سەرچنار عەبدوڵا: پێویستە ژنان بە مافی خۆیان پلەو پۆست وەربگرن

لە باشووری کوردستان ژنان چاوەڕیی سیستمی کۆتان، هەرچەندە سیستمەکە سودی بۆ ژنان هەبووە بەڵام دەبیت توانای ژنان دەربخرێت، سەرچنار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: پێویستە بە پێی چۆنیتی ژنان لەوێ بن نەوەک بە بەپێی چەندێتی.

میهرەبان سەلام

 

هەڵەبجە-  ژنان توێژێکی گرنگی کۆمەڵگەن و لە سەرجەم کایەکاندا بەشداریان هەیە کایەی سیاسیش یەکیکە لەو کایانەی کە ژنان بەشداری بەرچاویان هەیە ، بەلام ئەمە لەئاست توانای ژنان نییە، چونکە ڕێکخراوەکانی ژنان پێیانوایە لەسەر بنەمای تواناو وزەی ژنان دانانرین بەڵکو پلەو پایەی حزبییە.

 

لە باشووری کوردستان، بەراورد بە ڕابردوو ژنان ژمارەیان لە پۆستەکاندا زیادی کردووە، بەڵام بوونی ژن لە پۆستەکاندا  زیاتر "چەندێتی"یە نەک "چۆنێتی"، ژمارەیان زیاد کراوە بۆ جوانکردنی دیمەنی سیستەمەکە، دەسەڵاتی راستەقینەیان نییە بۆ گۆڕانکاری، هەمیشە چاوەڕێی بڕیاری سەرکردەی حزبەکانیانن کە پیاوانن، چونکە هەرگیز ڕێگە بە ژنان نەدراوە ببنە سەرۆکی حزبەکان.

 

سەبارەت بەم پرسە سەرچنار عەبدوڵا، ئەندام پەرلەمانی پێشوو لەسەر لیستی یەکگرتووی ئیسلامی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتی:کۆمەڵگەی ئێمە ڕێگری زۆر بۆ ژنان دروست دەکات و ناتوانن بگەن بە بڕیار، لەبەر ئەوە هاتوون سیستمی کۆتایان داناوەو بەتایبەت ئەوانەی شوینی بریاردانن دەبێت بە ڕێژەیەک لەوێ بێت ئەگینا  پێویستە بە پێی چۆنیتی ژنان لەوێ بن نەوەک بە بەپێی چەندێتی، ئەمە وادەکات ژن خۆی دروست بکات و وا لە دەنگدەر بکات دەنگی پێبدات.

 

"توانای ژنان وەک پێویست پیشان نادرێت"

سەبارەت بەوەی کۆمەڵگە بۆچی تواناکانی ژن نابینێت سەرچنار عەبدوڵا وتی: بەهۆی ئەوەی لە کۆمەڵگەی کوردی ژنان وەک پێویست ناتوانن تواناکانیان وەگەر بخەن دەبێت بۆ هۆکارەکەی بگەرێین، دوو هۆکار هەیە هۆکاریک کە پەیوەندی بە کەسێتیەوە هەیە  کە نەیتوانیوە تواناکانی وەگەڕ بخات، هۆکارەکەی تریش پەیوەندی بەو سیستمەوە هەیە کە دەسەلاتی هەیە لە هەرێمی کوردستان، پێویستە ژنان بە مافی خۆیان پلەو پۆست وەربگرن.

 

بۆ بەدیهینانی ئامانج پێویستە کاتمان هەبێت

سەرچنار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەکرد، بۆ ئەوەی ژنان بە ئامانجەکانیان بگەن پیویستە کاتیان پێبدرێت وتی: یەکەم شت ژنان لە خۆیانەوە دەستپێبکەن و بتوانێت ژنێکی بەتواناو بەهێز دروست بێت تاکو وێنای خۆی بکات لە سیستەمەکەدا، ڕاستگۆ بێت و متمانە بەدەستبهێینیت و کار لە سەر سیستمی گۆڕانکاری بکەین تاوەکو خزمەت بە کۆمەڵگە بکەین.