ڕەفتاری کۆمەڵگە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزم

منداڵانی توشبووی ئۆتیزم مافی ژیانیان وەک منداڵێکی ئاسای لێسەندراوەتەوە بوونەتە قورساییەک بۆ سەر خێزانەکانیان، نەبوونی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەشدا هۆکارێکی ترە بۆ قورسبوونی ژیانی توشبووانی ئۆتیزم

منداڵانی توشبووی ئۆتیزم مافی ژیانیان وەک منداڵێکی ئاسای لێسەندراوەتەوە بوونەتە قورساییەک بۆ سەر خێزانەکانیان، نەبوونی ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگە و  چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو منداڵانەشدا هۆکارێکی ترە بۆ قورسبوونی ژیانی توشبووانی ئۆتیزم.

 

شنیار بایز

سلێمانی- ئۆتیزم جۆرێکە لە نەخۆشیەکی درێژخایەنی بۆماوەیی کە کێشە لە کۆئەندامی دەماری منداڵدا دروستدەکات، واتە تێکچونێکە لە گەشەکردنی هزری منداڵ، ناتوانێت کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوت و گفتوگۆکردن بکات، هەر بۆیە ڕەفتاریان نامۆ دەردەکەوێت، لە تەمەنی یەک ساڵییەوە لە منداڵەکەدا دەردەکەوێت، زیاتر منداڵانی کوڕ دووچاری توشبوون بەم نەخۆشیە دەبنەوە بە جۆرێک توشبوونی منداڵێکی کچ بەرامبەر چوار منداڵی کوڕە.

توشبوون بە ئۆتیزم لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی تر دەگۆڕدرێت، هەندێکیان نیشانەکانیان لاوازە ئەم جۆرە دەتوانن بە شێوەیەکی ئاسانتر چارەسەر بکرێن و ئاسایی ژیان بەڕێبکەن بەڵام هەندێکی تریان حاڵەتەکانیان تایبەتە و زیاتر ڕێژەی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوتووە کە ئەم جۆرە زیاتر پێویستیان بە کەسانی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن درێژە بە ژیانیان بدەن.

 

هەروەها پزیشکان دەڵێن ئەو منداڵانەی لە قۆناغی سەرەتای توشبوونیاندا نەخۆشییەکەیان دەستنیشان دەکرێت و چارەسەر وەردەگرن مێشکیان باشتر گەشە دەکات و لە ڕووی ڕەفتار و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانەوە باشتر دەبن.

لە بنەڕەتدا ئۆتیزم وشەیەکی یۆنانیە و بە مانای گۆشەگیری دێت هەروەها مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٣ کە دکتۆر لیۆکارنەر پسپۆری نەخۆشی دەروونی منداڵان هەموو نیشانەکانی نەخۆشیەکەی دۆزیەوە.

نەخۆشی ئۆتیزم پۆلێن دەکرێت بۆ چوار جۆر کە بریتین لە "ئۆتیزمی نائاسایی، ئۆتیزمی ناساده‌، ئۆتیزمی مامناوه‌ند و ئۆتیزمی توند"، لە ساڵی ٢٠٠٧ دا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢ی مانگی نیسانیان وەک ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم ناساند.

 

جگە لە بۆماوە چی تر هۆکارە بۆ توشبوونی منداڵان بەم نەخۆشیە؟

جگە لە بۆماوە هۆکاری بایۆلۆجی و کیمیایی کە بریتییە لە بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنەکانی سیرۆتۆنین، دۆپامین، ئیپنیفیرین و نورئیپنیفیرین، هەروەها هۆکاری ژینگەیی وەک بەرکەوتن بە ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەکان لەماوەی دووگیانیدا کە ئەگەری توشبوونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم زیاد دەکات، گەورەیی تەمەنی دایک و باوک لە منداڵ خستنەوەدا ئەگەرێکی تری لەدایکبوونی منداڵی ئۆتیزمە.

هەرچەندە منداڵانی ئۆتیزم گرفتی هزریان هەیە و ناتوانن وەک منداڵێکی ئاسای هەڵسوکەوت بکەن بەڵام هەیانە زیرەکیەکی سروشتیان هەیە، بەڵام بە ڕێژەی لە ٪٧٠ بیرکۆڵن.

 

دۆخی منداڵانی ئۆتیزم لە کوردستاندا چۆنە؟

چیمەن سەلیم، دایکی منداڵێکی ئۆتیزمە لە هەمان کاتدا ئەندامێکی خۆبەخشی کۆمەڵەی ئۆتیزمی کوردستانە لە لقی سلێمانی، باس لە قورساییەکانی ژیانی دەکات لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەکەی و بە ئاژانسی ژنها دەڵێت: " لە ساڵی ٢٠٠٩ کۆمەڵەی ئۆتیزم دامەزراوە، دایک و باوکی منداڵانی ئۆتیزم بە خۆبەخشی ئەم کۆمەڵەیە بەڕێوە دەبەن و لە ساڵی ٢٠١٢ لەم کۆمەڵەیەدا کار دەکەم بۆ بەدەست هێنانی مافی منداڵانی ئۆتیزم کە لە ئێستادا لە هەموو مافەکانی ژیان بێبەشن".

چیمەن دەڵێت: بۆیە خۆبەخشانە کار دەکەم تا کەمێک بتوانم دەروونم ئارام بێت، دایک و باوکی تر دەبینم هەمان هەستیان هەیە و منداڵی ئۆتیزمیان هەیە کەمێک دەردە دڵ دەکەین و ئاسودە دەبین و لەیەکتر تێدەگەین.

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: "ئێمە وەک خێزانەکانی منداڵانی ئۆتیزم لە کۆمەڵگە دابڕاوین، منداڵەکانمان هیچ خزمەتگوزاریەکیان بۆ دابین نەکراوە تەنها موچەیەکی کەمیان هەبوو کە لە ئێستادا ئەوەش نەماوە و لە ٢٠١٣ ڕاگیراوە، لە کۆی ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ منداڵی ئۆتیزم لە سنوری شاری سلێمانیدا تەنها ٧٣ منداڵ موچەی هەیە".

 

بە کەم سەیرکردنی کۆمەڵگە بۆ ئەو منداڵانە خێزانەکانی ناڕەحەت کردوون

چیمەن سەلیم ئاماژە بەوە دەکات، هیچ شوێنێک نییە منداڵەکانمانی بۆ بەرین بتوانن کەمێک ئاسودەبن یاخود کەشوهەوایەک بگۆڕن بۆ هەر شوێنێکیان دەبەین خەڵکی پێمان دەڵێن بۆ ئەیانهێننە دەرەوە، یاخود دەڵێن کە حاڵتان وایە بەدەست منداڵەکانتانەوە بۆ یەن بۆ شوێنە گشتیەکان، زۆر کاتیش دەڵێن کە منداڵەکەتان شێتە، بۆیە خێزانی منداڵانی ئۆتیزم مەجبورن منداڵەکانیان ببەستنەوە.

ئەو دایکە دەڵێت: زۆر کات هەبوو منداڵەکەم بە کەلەپچە بەستووەتەوە لە ماڵەوە کە ئەمە هیچ مرۆڤایەتیەکی تێدا نییە بەڵکو دەبێت ئەو منداڵانە شوێنی تایبەت بە خۆیان هەبێت، ئەم هۆکارانە وای کردووە خێزانەکان دووچاری لێک ترازان و جیابوونەوە دەبنەوە بەهۆی منداڵە نەخۆشەکەیانەوە و هەندێک کات توشی نەخۆشی دەروونی دەبن.

چیمەن دەڵێت: کۆمەڵگە هیچ هۆشیاریەکی نییە بەرامبەر بەو منداڵانە و داوا دەکەم چیتر وشەی شێتیان بۆ بەکار نەهێنن و بە چاوی بەزەییەوە سەیرمان نەکەن.

 

نەبوونی سەنتەری تایبەت و مامۆستای پەروەردەی تایبەت دۆخی منداڵەکانی بەرەو خراپتر بردووە

زمکان کۆسار توێژەری دەروونی و مامۆستای منداڵانی پەروەردەی تایبەت باس لە دۆخی منداڵانی ئۆتیزم دەکات کە ئەو منداڵانەی ئۆتیزمیان هەیە زۆر بە ئاسانی دەتوانین جیایان بکەینەوە چونکە شێوازی هەڵسوکەوتیان جیاوازە لە منداڵانی دیکە، هەبوونی مامۆستای پەروەردەی تایبەت گرنگە تا منداڵان بتوانن چاراسەرێکی پەروەردەیی وەربگرن.

زمکان ئاماژە بەوە دەکات: ئێمە وەک مامۆستایانی پەروەردەی تایبەت دەتوانین زیاتر لەو منداڵانە تێبگەین و ڕاهێنانیان پێبکەن، دەتوانین منداڵەکان فێری پێداویستە سەرەتاییەکان بکەین وەک ددان شتن، دەم و چاو شتن، پاشان بە وێنە دەتوانین فێری شتە سەرەتاییەکانیان بکەین و دواتر وانە سەرەتاییەکانی بیریکاری و کوردیان فێر بکەین"، دەشڵێت "فێربوون بۆ منداڵانی ئۆتیزم قورسترە وەک لە منداڵێکی ئاسای بۆیە هەڵسوکەوت کردن لەگەڵیاندا قورسە، بۆیە دەبێت مامۆستاکە شارەزایی زیاتری هەبێت و گرنگی زیاتر بە منداڵەکان بدات".

 

هۆشیاری خێزانەکان هاوکارە بۆ منداڵەکان تا بتوانن ژیان بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێ بکەن

زمکان باس لەوە دەکات " بەشێکی زۆری دایک و باوک هۆشیاریان نییە و پێیان عەیبە منداڵەکەیان ئۆتیزمێتی و دەیشارنەوە، پێیان قبوڵ ناکرێت و وەک  منداڵێکی ئاسای سەیری ناکەن بەڵکوو بە منداڵێکی کەم ئەندام سەیری دەکەن کە ئەمەش هەڵەیە و دەبێت دایک و باوک خۆی یەکەم کەس بێت بۆ پشتیوانیکردنی منداڵەکەی تا کۆمەڵگەش نەتوانێت بە چاوی کەم سەیری ئەو منداڵانە بکات".

ئەو توێژەرە ئاماژە بەوە دەکات: لە ئێستادا تێروانینی کۆمەڵگە خراپە و دەتوانین بڵێن سفرە هەر تاکێک منداڵێکی ئۆتیزم دەبینێت بە چاوێکی کەم سەیری دەکات، زمکان کۆسار باس لە چارەسەری ئەم کێشانە دەکات "پێویستە هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە لە قوتابخانەکان و هۆیەکانی ڕاگەیاندن تا کۆمەڵگە بتوانێت حاڵەتی لەم شێوەیەی پێ ئاسای بێت و قبوڵی بکات، هەروەها ئەرکی حکومەتە مامۆستایانەی پەروەردەی تایبەت دابمەزرێنێ تا بتوانن منداڵانی ئۆتیزم پەروەردەیەکی باشتر وەربگرن".

 

چیمەن سەلیم، ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە گرنگی بە منداڵانی ئۆتیزم بدات

دایکی منداڵە ئۆتیزمەکە ئاماژە بەوە دەکات حکومەت هیچ گرنگیەک بە منداڵانی ئۆتیزم نادات، پێویستە لیئژنەی پزیشکی دابین بکات بۆ چاودێری کردنی تەندروستی منداڵەکان، مافی منداڵەکانمانە بچە شوێنێک کە بتوانن کەمێک ئاسودەبن تێیدا، حکومەت هیچ پێویستەیک بۆ منداڵەکانمان دابین ناکات بگرە پارەی حکومەت تەنها بۆ بەسەربردنی شتی نا پێویست و بڵاوکردنەوەی خراپەکارییە.

بونی سەنتەری ئۆتیزم زۆر گرنگە کە بە هەوڵی ئێمە توانیمان سەنتەرێک بکەینەوە بەڵام تا ئەو کاتەی سەنتەرەکە کرایەوە منداڵەکانی ئێمە گەورە بوون و وتیان تەمەنەکەی شمولی ناکات وەری بگرین، لەو سەنتەرەدا منداڵانی تەمەن ٨ بۆ ١٢ ساڵ وەردەگیرێت هەروەها ژمارەیەکی دیاریکراو وەردەگرن لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ منداڵ، هەروەها هەبوونی مامۆستای پەروەردەی تایبەت بەشێکی ترە لە پێویستەیانمان کە گرنگە بتوانین منداڵەکانمان لە ڕێی مامۆستاکانەوە کەمێک دۆخیان باشتر ببێت.

چیمەن باس لەوە دەکات "ترسمان هەیە منداڵەکانمان دوای خۆمان بکەونە سەر جادە و توشی دەستدرێژی سێکسی ببنەوە و یاری بە جەستەیان بکرێت، بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتانەش هەڵوێستمان هەبووە و چوینەتە لای وەزیر تا جێگەیەکمان بۆ دابین بکات وەک خەڵوەتگەی پیری بۆ ئەوە منداڵەکانمان دوچاری ئەم حاڵەتانە نەبنەوە بەڵام هیچ جوابێکمان وەرنەگرتووە".

 

ت.پ