مەروە محەمەد: دەبێت ژنان بۆ ئەم سێ نەخۆشییە وریا بن و زوو دەستنیشانی بکەن
مەروە محەمەد، پزیشکی ژنان تیشکی خستە سەر بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی ژنان و دەڵێت: نەخۆشی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS)، ئەندۆمیتریۆس، شێرپەنجەی منداڵدانەو پێشەنگ نین، بۆیە پێویستە ژنان گرنگی بە گۆڕانکارییەکانی جەستەیان بدەن.
نەغەم چاچان
قامیشلۆ – لەم دواییانەدا، زۆر ژن، ژنی گەنج و تەنانەت ژنانی بەتەمەنیش ڕووبەڕووی چەندین نەخۆشی دەبنەوە، ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورەی تەندروستی کە ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، لە کاتێکدا کە دەبێت هۆشیاری سەبارەت بە گرنگیی زوو دەستنیشانکردن و بەدواداچوونی ڕێکوپێک زیاد دەکات، بەهۆی دابوونەریتی کۆمەڵایەتی و کەمخەمیی ژنان بەرامبەر بە جەستەیان، هیچ وریاکارییەک بوونی نییە.
هۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی نەخۆشییەکانی وەک نەخۆشی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS)، ئەندۆمیتریۆس و شێرپەنجەی منداڵدانە، ئەوەیە کە ژنان درەنگ سەردانی پزیشکان دەکەن.
مەروە محەمەد، پزیشکی ژنانە، دەرچووی زانکۆیەکەی پایتەختی سووریا، نزیکەی ١١ ساڵە لە نزیکەوە ئازار و نەخۆشییەکانی ژنان دەبینێت و سەرقاڵی چارەسەرکردنیانە.
مەروە محەمەد بۆ ئاژانسەکەمان باسی لەو سێ نەخۆشییە کرد کە ژنان لەم دواییانەدا زۆر بەدەستیانەوە دەناڵێنن، هەروەها باسی لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەیان و ڕێگاکانی چارەسەرکردن و دەستنیشانکردنیشیان کرد.
مەروە محەمەد لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستە سەر نەخۆشیی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS) و وتی: لەم دواییانەدا نەخۆشیی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS) بە ڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، کێشەکە تەنها لە هێلکەکانی ژناندا نییە، بەڵکو کێشەیەکی هۆرمۆنییە، لە هەمان کاتیشدا کاریگەری لەسەر قەڵەوبوون و لاوازبوونی ژنان هەیە، نەک تەنها ئەمە، بەڵکو دەبێتە هۆی زیادبوونی موو لە جەستەی ژناندا.
پێویستی بە پشکنینی تاقیگەیی هەیە
مەروە محەمەد لەبارەی دەستنیشانکردنی نەخۆشیی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS)ەوە وتی: کاتێک ژنان دێنە کلینیکەکە، سەرەتا بە گشتی سەیری دۆخی ژنان دەکەم، وەک ئەوەی ئایا هاوسەنگیی سووڕی مانگانە لە هەموو مانگێکدا بە شێوازێکی ڕێکوپێکە یان نا، پاشان بە سۆنوور سەیری ئەوە دەکەم کە ئایا کیس لەسەر منداڵدان یان لەسەر هێلکەکان هەیە یان نا، بێگومان پێویستی بە پشکنینی تاقیگەییش هەیە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا هۆرمۆنی بەرزە یان نا، بەم شێوازە دەستنیشانی دەکەین کە ئایا ئەم ژنە نەخۆشیی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS)ی هەیە یان نا.
ماوەی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە نادیارە
مەروە محەمەد تیشکی خستە سەر هۆکارەکانی نەخۆشیی هێلکەدانی پۆلیسیستیک (PCOS) و وتی: لە ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠ ژن دێنە کلینیکەکە کە ئەم نەخۆشییەیان هەیە، هۆکارەکەی زۆر جار دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خواردنانەی لە چێشتخانەکاندا ئامادە دەکرێن، خواردنی ئەندۆمی. ڕێگاکانی چارەسەرکردنیش ئەمانەن: پێویستە ئەو خواردن و خواردنەوانەی لە سەرەوە باسکران کەم بکرێنەوە، لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە ژنان وەرزش بکەن، ماوەی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشییە و چاکبوونەوە لێی نەدیارە و هەندێک جار ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت.
مەروە محەمەد سەبارەت بە نەخۆشیی ئەندۆمیتریۆس قسەی کرد و وتی: ئەندۆمیتریۆس نەخۆشییەکی سەرنجڕاکێشە و لەم دواییانەدا زۆر زیادیکردووە، ژنانی گەنج لە کاتی سووڕی مانگانەدا ڕووبەڕووی دەبنەوە، ئازاری دەروونیی زۆر دەچێژن، هەروەها ئازاری زۆر لە بەشی حەوزی ژناندا دروست دەکات، لە هەمان کاتیشدا ئەم نەخۆشییە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنانی هاوژیندار بە زوویی دووگیان نەبن، زۆربەی کاتەکان ئەم نەخۆشییە لەسەر سۆنەر دەرناکەوێت، لەبەر ئەوە داوای پشکنینی هەناوی (ئەندۆسکۆپی) لە نەخۆشەکان دەکەین تاوەکو دەردەکەوێت.
ڤایرۆسی ئێچ پی ڤی (HPV) یەکێکە لە هۆکارەکانی نەخۆشیی شێرپەنجەی منداڵدانە
مەروە محەمەد ئەوەی خستەڕوو کە نەخۆشیی شێرپەنجەی منداڵدانەش لەناو ژناندا زیادیکردووە و وتی: سەرەتا شتی ئاسایی لەگەڵ ژناندا ڕوودەدەن، تەنانەت ژنەکەش نازانێت کە ئەم نەخۆشییەی تووش بووە، لەبەر ئەوە پێویستە هەموو ژنێک لە ڕووی تەندروستیی خۆیەوە وریا بێت، سەردانی پشکنین و پزیشکان بکات، لە ئێستادا ڤایرۆسی ئێچ پی ڤی دەرکەوتووە و دەبێتە هۆی دروستبوونی نەخۆشیی شێرپەنجەی منداڵدانە.
هەموو نەخۆشییەک لە سەرەتای خۆیدا دەکرێت چارەسەر بکرێت
مەروە محەمەد لە کۆتاییدا قسەکانیدا وتی: کە پێویستە ژنان هەمیشە سەردانی پزیشکان بکەن بۆ ئەوەی نەخۆشییەکە نەگاتە ئاستەکانی کۆتایی و چارەسەرکردنی قورس نەبێت، هەروەها بە گشتی ژنان لە هۆشیاریی تەندروستی دوورن و سەردانی پزیشکانیش ناکەن، لە ترسی پزیشکان و ئەو شتانەی لە خەیاڵی خۆیاندا دروستیدەکەن، هەمیشە لە ترسان لەوەی سەردانی پزیشک بکەن، لەبەر ئەمەشە کە ئەم نەخۆشییە دەگاتە ئاستەکانی کۆتایی. چونکە پێویستە هەموو نەخۆشییەک لە سەرەتای خۆیدا چارەسەر بکرێت، بەو شێوازە دەرفەتەکانی چاکبوونەوەیان زیاد دەکات، پرۆسەی چارەسەرکردن ئاسانتر دەکات و ئەنجامی باشتر بەدەست دەهێنرێت.