی کۆمەڵایەتییەکان و ئەو بەربەستانەی لە تێڕوانینی باوکسالارییەوە سەرچاوە دەگرن، پاراستنی تەندروستی یان بەدەستهێنانی زانیاری دەربارەی دۆخە پزیشکییەکان بۆ ژنان سەخت دەکەن، ناساندنی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان وەک شتێکی ”شەرم” یان ”تێچوویەکی نائێپێویست”، ڕێگە لە ژنان دەگرێت لەوەی مافی تەندروستیی خۆیان بپارێزن.