چۆن فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ڕووداوێکی لەناکاو دەکەیت؟
لەکاتی ڕوودانی ڕووداوی کتوپڕدا پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی جێبەجێ بکرێت تا ئەو کاتەی کەسی تووشبوو دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە، ئەمەش پێویستی بە شارەزایی هەیە، فریاگوزاری ئەرکێکی سەخت نییە بەڵام پێویستی بە لێهاتووی و خێرای هەیە.

شنیار بایز
سلێمانی- هەندێک ڕووداوی لەناکاو هەن کاتێک ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە، دەبێتە هۆی شڵەژانی دەوروبەرەکەی، وەک پڕۆسەیەکی پێشوەختە پێش گەیاندنی نەخۆش بە نەخۆشخانە پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ ئەنجامبدرێت دوور لە شڵەژان و ترسان.
لە هەندێک کاتدا کەسی زیانبەرکەوتوو ئەگەری هەیە نەگاتە نەخۆشخانە و گیان لەدەستبدات، بۆیە پێویستە هۆشیاری و شارەزایی دەربارەی فریاگوزاری سەرەتاییەکان هەبێت، ئەمەش دوو جۆرە، جۆرێکیان تایبەتە بە وەرزش و لە پێشتردا لە ڕاپۆرتێکدا باسمان لێوەکردووە، جۆری دووەم، ئەو حاڵەتە کتوپڕانەیە لە ژیانی گشتیدا ڕوودەدەن.
لێرەدا باس لەو دۆخانە دەکەین کە لە ژیانی ڕۆژانەدا ڕوودەدەن و پێویست دەکات ڕاستەوخۆ فریاگوزارییان بۆ ئەنجامبدرێت، تا دۆخی تەندروستی کەسەکە خراپتر نەبێت، حاڵەتەکانیش بریتین لە "گەشکە، تاو بردن، ژەهراوی بوون، سوتان، لێدانی تەزووی کارەبا و پێوەدانی زیندەوەران".
گەشکە
یەکێکە لەو بارودۆخە نەخوازراوانەی توشی مرۆڤ دەبێت و بە تایبەت منداڵ، بەهۆى بڵاوبوونەوەى شەپۆلێک لە تەزووى کارەبایى بە نێو خانەکانى توێکڵى مێشکدا بەشێوەیەکى توندتر لە باری ئاسای ڕوودەدات و دەبێت هۆی تێکچوونی فرمانی دەمار و دڵ، بەشێوەیەک نەتوانێت خوێن و بڕی پێویست لە ئۆکسجین بگەیەنێتە کۆئەندامە هەستیارەکانی لەشی مرۆڤ.
گەشکە دەکرێت هەموو توێکڵی مێشک داگیر بکات و دەشکرێت تەنها بەشێکی توێکڵی مێشک بگرێتەوە، هەندێک کات نەخۆشەکە لە کاتی توشبوون بە گەشکە هۆشی لەسەر خۆیەتی و هەندێک کاتیش بێ هۆش دەبێت.
هەندێک هۆکار هەن وا لە مرۆڤ دەکات توشی گەشکە ببێت وەک، تێکچوونی کارەبای مێشک، خاوبوونەوەی فرمانی دڵ لە ناردنی خوێن بۆ ئەندامەکانی لەش، خوێن بەربوون بە ڕێژەیەکی زۆر کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی خوێن و شلەمەنی لەش، توشبوون بە نەخۆشی سەکتەی دەماخ. بوونی کیسی وەرەم لە مێشکدا.
نیشانەکانی توشبوون بە گەشکە و چارەسەرییەکانی
لە کاتی توشبوون بە گەشکە کرداری هەناسەدان خاو دەبێتەوە، کەسەکە ناتوانێت کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، لێدانی دڵ خێرا دەبێت و ناردنی خوێن نزم دەبێتەوە، کەسەکە توشی ڕشانەوە و تێکچوونی گەدە دەبێت هەروەها ئارەقێکی زۆر دەکاتەوە و هەست بە تینوێتیەکی زۆر دەکات، گلێنەی چاو فراوان دەبێت و کەسەک توشی لە هۆش چوون دەبێت.
بۆ چارەسەرکردنی دۆخێکی لەم شێوەیە، پێویست دەکات کەسەکە پاڵ بخرێت و گەرمی لەشی بپارێزرێت بە شێوەیەک پلەی گەرمی لەش لەگەڵ ئەو شوێنەی لێیەتی یەک پلە بن، پێویست دەکات شلەمەنی بە تایبەت ئاو بدرێتە کەسی توشبوو، هەروەها وا لە کەسە بکرێت هەناسەی قوڵ هەڵبمژێت و قسەی لەگەڵ بکرێت تا دێتەوە هۆشی خۆی.
تاو بردن - گەرمابردن
کاتێک پلەی گەرمی زیاد لە ڕێژە ئاساییەکەی خۆی بەرز دەبێتەوە، مرۆڤ بەردەوام ئارەق دەڕێژێت تاکو پلەی گەرمی لەش ببێتەوە ٣٧.٥ پلەی جێگیر، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسێک بەردەوام بوو لە ئارەق ڕشتن لە ژێر ئەو پلە گەرمییەشەوە، کاتێک ئارەقکردنەوەی دەوەستێت توشتی گەرما بردن دەبێت و دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی ئاو، خوێ و کانزاکان لە لەشیدا.
نیشانەکانی گەرما بردن بریتین لە ڕەنگی پێست سوور هەڵدەگەڕێت، کەسی توشبوو بە گەرما بردن ڕەفتار و کرداری نامۆ دەبێت و کۆنتڕۆڵی جەستەی پێناکرێت، چاوەکانی خێل و سور دەبن، زمانی لە کاتی قسەکردندا دەگیرێت.
چارەسەرییەکانی چین؟
دەتوانرێت بە شێوەیەکی خێرا فریاگوزاری بۆ کەسەکە ئەنجام بدرێت ئەویش لە ڕێگەی پاڵخستنی کەسەکە بە شێوەیەک قاچی بەرزکرێتەوە و بەرزتربێت لە ئاستی دڵ، ببرێت بۆ جێگەیەکی فێنک یاخود دەتوانرێت بە داپۆشینی لە ڕێگەی پارچە قوماشێکی تەڕەوە کەسەکە فێنک بکرێتەوە، پێویست دەکات ئاو و خوێی پێبدرێت بەشێوەیەکی لەسەرخۆ، نابێت هیچ جۆرە دەرمانێکی ئازار شکێنی بۆ بەکاربهێنرێت.
ژەهراوی بوون
لە چەند ڕێگەیەکەوە مرۆڤ ژەهراوی دەبێت جا لە ڕێگەی ماددەی کیمیایی بێت، خواردن بێت یاخود ژەهری سروشتی زیندەوەران، هەریەکێکیان بێت دواجار هەر ژەهرە و دەچێتە ناو لەشی مرۆڤ و دەبێت هۆی تێکچوونی فرمانەکانی کۆئەندامەکانی لەش.
کەسی توشبوو بە ژەهر بەردەوام سکی دەچێت، توشی ڕشانەوە و سوڕانی سەر دەبێت، لێدانی دڵی و هەناسەدانی زیاد دەکات، توشی ئازاری سک دەبێت و گلێنەی چاوی بەرتەسک دەبێتەوە، ژەهر دەبێتە هۆی ڕەق بوون و وشک بوونەوەی ماسولکەکانی لەش و بەڕێژەیەکی زۆر ئارەق بە کەسەکە دەکاتەوە، زۆر کات پلەی گەرمی لەشی بەرز دەکاتەوە.
چارەسەرییەکانی ژەهراوی بوون
لەکاتێکدا هۆکاری ژەهراوی بوونەکە خوراک یاخود دەرمان بوو، پێویست دەکات ڕاستەوخۆ کەسە بڕشێنرێتەوە لەلایەن ئەو کەسەی فریاگوزارییەکەی بۆ ئەنجام دەدات، پاشان پەرداخێک بۆ دوو پەرداخ شیری پێبدرێت چونکە شیر ڕێژەیەکی زۆر لە ژەهر دەمژێت و ناهێڵێت بچێتە دەمارەکانی لەشەوە.
ئەگەر ماددە پترۆکیمیاییەکان وەک گاز، بەنزین و نەوت، بوونە هۆی ژەهراوی بوونی کەسە، نابێت کەسی تووشبوو بڕشێتەوە، بەڵکو دەبێت فریاگوزار هەوڵبدات ڕۆنی زەیتی پێبدات بۆ ئەوەی بیخوات و توشی سکچوونی بکات، لە ڕێگەی سکچوونەوە ماددە پترۆکیمیاییەکان لە گەدەیدا نامێنێت.
سوتان
سوتان تێکچونێک لە پێست و بەشەکانی ژێر پێست دروستدەکات، بەهۆی گەرمای وشک، ئاوی گەرم، سوتانی كیمیاوی، سوتان بەهۆی كارەبا و تیشک و سەرمایەكی زۆر مرۆڤ توشی دەبێت، سوتان سێ جۆری هەیە جۆری یەکەم تەنها پێست دەسوتێت، جۆری دووەم توشی پێست و بەشەكانی ژێر پێست دەبێت، جۆری سێیەمیش توشی پێست و بەشەکانی ژێر پێست دەبێت تا دەگاتە ئێسک.
کاتێک کەسێک دەسوتێت بە هیچ شێوەیەک نابێت جل و بەرگەکەی بەری دابکەنرێت تا دەمارەکان و خانەکانی پێستی نەشێوێت، کە ئەوە هەڵەیەکی باوە ئەنجام دەدرێت، نابێت دەست بدرێت لە شوێنی سوتاوییەکە و بڵقی سوتاوییەکە بتەقێنرێت.
زۆربەی کات لەکاتی سوتاویدا سەهۆڵ و ماست و دەرمانی ددان بەکار دەهێنرێت، ئەمەش کاریكی هەیە و دەبێت تەنها ئاوی سارد بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەکاربهێنرێت.
نابێت برین پێچ بەکاربهێنرێت بۆ بەستنی شوێنی سوتاوییەکە، پێویستەتەنها بە پارچە قوماشێکی پاک دابپۆشرێت.
لێدانی تەزووی کارەبا
لە کاتێکدا جەستە بەر کارەبا دەکەوێت و تەزووی کارەبا بەناو جەستەدا تێپەڕدەبێت، دەبێتە هۆی ڕاگرتنی فرمانەکانی لێدانی دڵ و کرداری هەناسەدان و فرمانەکانی دەمارەکانی مێشک، هەندێک کات دەبێت هۆی سوتانی لەشی بەرکەوتووەکە.
لە کاتێکدا دەبینیت کەسێک توشی دۆخێکی لەم شێوەیە بووە پێویست دەکات سەرچاوەی سەرەکی کارەباکە بکوژێنرێتەوە، دورخستنەوەی کێبڵی کارەباکە بە مادەیەک ئاسن نەبێت، هەروەها دەبێت کەسی بەرکەوتوو بە تەزووەکە دوربخرێتەوە ئەویش بە بەکارهێنانی دەستکێش یاخود پەڕۆ.
پێوەدانی زەیندەوەران
زۆرجار لە کاتی گەشت و سەیراندا ڕووبەڕووی پێوەدانی زیندەوەران دەبینەوە، ئەشێت زیندەوەرەکە مار بێت یاخود دووپشک و هەر شتێکی دیکە، لەم کاتەدا پێویستە فریاگوزاری سەرەتایی بۆ کەسەکە ئەنجام بدرێت، پێوەدان بە پێی جۆر و شێوەی پێوەدانەکە دەگۆڕدرێت.
پێوەدانی زیندەوەران دەبێتە هۆی دروستبوونی ئازارێکی زۆر و ئاوسان و سور بوونەوە لە شوێنی پێوەدانەکە، کەسی بەرکەوتوو گلێنەی چاوی بچوک دەبێتەوە و مەودای بینینی بەرتەسک دەکاتەوە، هەروەها توشی ڕشانەوەی دەکات، جگە لەمانەش کەسی بەرکەوتوو ئارەق زۆر دەکاتەوە و هەست بە تینویەتی زۆر دەکات، کەسەکە ناتوانێت ماسولکەکانی لەشی بجوڵێنێت.
دەکرێت زیندەوەرەکان لە کاتی پێوەداندا جیاواز بن، هەر بۆیە چارەسەرکردنیان لە ڕێگەی فریاگوزاری سەرەتاییەوە جیاواز دەبێت، بۆ نمونە ئەگەر دووپشکێک بوو، پێویست دەکات شوێنی پێوەدانەکە بە ئاوی فێنک بشۆردرێت و پاشان سەهۆڵی بخرێتە سەر بۆ ماوەی ١٠ خولەک، ٥ سم سەروو شوێنی پێوەدانەکە ببەسترێت، کەسی بەرکەوتوو ڕاستەوخۆ دەبێت بگەیەنرێت نەخۆشخانە.
بەڵام ئەگەر زیندەوەرەکە مار بوو، کەسی بەرکەوتوو ئەگەر جلێکی تەسکی لەبەردابوو دەبێت لەبەریدا دەکەندرێت، پێویستە شوێنی پێوەدانەکە جێگیر بکرێت بە پارچە دارێک یاخود برین پێچ بۆ ئەوەی ژەهرەکە زیاتر بڵاو نەبێتەوە بە لەشی بەرکەوتووەکەدا.
نابێت کەسەکە بڕوات لەسەر پێی ئەگەر شوێنی پێوەدانەکە پێیەکانی بوو، هەروەها بەکارهێنانی سەهۆڵ و مژینی شوێنی پێوەدانەکە کارێکی هەڵەیە ئەنجام بدرێت.
ت.پ