پەرەسەندنی بەڵێنەکانی دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین واتای چییە؟
سەرەڕای هەڵکردنی ئاڵا و دەرکردنی ڕاگەیاندراو، هاوڵاتیانی غەززە بەردەوامن لە ئازاری کوشتن و ئاوارەبوون و برسێتی، هاوبەشی نێودەوڵەتی کە لە لێدوانەکاندا سنووردارە، هیچ هەنگاوێکی ڕاستەقینەی بۆ ڕاگرتنی شەڕی ئیسرائیل نەگرتۆتەبەر.

ڕەفیف ئیسلیم
غەززە- لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کە زیاتر لە دوو ساڵە بەردەوامە، دەنگی ئەو وڵاتانەی کە بەنیازن دان بە دەوڵەتی فەڵەستین بنێن، بەرز دەبێتەوە، ڕوون نییە کە ئایا ئەم بەڵێنانە وەڵامێکی سروشتین بۆ ئەو تاوانانەی کە هێزەکانی ئیسرائیل ئەنجامی دەدەن، یان تەنها ئامرازێکە بۆ هێورکردنەوەی توڕەی ئەو کەسانەی کە بێزارن لە بینینی ئەو خوێنڕشتنەی ڕۆژانە لەسەر شاشەکانیان دەڕژێت.
هاوپشتی نێودەوڵەتی
رەنین وەزیر، لێکۆڵەری کاروباری سیاسی، وتی: لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، کەرتی غەززە شایەتحاڵی هاودەنگییەکی بەرچاوی عەرەبی و نێودەوڵەتی بووە، کە ئەو پاڵپشتییەی تێپەڕاندووە کە لە کاتی هێرشەکانی پێشوو بۆ سەر شارە گەمارۆدراوەکەدا بینراوە، کە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دڕندەی هێرشەکانی ئیسرائیل کە نەخۆشخانە و مزگەوت و کڵێسا و هاوڵاتیانی مەدەنییان کردە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەنێو دیارترین جۆرەکانی هاودەنگی نێودەوڵەتی کە سەریان هەڵدا، خۆپیشاندانەکان بوون کە تێیدا کوفیە و ئاڵای ف،ەستین بەرزکرایەوە، کە بەسەر وڵاتانی عەرەبی و زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا گرتەوە، سەرەڕای قەدەغەکردن و پێکدادانی ناوبەناو لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکان، ئەم خۆپیشاندانانە بەردەوام بوون وەک ئامرازێک بۆ فشار لەسەر ئیسرائیل و ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە دەکەن.
سەبارەت بە حکومەتەکان، رەنین وەزیر ڕوونیکردەوە، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی کەرتی غەززەیان کردووە و هەوڵی سەپاندنی سزایان بەسەر ئەو هێزانەی ئیسرائیلدا داوە کە سەربازەکانیان شانازی بە گرتنی وێنەی وێرانکاری و کوشتن و بڵاوکردنەوەیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی دا دەکەن، کە ئەمەش وایکردووە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەناوی هەردوو ئەم سەربازانە و ئەفسەرانەوە سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.
پێی وایە کە هەردوو پێگەی عەرەبی و بیانی بە بەراورد بە قەبارەی کوشتن و برسێتی و ئاوارەبوونی زۆرەملێ بەس نین، بۆیە تاکە چارەسەر ئەوەیە کە ئەو جینۆسایدە ڕابگیرێت کە ڕۆژانە لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە غەززە ئەنجام دەدرێت و ڕێگە بدرێت بە ڕۆیشتنی هاوکارییەکان و بە لانیکەم ژێرخانی ئاوەدانکردنەوە بونیاد بنێنەوە، بۆ ئەوەی ژیان بەرە بەرە ئاسایی بێتەوە بۆ ئەو کەسانەی لە غەززە زیانیان بەرکەوتووە.
"داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین مافی گەلە"
جەختی لەوە کردەوە، کە داننان بە دۆزی فەڵەستین لەم کاتەدا مافی هاوڵاتیانی ئازارچێشتوو و خەمبارەکانە، بە تایبەت دوای ئەوەی ژمارەی کوژراوان هەزاران کەسی تێپەڕاند، ئەمە جگە لە بریندار و بێسەروشوێنەکانی ژێر داروپەردوو، هەروەها ئازارەکانی ئاوارەبوون لە باشووری کەرتی غەززە، تەنها چەند مانگێک دوای گەڕانەوەی هاوڵتیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بوو کە هێزەکانی ئیسرائیل بڕیاریان دا ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی لە دڵی شارەکەدا دەستپێبکەن و ملیۆنێک و نیو کەسی لێ دەربکەن، بە پشتگوێخستنی هەژاری و ئەو ڕاستییەی کە توانای کڕینی چادر و ئامرازێکی گواستنەوەیان نەبووە.
رەنین وەزیر، جەختی لەوە کردەوە، کە گەلی فەڵەستین وەک گەلانی دیکەی جیهان مافی ئەوەی هەیە بە ئاستی و کەرامەتەوە بژی، ئەوەی تا ئەمڕۆ لەدەستیان داوە بەسە بۆیان، بۆیە شایەنی ئەوە نین هیچ شتێکی تر لەدەست بدەن، چ ماددی بێت یان ئەخلاقی، بۆ ئەوەی دەستکەوت و مافەکانیان وەربگرنەوە، وتی: زۆر کەس و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ هەوڵدەدەن بە سەرکردایەتیکردنی کەشتییە دەریاییەکان یارمەتیان بدەن بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر غەززە، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل دەستگیریان دەکەن و تەقە لە گروپەکانیان دەکەن، وەک مادلین و ئەوانی دیکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەو هەوڵانە تاکەکەسییە، بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بن، دەبێت حکومەتەکان پاڵپشتییان بکەن بۆ ئەوەی یاساییان پێبدەن و هەوڵبدەن پەیامێک بۆ هێزەکانی ئیسرائیل بنێرن کە برسێتی سیستماتیکی و ئەم شێوازە کوشتنە ڕەتدەکەنەوە کە تا ئەمڕۆ سەدان ژن و منداڵ و تەنانەت پیاوانیشی گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە هەڵمەتەکانی پشتیوانی ئۆنلاین، رەنین وەزیر ڕوونیکردەوە، لەم دواییانەدا دەیان ماڵپەڕ لەلایەن سایتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتیەوە کرانە ئامانج، کە ناوەڕۆکەکانیان بلۆک کرا، چونکە ئەوان پشتگیریان دەکرد و لە تەنیشت کەرتی غەززە وەستابوون، ئەمەیە کە دەزگا میدیاییە گەورەکان و ژنانی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی ژنان و چالاکاونی مافی مرۆڤ دێنە ناوەوە بۆ ئەوەی ڕۆشنایی بخەنە سەر ئەوەی لە شارە گەمارۆدراوەکەدا ڕوودەدەن و ئەم کۆمەڵکوژییانە بڵاوبکەنەوە.
"تەنها یەکگرتوویی هاوکێشەکە ناگۆڕێت"
دانە حەبوب، لێکۆڵەری کاروباری سیاسی پێی وایە دۆزی فەڵەستین ئەمڕۆ ڕووداوێکی تێپەڕ نییە لە هەواڵەکاندا، بەڵکو بووەتە بەشێک لە گفتەگۆی سیاسی و ئەخلاقی جیهانی، کە ئەمەش دەرئەنجامی گۆڕانکارییە لە هۆشیاری هەردوو گەل و دامەزراوەکان.، هەروەها بە ڕوونی لە هاودەنگی جیهانیدا لە شەقام و گۆڕەپانە گشتییەکان و تەنانەت لە نێو خوێندکارانی زانکۆشدا دیارە، بەو پێیەی گێڕانەوەی فەڵەستینی بووەتە گێڕانەوەی باڵادەست.
سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمی حکومەتەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەوە تەواو پێچەوانەکەی نیشان دەدات، ئەم حکومەتانە هەڵوێستێکی یەکگرتوویان دەرنەبڕیوە سەبارەت بە ڕادەی ئەو جینۆسایدەی کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە ئەنجام دەدرێت و خۆیان سنووردار کردووە بە لێدوانی تاوانبارکردن و شەرمەزارکردنی ئەو تاوانانەی کە لەو شارەدا ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ زنجیرەیەک دانپێدانان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەم دواییانەدا لەلایەن هەندێک وڵاتەوە دەستیپێکردووە، وەک پورتوگال و بەریتانیا و لە ماوەی داهاتوودا ئوسترالیا، کەنەدا، فەرەنسا، بەلجیکا، ماڵتا، لۆکسمبۆرغ، ئەندۆرا و سان مارینۆ بەدوایدا دێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە ئەم دانپێدانانە تەنها پرۆتۆکۆڵێکی دیپلۆماسی نین، بەڵکو ئاماژەیەکی ڕوونن کە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەست دەکەن بە دووبارە سەیرکردنەوەی یاسای دەوڵەتی فەڵەستین وەک ڕاستیەکی سیاسی هەبوو، پرسیاری ئەوەی لێ کرد، ئایا ئەمە بەسە نەبێت، بەتایبەتی کاتێک ئێمە گەمارۆو برسێتیکردنی شارەکە و تاوانەکانی جینۆساید کە لە هەر خولەکێکدا ئەنجامدەدرێن، ئاوارەبوونی زۆرەملێ و ئەو دەیان تاوانی جەنگەی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە لە غەززە ئەنجامدەدرێن، لەبەرچاو دەگرین؟
جەختیشی لەوە کردەوە، کە هاوپشتی بە تەنها هاوکێشەکە ناگۆڕێت، بەڵکو ژینگەیەکی سیاسی نوێ دادەمەزرێنێت و یاسای دۆزی فەڵەستین لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەرز دەکاتەوە، کە ئەم بناغەیە دەتوانرێت لەسەری بەنیاد بنرێت دوای گرتنەبەری ستراتیژییەکی یاسایی و ئابووری و دیپلۆماسی بۆ گۆڕینی ئەنجامی بەرجەستە.
دانە حەبوب ڕوونیشی کردەوە، کە فەڵەستینییەکان ئێستا دەبێت هێڵی سووری ڕوون دابنێن، بە مەرجی هەر دانپێدانانێک بە مافەکان لەلایەن مسۆگەری نێودەوڵەتییەوە کە پارێزگارییان لێدەکات و ڕێگری لە هەڵوەشانەوەیان لەسەر مێزی دانوستان دەکات، تەنانەت هەوڵەکانی شکاندنی گەمارۆکە لایەنی هێماداریان هەیە کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ ئامرازێکی فشار، لەگەڵ هەڵمەتە ئۆنلاینەکان کە دەتوانرێت بگۆڕدرێن بۆ کردەوەی ستراتیژی، فەڵەستینەیەکان تەنها بەدوای یەکدەنگیدا ناگەڕێن، بەڵکو بەدوای ستراتیژییەکدا دەگەڕێن بۆ گۆڕینی ڕەوتی پرسەکە، لەگەڵ ساتەکانی ئێستا کە هەستیارن و دەبێت یان وەبەرهێنانیان بۆ بکرێت یان بەفیڕۆ بدرێت.