یەکەمین پزیشکی چارەسەری فیزیایی کورد لە ڕۆژئاوا پێویستە ناوەندەکان زیاد بکرێن

خوناڤ یونس، پزیشکی چارەسەری فیزیایی، وەک یەکەم ژن کە ماوەی ٥ ساڵە ناوەندی خۆی لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، داوای زیادکردنی ناوەندەکانی چارەسەریی فیزیایی دەکات، بە مەبەستی باشترکردنی بارودۆخی ژیان و زیادکردنی جووڵەی نەخۆشەکان، بەتایبەتی ژنان.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

عامودا – ژنان لە رۆژئاوای کوردستان لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا، چارەسەریی فیزیایی، پیشەسازی، ئابووری، وەرزش و زۆر بواری تردا دەبنە خاوەنی پیشەی، ئەو پیشەیەی کە فێری دەبن یان بە ساڵان دەیخوێنن، دەیخەنە خزمەتی ژنان و کۆمەڵگەیانەوە.

 

لەسەر ئاستی کەسی، سەربەخۆییان دووپات دەکەنەوە و گەشە دەکەن لەو جیهانەی کە بۆ خۆیان دروستیان کردووە، دەبنە سەرکردە بۆ ژنانی دیکە و ئەو ڕێگا تاریکە ڕووناک دەکەنەوە کە ژنان لێی دەترسن، چەندین نموونەی بناغەی لە ئاسۆکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەدرەوشێنەوە.

 

لە ناو شوێنەوار و برینەکانی جەنگ، شه‌هادەت و برینداریدا، ژنێک لە رۆژئاوای کوردستان دەبێتە چارەسەریی فیزیایی، لقێکی گرنگی پزیشکییە، ئامانجی بریتییە لە ڕێکخستنەوەی جووڵە، باشترکردنی کارکردنی لەش و کەمکردنەوەی ئازار، بە هۆی ئەم مێتۆدانەوە، زۆر جار پێویست بە نەشتەرگەری یان دەرمان ناکات، خاوەنی گرنگییەکی گەورەیە کە هاوتایە لەگەڵ چارەسەری دەروونی و چارەسەری کیمیایی، لە کەسانی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای ئەو پلانەی کە پزیشک دیاری دەکات، بەڕێوەدەچێت.

 

لە ناوچەیەکدا، کە بە ساڵانە جەنگی تێدا ڕوودەدات، لە بریندارانی ئەندام لەدەستدداو یان ئەوانەی کە شوێنەواری جەنگ هێشتا لەسەر دەروونیان ماوەتەوە، تا دایکانی ناو ماڵەکان و منداڵان، سەد لە سەد دەبێت چارەسەریی فیزیایی ئەنجام بدەن، نەک هەر ئەمە، بەڵکو منداڵە تازەلەدایکبووەکانیش بەدەست کاریگەری و شوێنەواری ئەو شەڕەوە دەناڵێنن کە زیاتر لە ١٥ ساڵە بەردەوامە.

 

لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە پێشوازی لە نەخۆشان دەکات و چارەسەریان بۆ دەکات

 

لە رۆژئاوای کوردستان زۆر پزیشکی چارەسەری فیزیای پیاو هەن، بەڵام لە ناو زارۆکی شاری زانا و ڕۆشنبیران واتە عامودا، پزیشکی چارەسەری فیزیایی ژنیش دەرکەوتووە، خوناڤ یونس لە ساڵی ٢٠٢٠ـەوە پێشوازی لە نەخۆشان دەکات و چارەسەریان بۆ دەکا،  ئەو بەتەمەنانەش کە ناتوانن سەردانی کلینیکەکەی بکەن، پشتگوێ ناخات. بەڵکو خۆی دەچێتە ماڵەکانیان و خزمەتگوزارییان پێشکەش دەکات، هاوکات چارەسەریی کوپـیش ئەنجام دەدات.

 

خوناڤ یونس، پزیشک بۆ ئاژانسەکەمان باسی لەو سەختیانر کرد کە وەک ژنێکی کورد ڕووبەڕووی بووەوە، لەگەڵ گرنگیی ستراتیژیی چارەسەری فیزیایی و ئەو کەسانەی کە دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.

ژنان و چارەسەری فیزیایی چۆن بوونە یەک ناوەند

 

خوناڤ یونس لە سەرەتادا باسی لە سەختییەکانی ئەم هەنگاوە کرد کە چۆن وەک یەکەم ژنی کورد توانیویەتی ناوەندێکی چارەسەری فیزیایی لە ڕۆژئاوا بکاتەوە، وتی: بۆ من سەختییەکەی لەوەدا بوو کە ژنم، لە ناو کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا تێنەگەیشتووە چارەسەری فیزیایی چییە، چۆن دەتوانم ناوەندێک بکەمەوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی پێنج ساڵ هێشتا سەختییەکانم هەر هەن کە دەیانکێشم، ساڵ بە ساڵیش پسپۆڕیی من لەم بەشەدا زیاتر دەبێت، بۆ من وەک خوناڤ یونس سەختییەکانم نەبوون، چونکە دایک و باوکم پشتیوانی هەمیشەیی من بوون لە هەموو سەختی و ڕێگەیەکدا، تەنانەت لەگەڵ مندا دەهاتنە کلینیک و دەگەڕانەوەش.

 

کلینیکەکەی لەبەردەم ماڵەکەیدا کردەوە!

 

خوناڤ یونس، پزیشک باسی لەوەش کرد، کە سەرەتا کلینیکەکەی لەبەردەم ماڵەکەی خۆی کردۆتەوە و هۆکاری سەرەکی ئەم کارەی بۆ ڕوونکردەوە: بۆ ئەوەی شەو و ڕۆژ بەردەوام بم لە کارەکە، لە ساڵانی سەرەتاییدا کلینیکەکەم لە بەردەم ماڵەکەم کردەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوە بوو کە لانیکەم کەسێکی نزیک لە من بێتە لام کاتێک شتێکی خراپ ڕووبدات،

لە ڕۆژانی سەرەتاییدا تەنها ژنم وەرگرت، دوای ماوەیەک گەنج و پیاو و منداڵیشم چارەسەر دەکرد، هەڵوێست و تێڕوانینی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژنان تەنانەت کاتێک دەبنە پزیشکیش کاریگەرییان بەردەوام دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر سەرەتا دەستم کردبایە چارەسەرکردنی گەنجان، کۆمەڵگە دەیوت؛ چۆن پیاوێک یان گەنجێک دەتوانێت بۆ چەند کاتژمێرێک لە کلینیکی ژنێکدا بمێنێتەوە، بەڵام نازانن کە هەر دانیشتنێک زیاتر لە ٣٠ خولەک یان کاتژمێرێک دەخایەنێت.

 

چارەسەی فیزیای نەخۆش ناگەیەنێتە بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی و نەشتەرگەری

 

 

خوناڤ یونس، پزیشک تیشکی خستە سەر واتایای فیزیوستراپی و ئەو بنەمایەی کە پشتی پێ دەبەستێت و وتی: چارەسەری فیزیایی ئەو کەسە ئامادە دەکات کە تووشی نەخۆشییەک یان ڕووداوێک بووە، بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ژیان و پیشەی پێشوویی، چارەسەری فیزیایی جۆرێکە لە دەرمانی سروشتی، زوو نەخۆش ناگەیەنێتە ئاستی بەکارهێنانی دەرمانی کیمیایی، بۆیە باشترکردنی ژیانی نەخۆش بە وەرزش، جووڵە، پلانی چارەسەری و ئامێرەکانەوە بەستراوەتەوە.

 

مێتۆدەکانی بەکارهاتوو

 

خوناڤ یونس، پزیشک ئامانجە سەرەکییەکانی چارەسەری فیزیایی و سوودەکانی بۆ سەر نەخۆش ئاماژە پێدا، پلانی چارەسەریی هەر نەخۆشێک جیاوازە لە ئەوانی تر و وتی: ئازاری نەخۆشەکانی دیسک هێور دەکاتەوە، بۆ نەخۆشەکانی دوای نەشتەرگەری، ڕێگریکردن لە کالیسیفیکاسیۆن و دێجێنەراسیۆن و بۆ ئاسانکردنەوەی گەڕانەوە بۆ ژیانی ئاسایی، ئەم جۆرە چارەسەرییە زۆر بەسوودە، هاوکات بۆ ئەو کەسانەی شکان لە ئەندامەکانی لەشیاندا ئەزموونکردووە، بە جووڵەکانی چارەسەری فیزیایی دەکرێت بگەڕێنەوە بۆ پیشەی پێشوویان.

 

خوناڤ یونس، پزیشک ڕوونیشیکردەوە، سەرەتا تەکنیکی دەستی وەک مەساج بەکاردەهێنن بۆ باشترکردن، بەڵام کاتێک بارودۆخی نەخۆشەکە قورس دەبێت، دەست دەکەین بە بەکارهێنانی ئەم ئامێرانە: دەستێوەردانەکانی جەستەیی وەک بەکارهێنانی گەرمی، ساردی، سۆنەر، تەزووی کارەبایی بە وردی کۆنترۆڵکراو بۆ چالاککردن، لە هەمان کاتدا تیشکدانەوە وەک شێوازێکی نا نەشتەرگەری بەکاردەهێنرێت بۆ کەمکردنەوەی ئازار و خێراکردنی چاکبوونەوەی شانەکان، بەتایبەتی تیشکی ژێر سوور (چارەسەری ژێر سوور) بێگومان ئەم ئامێرە بۆ هەموو نەخۆشەکان گونجاو نییە، هەر نەخۆشێک بە ئامێری خوازراو چارەسەر دەکرێت، بەپێی توندی ئازارەکەی.

 

خوناڤ یونس، پزیشک ئەو نەخۆشییانەی ریزکرد کە لە ناوچەکەدا زۆرتر ناسراون و پێویستیان بە چارەسەری فیزیایی هەیە و وتی: ئازاری دیسک، ئازاری مل، گرژبوون، برینەکانی وەرزش و شکان، بەڵام بەو جەنگانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوویاندا، ئێمە ئەو کەسانەی کە قاچ و دەستیان لەدەستداوە فێری پیاسەکردن کرد و لەبەرکردنی قاچی دەستکرد مەشقپێکردوون، چارەسەریی فیزیایی دوای جەڵتە بە هاندانی ”پلاستیسیتی دەمار”، دەبێتە بەردی بناغەی گەڕاندنەوەی جووڵە و سەربەخۆیی، ئەمەش دوو مانگ لە چارەسەری پێویستە بۆ ئەوەی نەخۆشەکە بگەڕێتەوە وەک جاران.

 

دوای تێگەیشتن لە سوودەکانی چارەسەری فیزیایی ژمارەی سەردانیکردنی ژنان زیاتر دەبێت

 

 

خوناڤ یونس، پزیشک جەختی لەسەر ژنان کردەوە کە ئەوان زۆرترین پێویستییان بە چارەسەری فیزیایی هەیە وتی:

چونکە کارە قورسەکان و باری قورستر هەڵدەگرن، بۆیە ژنان زۆرترین پێویستییان بە چارەسەرکردن هەیە، بەتایبەتی ژنان دوای منداڵبوون، کە بە ساڵان ئازاری دەرزی و پشت لەگەڵیاندا دەمێنێتەوە، دەبێت سەردانی ناوەندەکانمان بکەن و چارەسەری پێویست ئەنجام بدەن، سەرەتادا ئەم جۆرە چارەسەرکردنە قبووڵ نەدەکرا و چارەسەری فیزیایی تەنها وەک مەساج تێگەیشتبوون، بەبێ ئەوەی سوودەکانی بۆ تەواوی لەشیان بزانن و بیناسن، بەڵام بە تێپەڕبوونی كات ئیتر تێگەیشتنێک دروست بووە، ئێستا ئەوانەی سەردانی کلینیکەکەم دەکەن زۆرترین ژنان و منداڵانن بە پێچەوانەی گەنج و پیاوانەوە کە هەتا ئێستا تێنەگەیشتوون چارەسەری فیزیایی چییە.

بۆ ناوچەکانی جەنگ چارەسەری فیزیایی و تەندروستیی دەروونی گرنگن

 

خوناڤ یونس، پزیشک ئاماژەی بەوەشکرد، کە بۆ ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەژین کە بە ساڵان لە ناو جەنگدا ماونەتەوە، چارەسەری فیزیایی و تەندروستیی دەروونی ستراتیژێکی گرنگن و وتی: کات پێویستە، چونکە ژمارەی نەخۆشەکان زۆر زۆرە و لە ناوچەکانی ئێمەشدا ئەم جۆرە ناوەندانە کەمن،  هیواکەم ئەوەیە کە ناوەندەکانی چارەسەریی فیزیایی زیاد بکەین و پەروەردەی تەندروستی لەسەر چارەسەری فیزیایی بە کۆمەڵگە بدرێت بۆ ئەوەی گرنگییەکەی بزانرێت، بۆ بینینی ئەنجامەکان، دەبێت ژمارەی نەخۆشەکان لەگەڵ ژمارەی ئەو نەخۆشانەی کە چارەسەر وەرگرتووە یەکسان بێت و هاوسەنگییەک هەبێت.

 

خواستی کۆمەڵگە

خوناڤ یونس، پزیشک پێویستییەکانی ئەو کۆمەڵگەیەی خستەڕوو کە خودی کۆمەڵگەژە لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا داوای کردبوو وتی: دوای چەندین ساڵ لە شەڕ، کۆمەڵگە ژینگەیەک و سەنتەرێک و شوێنێکی دەوێت کە بتوانن تەندروستی دەروونی خۆیان باشتر بکەن و چارەسەر بۆ کێشە دەروونی و تەندروستییەکانیان بدۆزنەوە، نەخۆشەکانی سەنتەرەکەم چارەسەر وەردەگرن، تەندروستی دەروونیشیان باشتر دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی باشە کە نەخۆشەکان خۆیان باسی دەکەن، بۆیە هیوای من ئەوەیە کە چارەسەری فیزیایی و بنکەکانی تەندروستی دەروونی لە ناوچەکەدا زیاتر بن.